لە پەرتووکەکەدا دکتۆر "بی" کاتێک لە گۆشەگیریدایە، لە ڕێگەی تاکە پەرتووکی شەتڕەنجەوە کە دەکەوێتە دەستی، لە سەرەتادا بوونی خۆی دەپارێزێت. پاشان یارییەکە لە زەینی خۆیدا دەکاتە دوو بەشەوە؛ هەم دەبێتە بونیادنەر و هەم دەبێتە دژبەر. لەسەر ناوی لایەنەکەی دیکەش کە وەک "لایەنی بەرانبەر" پێناسەی دەکات، ناچار دەبێت پەڕینەوە و جوولەکان ئەنجام بدات. ئەو یارییە یەک کەسییەی بەرەو پێش دەچێت، سەرەنجام ترس و سامناکیش دەخاتە دڵی ئافرێنەری یارییەکەوە.

لە دوا دیداری شاندەکەدا، وتەکانی سەرۆک عەبدوڵا ئۆجالان کە دەڵێت: "دۆخەکە دەگۆڕێت بۆ شەتڕەنجی یەک کەسی. دوای ماوەیەک، بەهۆی ئەوەی بەردەنگەکان (موخاتەبەکان) بەرپرسیارێتی ناگرنە ئەستۆ، کاتێک دیالۆگ و دانوستان دەگۆڕێت بۆ یارییەک کە تۆ لەگەڵ خۆت و لە دژی خۆت دەیکەیت، وەرگەڕانی بەسەردا دێت بۆ باری سامناکی." ئەمە ڕستەیەک نییە بەڕێکەوت و لەخۆوە وترابێت. ئەم دەربڕینە مێتۆفۆرێکی بەهێزە کە ئاماژە بەو سەختی و پارادۆکسە دەکات کە بیری سیاسی و پراکتیکی دانوستان لەناو سالانی درێژی گۆشەگیریدا ڕووبەڕووی بووەتەوە.

دانووستانە سیاسییەکان بەپێی سروشتی خۆیان، پشت بە هونەری دیالۆگ دەبەستن. لەسەر ئەو بنەمایە خۆیان بنیات دەنێن کە ئەکتەرە جیاوازەکان دەنگی یەکتر ببیستن و وەڵامی جوولەکانی یەکتر بدەنەوە. تێڕوانین و بیرکردنەوە جیاوازەکان لە سروشتی دانوستاندا دەبیندرێن. ئەو شتەی کە پێی دەوترێت "ئاشتیی دانوستانکارانە" یان "ڕێککەوتن"، هەر ئەو پەیمانەیە کە لە دەرئەنجامی پێکدادانی توندی جیاوازییەکانەوە لەدایک دەبێت.

بەڵام کاتێک کەناڵی پەیوەندیی دوولایەنە دادەخرێت، نیاز و پێشبینییەکان جێگەی دانووستانەکان دەگرنەوە. بکەری سیاسی کە ناتوانێت ڕاستەوخۆ بزانێت لایەنی بەرانبەر بیر لە چی دەکاتەوە، بە تێپەڕبوونی کات دەست دەکات بەوەی لە زەینی خۆیدا دروستی بکات. کاتێک لە تابلۆی ئه‌مڕۆ، لە کەناڵەکانی تەلەڤیزیۆن، ڕۆژنامەکان و لەسەر کورسییە سیاسییەکاندا دەکۆڵینەوە، زۆربەی جار بە تێگەیشتنێکی وەهاوە لە ڕێبەر ئۆجالان نزیک دەبنەوە. ئاستەنگی و زمانی فەرمیی پەنجا ساڵە، ڕێگریمان لێدەکات لە لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەی ڕێبەر ئۆجالان و تێگەیشتنی ڕاستەقینە لە پارادایمەکەی. ئەم تێگەیشتنە بە شێوەیەکی سروشتی نەهاتووە؛ ئێمە ڕووبەڕووی هۆشیارییەکی بە ئەنقەست دروستکراو دەبینەوە.

