ئەم سیاسەتە دەیان سەرهەڵدان و بەرەنگاری بەدوای خۆیدا هێناوە. ئەم سیاسەتەی تورکیا تا ڕادەیەکی زۆر ملی بە نەتەوە و پێکهاتەکانی ناو ئەو وڵاتە کەچ کرد، زەبری کاریگەری لێوەشاندوون.
سەرهەڵدانی کوردانی باکوور وەک تاکە بژاردە بۆ ڕەتکردنەوەی سیاسەتی ئینکار و توانەوە بەشێوازێکی بەرفراوان بەرپاکرا، خەڵکی کورستان بە فراوانی هاتنە گۆڕەپانی خەبات و تێکۆشان بۆ بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتی نکۆڵی و توانەوە.
کودەتای ساڵی هەشتای سوپای تورکیا و هاتنی سوپا بۆ دەسەڵات و بەکارهێنانی زەبروزەنگ تا کۆتا، تورکیای کردووەتە زیندانێکی گەورە بۆ مرۆڤە ئازادیخوازەکان و تێکۆشەرانی کوردستان و تورکیا، سیاسەتی سەرکوتی نامرۆڤانەی ڕژێمە فاشیست و سەربازییەکەی تورکیا هەنگاوی زۆر ترسناکتری نا بۆ لەناوبردنی هەر جوڵانەوە و بژاڤێک کە دژ بە سیاسەتی فاشیستانەی دەوڵەت بوەستێت.
بە تایبەت بۆ خەڵکی کوردستان سەردەمێکی تاریکتر و ترسناکتری خوڵقاند، ڕاپێچکردنی دەیان هەزار کەس بۆ زیندانەکان و سوکایەتیپێکردنیان لە ڕادەبەدەر بوو، ڕووداوەکانی زیندانی ئامەد و پێشێلکارییە ئابرووبەرەکانی هەموو سنوورێکی کۆن و نوێی چەوسانەوە و سوکایەتیپێکردنی بە مرۆڤ بەزاند.
لە دۆخی بەو شێوەیەدا تەڤگەری ئازادی جگە لە دوو بژاردە ڕێگەی دیکە و چارەی دیکەیان لەبەردەستدا نەبوو، یان ڕادەستبوون و قبوڵکردنی سیاسەتی نکۆڵی و توانەوە بۆ هەتا هەتایە، یان بەرخۆدانی زیندانییان و پەنابردن بۆ خەباتی چەکداری، بەدەر لەوە دەرفەتێکی دیکەیان شک نەدەبرد.
بێگومان وەک مێژووی پەنجاساڵە شاهیدە، بەرەنگاری و بەرخۆدانی بێوێنەیان نیشان دا، بەرپەرچی گەورەترین دەوڵەتی ناوچەکە و هاوپەیمانی ناتۆ کە پشتی تورکیای دەگرت لەم نکۆڵی و توانەوەیە ئەنجام دا.
ئەم شەڕە هەروا شەڕێکی لۆکاڵی و هەرێمی یان شەڕێکی بچووکی ناو جوگرافیای دەوڵەتێکی وەک تورکیا نەبوو، بە تێپەڕبوونی کات ئەوەش ڕوونتربووەوە کە سیستەمە جیهانییەکە لەپشت سیاسەتی نکۆڵی و ئینکار و توانەوەی گەلی کوردەوە ئامادەیی هەبووە، تاکو ئێستاشی لەسەر بێت ئەم سیاسەتە بوونی هەیە و بەردەوامە.
وەکوتر
ئەم شەڕە هەر بەتها بۆ گەلی کوردستان نەهامەتی و ماڵوێرانی نەهێناوە، بەڵکو بۆ تەواوی پێکهاتە و نەتەوە جیاوازەکانی ناو وڵاتی تورکیاش بووەتە مایەی کارەسات و ماڵوێرانی و قوربانیدان. هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ خراپبوونی گوزەران و دۆخی ژیانی خەڵک و داڕمانی گەورەی ئابووری و کۆمەڵایەتی تورکیا.
کەواتە سیاسەتی نکۆڵی و ئینکار و توانەوەی گەلی کورد و پێکهاتەکانی تورکیا نەک ئەنجامێکی ئەرێنی بۆ تورکیا و دەسەڵاتی ئەو وڵاتە لێنەکەوتەوە، بەڵکو بووە بەڵایەکی گەورە و دەیان و سەدان لێکەوتەی خراپی بەدوای خۆیدا هێنا.
