سێ گەنجی خێرخواز لە شارۆچکەی چەمچەماڵ پڕۆژەیەکیان ڕاگەیاندووە، تیایدا ئەو سێ گەنجە ئەوانەی تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوون لە شارۆچکەکە و شارەدێیەکانی دەوروبەری بێبەرامبەر دەیگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی و دەیگەڕێننەوە ماڵەکانی خۆیان.

ئاشداخ کوێخا ڕەوف گەنجێکی دانیشتووی چەمچەماڵە کە خاوەنی بیرۆکەکەیە و بۆ ڕۆژنیوز وتی: خۆم یەکێک بووم لەو کەسانەی نەخۆشی نەخۆشخانەی هیوام هەبووە، وەک هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی پڕۆژەیەکم ڕاگەیاندووە تیایدا لە ڕێگەی ئۆتۆمبێلی تەکسییەوە تووشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە لە شارۆچکەی چەمچەماڵ و دەوروبەرییەوە دەگوازینەوە بۆ نەخۆشخانەی هیوا بێبەرامبەر.
وتیشی: شەوی وا هەبووە کاتژمێر ٤:٣٠ سێ توشبووی نەخۆشی شێرپەنجە پەیوەندییان پێوەکردم کە بیانبەم بۆ نەخۆشخانەی هیوا، ئەو شەوە درەنگیش خەوتم، بەڵام هیچ هەستم بە ماندوو بوون نەکرد و وام هەست دەکرد زیاتر لە دە کاتژمێر خەوتووم.
ئەو گەنجە خۆبەخشە ڕوونیکردەوە، لەگەڵ ئەم پڕۆژەیەدا پڕۆژەیەکی دیکەیان هەیە، ئۆتۆمبیلێکیان هەیە پڕۆژەی ڕووناکی تیایە، بەڵام وەک پڕۆژەی ڕووناکییەکەی حکومەت نییە، ڕووناکی بۆ حەوت گۆڕستان دابین دەکەن، لە کاتی مردنی هەر کەسێک لە چەمچەماڵ ئەوان گۆڕی بۆ هەڵدەکەنن و ڕووناکی بۆ گۆڕستانەکە دابین دەکەن تا کسو کاری مردووەکە بەخێرهاتنی میوانەکان دەکەن.

محەمەد عاسی خاوەنی ئۆتۆمبلێکی تەکسییە و کاسبی پێوە دەکات، ئەویش لەناو پڕۆژەکەدایە، هەرکاتێک تووشبووانی شێرپەنجەوە پەیوەندیی پێوە بکەن، دەم و دەست دەچێت بە هانایانەوە و دەیانبات بۆ نەخۆشخانەی هیوا.
ئەو گەنجە خۆبەخشە بۆ ڕۆژنیوز وتی: کاک ئاشداخ پەیوەندی پێوەکردم و پێی وتم ئەو پڕۆژەیەم هەیە و ئۆتۆمبێلەکەی تۆ دادەنێین بۆ پڕۆژەکە و ڕۆژانە هەرکەس پێویستی بوو دەیگوازینەوە بۆ نەخۆشخانەی هیوا، تێچووی بەنزین و سەرجەم پێداویستیەکانی خۆم دەیگرمە ئەستۆ ، منیش پێم وت تۆ چی بڵێیت من ئامادەم، دواتر ئەم پڕۆژەیەمان ڕاگەیاند.
محەمەد باسی لەوە کرد، ئەوان سێ کەسن لە پڕۆژەکەدا و هیچ کاتێکیان دیاری نەکردووە، هەرکاتێک پەیوەندییان پێوە بکرێت، ئامادەن نەخۆشەکە بگەیەنن بە نەخۆشخانەی هیوا.
ئەوەی ئەو گەنجانە دەیکەن کارێکی خێرخوازی و کۆمۆنە کە کوردان بە درێژایی مێژوو یارمەتیی یەکتریان داوە و لە خۆشی و ناخۆشییەکاندا بەدەم یەکترەوە دەچن، دواجار ئەمە دەبێتەوە بە بنەمای بنیادنانەوەی کۆمەڵگەیەکی هاوکار و کۆمۆن.
هـ.ح