با بگەڕێینەوە سەر مێتافۆری "شەتڕەنجی یەک کەسی". ڕێبەر ئۆجالان لە هەلومەرجە سنووردارەکانی ئیمڕالیدا، لە لایەکەوە چاوەڕوانییەکانی تەڤگەرەکەی و گەلەکەی، لە لایەکی دیکەشەوە داخوازییەکانی کۆمەڵگەی تورکیا، نیگەرانییەکانی دەوڵەت و پێداویستییەکانی داهاتوو لە هەمان زەیندا شەنوکەو دەکات و هەوڵ دەدات بۆ پرسیار و کێشەکان چارەسەری بئافرێنێت. دانووستان و سیاسەت بە تەواوی لە پرۆسەیەکی فرەلایەنی نێوان ئەکتەرە بەردەنگەکان دەرچووە و وەرگەڕاوە بۆ یارییەکی شەتڕەنج کە هەموو بارەکەی دەکەوێتە سەر شانی تاقە ئەکتەرێک.

بیرهێنانەوەی دکتۆر "بی"ـی پاڵەوانی زڤایگ، ڕێک لەم قۆناغەدا گرنگی خۆی هەیە. سەرەتا شەترەنج لەسەر پێی خۆی دەهێڵێتەوە. بیرکردنەوە و شیکردنەوە و خوڵقاندنی جوڵە هیوای ژیان دەپارێزێت کە مەبەست لێی لەناوچوون بووە. هەروەها ئاستی ڕەخنەگرانەی هۆشیاری ڕێبەر ئۆجالان هاوشێوەی ئاستی هۆشیارییەکەی ناو چیرۆکەکەیە. کاتێک دکتۆر "بی" شەترەنجی یەک کەسی خۆی پەرەپێدەدات، هەمان میکانیزم پێچەوانە دەبێتەوە و ڕووبەڕووی سامناکی دەبێتەوە. بەردەوام یاریکردن لەگەڵ خۆی، پەرەپێدانی جوڵەکان دژی خۆی دەبێتە بەربەستێک لەبەردەم ڕۆڵی ڕەسەنی خۆیدا. نەیار چیتر ڕاستەقینە نییە، یارییەکە دەگۆڕێت بۆ مەیدانێکی سامناک.

ئەم لێکچواندنە بۆ سیاسەتی ئەمڕۆ هۆشیارییەکی گرنگ لەخۆ دەگرێت. لەسەر مێزێک کە بەردەنگی بەهێز، بەئیرادە و خاوەن دەستپێشخەریی تێدا نەبێت، تێنەگەیشتنەکان گەورە دەبن، پێشداوەرییەکان قووڵتر دەبنەوە و سیاسەت وردە وردە لە شوێنی بەردەنگە ڕاستەقینەکان، لەگەڵ ئەو ئەکتەرانەدا بەڕێوە دەچێت کە لە زەیندا نەخێشندراون. پێداگریی ڕێبەر ئۆجالان لەسەر "من بەدوای بەردەنگێک دەگەڕێم" کە لە ساڵانی نەوەدەکاندا دەستی پێکردبوو، کاتێک دەگاتە ئەمڕۆ مەودایەکی بەرچاوی بڕیوە و بە ڕەنجی خۆی بەردەنگەکەی ئافراندووە. بەڵام دیسانیش ئاستی ئیرادە، دەستپێشخەری و بڕیارداریی هێشتا ئەوەندە بەهێز نییە، کە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کێشەی بەردەنگبوونی لاواز درێژە بکێشێت.

کاتێک لە ڕوانگەی فەلسەفییەوە سەیری دەکەین، بەرانبەر ئەو ڕاستییە ڕادەوەستین کە مرۆڤ تەنیا لە ڕێگەی هۆشیارییەکی دیکەوە دەتوانێت تاقیکردنەوە لەسەر خۆی بکات. کاتێک لە بەرانبەریدا ئەو "ئەوی دیکە"ـیە ڕاستەقینەیە ئامادە نەبێت، بیرکردنەوە بەردەوام سەرلەنوێ خۆی دەئافرێنێتەوە. لەو شوێنەی جیهانی هاوبەش و بەکۆمەڵ ون دەبێت، سیاسەت و دانووستانیش لاواز دەبن.