بەرەنگاری و خۆڕاگری تەڤگەری ئازادی کوردستان توانی شکست بە سیاسەتی نکۆڵی و توانەوەی تورکیا و پشتیوانییەکانی دەرەوە بهێنێت، ئەو هاوکاری و پشتیوانییانەی کە دەیان ساڵ بوو تەڤگەری ئازادی گەلی کوردیان بۆ خاتری دەوڵەتی تورکیا سزا دابوو، ڕێکخراو و کۆمەڵە کوردییەکان و چالاکییەکانیان قەدەغە کردبوو، هەموو جوڵە و چالاکییەکانیان وەک کردەیەکی پشتیوانی لە تیرۆر نیشان دەدان و زۆربەی زیندانەکانی وڵاتانی ئەورووپا و ناوچەکە شاهیدی ئەو ڕەفتارە فاشیستانە بوون.
ئەمە جگە لەوەی دەیان دەستەوتاقم و ڕێکخراوی مەدەنییان خستە ناو لیستی تیرۆر سزای گرتن و زیندان و ڕادەستکردنەوەیان بە دەوڵەتی تورک بەسەردا دەسەپاندن.
ئەوان بوونی تەڤگەری ئازادیی کوردستانیان وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر سیستەمە جیهانییەکە نیشان داوە، تێکۆشانی گەلی کورد و بەرەنگاری و بەرگریکردنیان وەک کرداری تیرۆریستی ناساندووە، ڕێکخراو و کۆمەڵە کوردییەکانیان لەناوەوە و دەرەوەی وڵات خستووەتە ناو لیستی تیرۆرەوە و چالاکییان قەدەغە کردوون و لە هەموو سوچێکی ئەم جیهانە بە یاساغ و قاچاخ پێناسەیان کردوون، گەمارۆیان داون.
سەرەڕای شەڕ و قوربانییەکانی سەختی و ئازارێکی زۆریان بۆ گەلی کورد و تێکۆشەڕانی بڕیوەتەوە. ئەوەی ئەو مێژووە وەک خۆی ببینێت دەزانێت تەڤگەری ئازادی لەناوەوە و دەرەوەی ووڵات لە چی شەڕێکی بێئەمان و فراواندا بووە.
ئەگەر قورسایی ئەو شەڕە و فراوانی بەرە جیاوازەکانی ببینین، ئەو کاتە دەزانین وەڵامدانەوەی شەڕ و گەلەکۆمەکێی بەو شێوەیە چەندە ئەرکێکی گران و قورسە، ئەم تێکۆشانە زەحمەت و قوربانییەکی یەکجار گەورەی بەخشیوە.
کەواتە دەستپێکردنی پرۆسەیەکی وەک ئەوەی ئێستا کە لە باکووری کوردستان هاتووەتە ئاراوە بەردەوامیدانی هەروا ئاسان نییە، بگرە زۆر لە بوونی شەڕی پەنجاساڵە قورستر و زەحمەتترە.
لەوە زیاتر بوونی تەڤگەری ئازادی لە لیستی بەناو (تیرۆر)ـی زیاتر لە ١٠٠ دەوڵەت، ئەوەش بەشێکی دیکەی گەورەیی و فراوانی شەڕەکە نیشان دەدات، هەر ئەوەش پێمان دەڵێت چارەسەری ئاشتییانەی شەڕێکی وا سەخت و گەورە و فراوان چەندە گرانە.
لە پاڵ ئەوەی گەورەترین گەلەکۆمەکی نێودەوڵەتی دژ بەو تەڤگەرە کە لەمێژوودا بەگەڕخراوە، پاشەکشێپێکردن بەو سیاسەتە حکمەت و دووربینی و نەخشەڕێگایەکی تۆکمە و تایبەت و دەگمەنی دەوێت، کردنەوەی گرێکۆێرەیەکی سەدساڵ و شەڕێکی پەنجا ساڵە هەروا بەئاسانی نایەتە دێ، بەڵام دیسانیش ئەوە کارێک نییە ئەگەر بەلێزانی و دروست مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت ئەستەم بێت و نەیەتەدی.
بێگومان قۆناغی دەستپێکردنی ئاشتیش هەروا بەئاسانی بەم ئاستەی ئێستا نەگەیشتووە. دەتوانین بڵێین تا ئێستا تەڤگەری ئازادی لانی کەم لە ڕێگای باوەڕ بە چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان تا ڕادەیەک پێشکەوتنی هێناوەتە ئاراوە، زەمینەی گفتوگۆ و بە یاساییکردنی پرۆسەی ئاشتی پێی ناوەتە قۆناغێکی گرنگ و ئومێد دەکرێت وەک دەرگای چارەسەری تەماشای بکرێت.
