سەعد مەعن سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی سەبارەت بە ڕێکخستنەوەى چەکى گرووپە چەکدارەکان و ئامادەیی هەندێک گرووپ بۆ ڕادەستکردنەوەى چەکەکانیان، بۆ میدیا عێراقییەکان دەدوێت.
سەعد مەعن ڕایگەیاند، دەوڵەت لە گۆشەنیگایەکی ئەمنی، یاسایی و نیشتمانییەوە تەماشای دۆسیەیە کۆنترۆڵی چەک دەکات، ئامانجی سەرەکیش ئەوەیە سەرجەم ئامرازەکانی هێز و چەک لەناو ئەو چوارچێوانەدا بن، کە یاسا دیاریی کردوون، بە شێوازێک کە ئاسایشی هاوڵاتییان بپارێزێت و ڕێگری لە بەکارهێنانی چەک لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان بکات.
سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی ڕوونیشی کردەوە: ژمارەیەک لەو گرووپانەى لەژێر ئیدارەی فەرمیی دەستەی حەشدی شەعبیدان، بە کردەیی دەستیان بە ڕێکارەکانی ڕادەستکردنی چەکەکانیان کردووە، لە کاتێکدا گرووپەکانى دیکەش لەسەر هەمان ئاڕاستە دەڕۆن، ئەم هەنگاوانە لە چوارچێوەی ڕێکخستنی دامەزراوەیی و یاساییدان کە ئامانجیان ڕێکخستنی دۆخی سەربازییە، بە شێوەیەک کە لەگەڵ چوارچێوەی فەرمیی دەوڵەتدا بگونجێت.
جەختی کردەوە، حکومەتی عێراق لە ململانێدا نییە لەگەڵ هیچ پێکهاتە یان گرووپێک و بە لۆجیکی ڕووبەڕووبوونەوە یان پەراوێزخستن مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆسیەیەدا ناکات، بەڵکو وەک بەرپرسیارێتییەکی دەستووری و یاسایی تەماشای دەکات، کە پەیوەندیی بە ئاسایش، سەقامگیری و سلامەتیی کۆمەڵگەی عێراقەوە هەیە.
مەعن وتی: حکومەت باوەڕی وایە چارەسەرکردنی دۆسییە هەستیارە نیشتمانییەکان بە دیالۆگ، لێکتێگەیشتن و بەرپرسیارێتی دەبێت، بە ڕێزگرتن لە یاسا و بڕیارە دەرچووەکانی دامەزراوەکانی دەوڵەت، ئامانجی کۆتاییش گەیشتنە بە سیستەمێکی ئەمنیی سەقامگیر کە تێیدا چەک ڕێکخراو بێت و لە چوارچێوە یاسایی و فەرمییەکاندا قەتیس بکرێ.ت
لە کۆتاییدا جەختى کردەوە، کۆنترۆڵی چەک لە دەستی دەوڵەتدا پڕۆژەی ڕووبەڕووبوونەوە نییە، بەڵکو پڕۆژەی دەوڵەت، سەقامگیری و ئاسایشی کۆمەڵگەیە، سەرکەوتنیشی بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە لە نێوان دامەزراوەکانی دەوڵەت، هێزە سیاسی، کۆمەڵایەتی و عەشایەرییەکان و سەرجەم ڕۆڵەکانی گەلی عێراقدا، هەموویان لە ئاستی متمانە و بەرپرسیارێتیدان بۆ گەیشتن بە عێراقێکی ئارام و سەقامگیر کە سەروەریی یاسای تێدا بەرقەرار بێت و مافی سەرجەم ڕۆڵەکانی تێدا پارێزراو بێت.
جێگەى ئاماژەیە، ٣٠ـى ئەیلوولی ئەمساڵ کۆتا مۆڵەتە بۆ ڕێکخستنەوەی چەکى گرووپە چەکدارەکان، هەروەها کشانەوەى هێزەکانى هاوپەیمانان لە عێراق، بەڵام تا ئیستا بەشێک لەو گرووپانە ئامادەنین چەکەکانیان ڕادەست بکەن.
هـ.ئ
