ئەسعد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، بۆ ڕۆیتەرز باسی لە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل کرد.

شەیبانی ڕایگەیاند، خوازیارن دوای هێوربوونەوەی ئەو دۆخەی بەهۆی جەنگی ئێران و ئیسرائیلەوە هەڵپەسێردرابوو، دانوستانەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئەمنی و کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل سەرلەنوێ دەست پێبکەنەوە.

بەوتەی شەیبانی، لە ئێستادا هیچ متمانەیەک بە ئیسرائیل نەماوە و پەیوەندییەکان پاش هێرشەکەی سەر بنکەی ئاسمانی (ئەبو زهوور) پچڕاون، بەڵام دیمەشق وەکو سەرەکیترین ئامانج داوای ڕاگرتنی هێرشەکان و هەنگاونان بۆ بنیاتنانی متمانە دەکات.

جێی ئاماژەیە حکومەتی کاتیی سووریا جەخت لەوە دەکاتەوە، کە هیچ هەڕەشەیەکی بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ نییە و سەرنجی سەرەکییان تەنها لەسەر ئاوەدانکردنەوەی وڵاتە دوای تێپەڕبوونی ١٤ ساڵ لە شەڕی ناوخۆ.

لە بەرامبەریشدا، بەرپرسانی ئیسرائیلی نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بە دۆخی ئەمنی سنوورەکان و بوونی مەترسییەکان دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووى سوریا.

ئـ.ع