ڕەنگە هەر لەئێستاوە وڵاتانێک کە بەناو لەبەرخاتری دەوڵەتی تورکیا دژایەتی بوونی کوردان و پشتیوانی سیاسەتی نکۆڵی و توانەوەی گەلی کوردیان پەسەند دەکرد، چیتر نەتوانن ناوێک بۆ دژایەتی و خواستەکانی گەلی کوردستان نیشان بدەن، بۆ لەمەودوا پشتیوانی سیاسییانەی ئەو وڵاتانەی کە نکۆڵی لە گەل و پێکهاتە ڕەسەکان دەکەن هەروا بە ئاسانی تێناپەڕێت، پرۆسەی ئاشتی وردە وردە کاریگەرییەکانی لەسەر سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەوەی زۆر وڵات جێدەهێڵێت.
خەڵکی تورکیا و دەوڵەت و دەسەڵات و پەرلەمانەکەی پێبزانن یان نەزانن هەروەک خەڵکی عێراق و سووریا کەوتوونەتە ناوشەڕێک بە زیانی خەڵکی تورکیا و هەرێمەکە و بە قازانجی سیستەمە جیهانیی و وڵاتانی زلهێز و بەرژەوەندیخواز شکاوەتەوە، هەر ئەو شەڕە بووەتە مایەی ماڵوێرانی و ڕووخانی ئابووری و کۆمەڵایەتی گەورە لە تورکیا و ناوچەکە.
سیاسەتی لێدان و سەرکوتی خەڵکی کورد لەلایەن سەدام و ئەسەدەوە چی لێ بە دەستهات، دواجار بە فەوتانی ڕژێمەکانیان کۆتایی هات، ئەوا ڕەنگە بۆ تورکیاش چارەنوسێکی باشتری لێ ڕەچاو نەکرێت. خەڵکانی ئاقڵمەندی تورکیا و ڕێبەرایەتی گەلی کورد خواستێکیان هەیە بۆ خۆلادان لەو قەدەرە پڕ لە کارەسات و چاوەڕوانکراوە.
سەرانی تورکیای ئەمڕۆ و دەوڵەتی تورکیا دەرکیان بەبوونی مەترسی هاوشێوەی عێراق و سووریا کردووە، ئەگەر بەڕادەیەکی کەمیش بێت، بێگومان ئەوە بۆ ڕژێمی ئێرانیش ڕاستە، ڕێگاچارەی ئاشتی و پێکەوەژیان گرەنتی ئاسایشی گەلانی ناوچەکەیە، دابەشبوونی کوردان و خاکی کوردستان لە نێوان ئەم وڵاتانە بۆ خزمەتکردنی ئێران و عێراق و سووریا و تورکیا نییە، دابەشکارییەکان بەخواستی وڵاتانی بەریتانیا و فەرەنسا و براوەی جەنگی جیهانی یەکەم بووە، ڕژێمەکانی ناوچەکە دەیان ساڵە بەشێکن بوون لە سیاسەتی پەرتکە و زاڵبە، دەرککردن بەو ڕاستییانە سەرەتای چارەسەری ئاشتییانە و یەکتر قبووڵ کردنە.
لە مێژە تەڤگەری ئازادی باوەڕی بەوەیە بە ڕێگای ئاشتییانە و چارەسەری دیموکراتییانە ماف و ئازادییەکانی گەلان گرەنتی بکرێت، بە هەوڵدانی هەموو لایەک ژیانێکی بە شکۆ بۆ گەلانی ناوچەکە دێتە ئاراوە، سیاسەتی نکۆڵی و سڕینەوە و توانەوە ئیشی خۆی کرد و شکستێکی گەورەی تۆمار کرد و ڕەنگە بەدەیان ساڵی دیکەش ئاسەوارەکانی نەسڕێتەوە، ئیستاش بۆ پاشکەزبوونەوە درەنگ نییە.
زیاتر لە بیست ساڵیش دەبێت ئەم تەڤگەرە لەژێر ناوی هێزی پاراستن و بەرگری ڕەوادا کاریان کردووە، باوەڕیان بەدرێژەدان بە شەڕ نەماوە، بە شەڕ سەلماندیان نکۆڵی و سڕینەوە سەرناگرێت.
بۆچی نابێت ئەگەر لایەنی دەوڵەت و کەسانی ئاقڵمەندی تورکیاش ئەوانە ببینن و دەرک بەو ڕاستییانە بکەن، دواجار چارەنووسی ئەم گەلانە پێکەوەژیانە، سیاسەتی یەکتر قبوڵکردنە، دانانی سنوورێک بۆ شەڕێکی پەنجا ساڵە بەرپرسیارێتییە و کاری هەموو کەسێکە.