ئەمڕۆ لە زۆرێک لە گۆڕەپانەکانی پێکدادانەکانی جیهاندا، یەکێک لە کێشە بنەڕەتییەکانی کە دەبینرێت هەر ئەمەیە. کاتێک لە شوێنی پەیوەندیی دوولایەنە، نوێنەرایەتی و گریمانەکان جێگیر دەبن، هەر ئەکتەرێک ئەوی دیکە لە زەینی خۆیدا لە نوێوە دەئافرێنێتەوە. بەڵام ئاشتی ڕاستەقینە نەک بە ململانێیەک کە لە زەیندا بنیات نراوە، بەڵکو بە قسەکردن لەگەڵ بەردەنگی ڕاستەقینەدا بونیاد دەنرێت.

مێتافۆری "شەتڕەنجی یەک کەسی" کە ڕێبەر ئۆجالان بەکاری هێناوە؛ بارە زەینی و هزرییەکەی کە لە ناچاریی بیرکردنەوە لە هەستیارییەکانی تەڤگەرەکە، چاوەڕوانییەکانی گەل و نیگەرانییەکانی دەوڵەت بە تەنیا دروست بووە، ئەو هاوتەریبەی لەگەڵ کارەکتەری دکتۆر "بی" زڤایگ دروست کراوە، واتادارتر دەکات.

لەوانەیە گرنگترین پەیامی بەرهەمەکەی زڤایگ ئەمە بێت: زەینی مرۆڤ تەنانەت ئەگەر خاوەنی هێزێکی بەرخۆدانیی بێوێنەش بێت، هیچ زەینێک ناتوانێت تا سەر بە تەنیا سیاسەت بئافرێنێت. شەتڕەنج یارییەکە بە دوو کەس دەکرێت. شەتڕەنجی یەک کەسی ناوی یارییەکە نییە، بەڵکوو ناوی ناچارییە.

تێگەیشتن و گرنگیدان بەم وتەیەی ڕێبەر ئۆجالان ڕاستترین ڕێگەیە: "داخوازی و ناڕەزایەتییەکانی دەم پارتی، گەل و تەڤگەرەکە هەن؛ ناڕەزایەتی، دڵگرانی و داخوازییەکانی دەوڵەتیش هەن. هەندێک جار لەسەر ناوی تەڤگەرەکە هەنگاوێک دەنێم کە هەستیارییەکان لەبەرچاو دەگرێت، هەندێک جاریش خۆم دەخەمە شوێنی لایەنی بەرانبەر و بەپێی هەستیارییەکانی ئەوان جووڵەکان دەکەم. دۆخەکە دەگۆڕێت بۆ شەتڕەنجی یەک کەسی. دوای ماوەیەک کاتێک دەگۆڕێت بۆ یارییەک کە تۆ لەگەڵ خۆت و لە دژی خۆت دەیکەیت، ئەمە وەرگەڕانی بەسەردا دێت بۆ باری سامناکی. ڕێگەی کۆتاییهێنان بەم دۆخە، هێنانەئارای بەردەنگی خاوەن ئیرادە و دەستپێشخەرییە کە ڕێگە لەبەر دانووستان خۆش دەکەن بێنە بەرانبەرم. پێویستە ئەم یاسایە حەتمەن خاوەنی ئەو کوالێتی و کارامەییە بێت کە کۆتایی بەم دۆخە بهێنێت."

ئەم دەستنیشانکردن و لێکچواندنە ئاماژەیە بۆ ڕەخنەیەکی بەهێز. شتانێک هەن کە دەبێت دۆست و نەیاریش بیگرنە ئەستۆی خۆیان.

تێگەیشتنێکی دیکەی ڕاستەقینەش دەستەبەر دەکەین: ڕێبەرایەتیی ئۆجالان نەکو وەک نوێنەری لایەنێک، بەڵکوو وەک ڕێبەرێک لەسەر ناوی هەموو گەلان و کۆمەڵگە لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا دانووستان دەکات.

سەرچاوە/ڕۆژنامەی یەنی یاشام

ب.جـ