شەهید جیلان بەرجەس لە ٣ـی ئابی ٢٠١٤ لە جینۆسادی سەر شنگالدا لەلایەن چەتەکانی داعشەوە دەستگیرکرا، لە ٢٠ـی ئابی ٢٠١٤ لە کاتی دیلێتیدا لە شارۆچکەی تلعزێر دەستی خۆی دەبڕێت و شەهید دەبێت، گەلی ئێزدی ئەو وەک ژنێکی سیمبولی بەرخۆدان پێناسە دەکەن، هەربۆیە لە ناوەندی شارۆچکەی تلعزێر پەیکەرەکەی دانراوە و هەموو ساڵێک لە ساڵیادی شەهیدبوونیدا مەراسیمێکی بەبیرهێنانەوە ئەنجام دەدرێت.
ئەمساڵیش شەهید جیلان لە ١٢ـەیەمین ساڵیادی شەهیدبوونیدا لە بەردەم پەیکەرەکەی خۆیدا، بە بەشداری بنەماڵەکەی و چەندین دامەزراوە و کەسایەتیی شنگال بەبیرهێنرایەوە، مەراسیمی یادکردنەوەکە بە خولەکێک بێدەنگی دەستی پێکرد.

لە مەراسیمەکەدا دایکی شەهید جیلان دایە شەمێ قسەی کرد سوپاسی ئەو کەسانەی کرد کە ئامادەی مەراسیمی یادکردنەوەکە بوون و وتی: شەهید جیلان تەنیا کچی من نییە، کچی ئێوەشە، ١٢ ساڵە مەراسیمی یادکردنەوەی بۆ دەکەین ئەو هەموو ساڵەش چاوەڕوانی ئێسکەکانی ئەوبووم کە ڕادەستم بکرێتەوە، لە هەموو بستیکی خاکی چیای شنگالدا گۆڕی بەکۆمەڵە هەیە و ڕوفاتی شەهیدانمانی تێدایە، من هەموو ئەوانە وەک منداڵی خۆم دەبینم، داوا لە هەموو گەلەکەم دەکەم یەکگرتوو بن، کاتێک یەکگرتوو بووین، دەتوانین خۆمان لە لەجینۆساید بپارێزین.
دواتریش ئازاد حسێن هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی شنگال قسەی کرد و ئاماژەی بەوەکرد، لە هەموو ڕۆژەکانی مانگی ئابدا هێرش بۆ سەر کۆمەڵگەی ئێزدی لەلایەن دوژمنانەوە ئەنجام دراوە، هەر بۆیە هەموو ڕۆژێکی مانگی ئاب مەراسیمی یادکردنەوە ئەنجام دەدەین، ١٢ ساڵ بەسەر جینۆسایدا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا یادەوەریی ئەو جینۆسایدە لەبیر

نەکراوە، شەهید جیلان وەکو بەردەوامی ژنانی پێشەنگی کۆمەڵگای ئێزدی بەبیردەهێنەینەوە، شەهید جیهان بە هەڵوێستەکەی ژنانی بەرخۆدێری جارێکی دیکە هێنایەوە بیرمان، ئێمە وەک کۆمەڵگەی ئێزدی خاوەنداری لە کلتور و باوەڕی خۆمان دەکەین، باجەکەی هەرچیەک بێت ئەم ئایەنە دەپارێزرێت.
دواتریش چالاکوان و سیاسەتمەداری ئێزدی سامیە شنگالی وتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند، وەک ژنێکی ئێزدی، شانازی دەکەم کە ئەمڕۆ لە مەراسیمی یادکردنەوەی ژنێکی ئێزدی بەرخۆدێردا ئامادەم، لەکاتیی جینۆسایدا زۆرێک لە ژنانی ئێزدی

بەرخۆدانیان کرد و ئەوانەشی بە دیل گیران ئەمڕۆ بوونەتە دەنگی کۆمەڵگاکەیان، ئێمەین بە ژنانی ئێزدی سەربەرزین و دەبینە شوێنکەوتووی ڕیبازەکەی ئەوان.
دواتریش هەر لە مەراسیمەکەدا، شاعیر خودێدا کۆرتۆ شیعری "تۆ لە لە پەیکەرێک گەورەتریت"ـی خوێندەوە و مەراسیمەکە بە داگیرساندنی مۆم کۆتایی هات.
بـ. قـ