نابێت کەسیش زۆر گەشبین بێت یان زۆر ڕەشبین بێت بەوەی پێی وابێت دوای شەڕێکی پەنجا ساڵە هەمووشتێک لە یەک دووساڵ دا کۆتایی پێدێت، وەک دەڵێن دنیا ببێتە شامی شەریف ئەوە ڕوونادات، دیسانەوە بەهیمەتی هەموو لایەک ئومێد دەکرێت دەرگای ئاگر و شەڕ دابخرێت، نابێت واش لێبدرێتەوە یا هەموو شتێک بەدەست دێت یان هیچ بەدەست نایەت، ئەوانە ڕوونادات ، پرۆسەکە بەردەوام دەبێت، زۆر بەرزی و نشێوی دێتە ڕێگا، لە ئێستادا کارکردن بۆ دانانی چوارچێوەیەکی یاسایی لەژێر چەتری پەرلەمان، دەرگا کردنەوەیە بەڕووی کەسانی سیاسی و سیاسەتکردنی ئازادانە، بەردانی زیندانییانی سیاسی گوڕێکی زیاتر و خێراتر دەداتە پرۆسەکە، ئەم پرۆسەیە کاتێکی زۆری پێویستە و وردەکاری یاسایی و ڕەخساندنی کەشێکی سیاسی گونجاوی پێویستە.
دەبێت ئەوەش بڵێین گەلی کورد دەیان ساڵە لە باکوور حزبی سیاسی بۆ ئەو مەبەستە ساز و ئامادەیە، واتە چارەسەری سیاسی و ڕێگەچارەی ئاشتی ئامانجێکی سەرەکیان بووە و خەباتی بۆ دەکەن، هەموو ئامادەکارییەکیان بۆ هاتنە کایەی ئەم ڕۆژانەی ئێستای تورکیا تێیدا گوزەر دەکات کردووە، واتە خەباتی جدی و پڕ بەرهەم لێرە بەدواوە بە گوڕتر دەبێت.
ئاستەنگییە سیاسی و یاساییەکانی بەردەم خەبات و تێکۆشانی مەدەنی بۆ بەدەستهێنانی ماف و ئازادییەکان لە ئێستا بەدواوە لەپاشەکشەدا دەبێت، ڕێگاچارەی ئاشتی و دیموکراتییانە پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێوە، بێگومان ئاشتی چەندە بۆ گەلی کورد و تەڤگەرە ئازادیخوازەکەی گرنگە، لەوە زیاتر بۆ دەوڵەت و دەسەڵاتی ئیستای تورکیا گرنگترە.
گەلی کورد و دەم پارتی بۆ سەردەمێکی وەک ئێستا و چارەسەری ئاشتییانە ئامادەکاری تەواویان هەیە، چاوەروانی دەستی کەس نابن تا ڕێگایان نیشان بدەن، ئەوەی لە ئێستادا بۆ ئەم پرۆسەیە گرنگە، نەمانی ئاستەنگییەکانی دەوڵەت و دەسەڵاتە.
پێشکەوتنی پرۆسەکە بەندە بە تێکۆشانێکی بێوچان و هەمەلایەنەی گەلی کورد خۆیەوە، گواستنەوەی شەڕ و ململانێکان بۆ بابەتی سیاسی و یاسایی، کارێکی زۆر سەخت و دژوارە، بەتێپەڕاندنی کات زۆر دەرگا بۆ گەلی کورد و گەلانی تورکیا دەکرێتەوە، ئومێدیش دەکرێت تورکیا وانەی لە عێراق و سووریا وەرگرتبێت، بۆ گەلانی تورکیاش لە دەرەوەی ڕووخانی دەوڵەت و دامەزراوەکانی، هەر باجێک بدەن بۆ چارەسەری ئاشتییانە قازانجیانە.
ئەنجامەکەی دەبینین، بێگومان دەیان ساڵ تورکیا پێش دەکەوێت، دەیان ساڵ زووتر ئاسەوارەکانی شەڕ و ماڵوێرانی و خوێڕێژی ڕابردوو ساڕێژ دەبێت. کەواتە ئەم پرۆسەیە لەسەر بنچینەی بەرژەوەندی هاوبەشی گەلانی تورکیا بەڕێوەدەچێت، ناکرێت وا نیشان بدرێت تا چەندە سەردەکەوێت یان سەرناکەوێت، بەڵکو سەرکەوتنی گەورە بەندە بەکارکردن بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکە سیاسی و یاساییەکانی پەرلەمان و دامەزراوە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە، لەوانەش زیاتر گەلی کورد و تێکۆشانە بەردەوامەکانی بۆ بەدیهێنانی ماف و ئازادییەکانی.
ب. جـ
