ئێوارەی ئەمڕۆ، لە پەیمانگای هونەرەجوانەکانی شاری سلێمانی، شانۆی شەڕڤانۆ کە بەرهەمی پەیمانگاکەیە و باسی لە جەنگاوەرێک دەکات کە بۆ خاکەکەی تێدەکۆشێت بەناوی شەڕڤانۆ نمایش کرا.

گۆران عەلی

ئامادەکار و دەرهێنەر گۆران عەلی بۆ ڕۆژنیوز ئاماژەی بە ناوی شانۆکە (شەڕڤانۆ) کرد و وتی: هەموو کوردێک ڕۆحێکی شەڕڤانیی و جەنگاوەریی تێدایە بە جۆرێک هەندێکمان بۆ خاک و نیشتیمان دەجەنگین و هەندێکمان بۆ لایەنی کۆمەڵایەتی، بیرۆکەکەش ئەوەبوو جەنگاوەرەکە کە ناوی "ئۆریستیا"ـیە کە تێدەکۆشێت بۆ چاککردنی وڵاتەکەی و گەڕانەوەی حکومڕانییەکی باش بۆ ناوچەکە، لەبەر ئەوەشی کە ئێمە ئەو ڕۆحییەتە شەڕڤانییەمان تێدایە، وام پێباش بوو لە جێی ناوە سەرەکییەکەی خۆی ناوی ئەکتەرەکە بکەین بە شەڕڤانۆ.

هەروەها لەبارەی چۆن وەک دەرهێنەرێک بریارتاندا پرسی ژن بێننە سەر شانۆ، گۆران عەلی ئاماژەی بەوەدا، ژنی کورد هەمیشە خەباتی گەورەی کردووە بەڵام ئێمە تەنها سەرکەوتنەکانی پیاو دەخەینە پێش، لەکاتێکدا هەموو سەرکردەکان دایکێکیان لەپشتە، بەجۆرێک ئەوەندەی دایک خەباتی کردووە بۆ بەخێوکردنی ڕۆڵەکانی باوک کەمتر کردوویەتی، بۆیە لەم شانۆیەدا من بیرم لەوە کردوە کە دەبێت ژن بەهێزنیشان بدرێت وەک چۆن ژنی کورد سەلماندویەتی کە بەهێزە و دەتوانێت ڕووبەڕووی هەموو شتێک ببێتەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، شانۆی شەڕڤانۆ بە هاوکاری چەتری کولتووری سلێمانی بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ بەردەوام دەبێت و ڕۆژانە لە کاتژمێر شەشی ئێوارە لە پەیمانگای هونەرجوانەکانی سلێمانی پێشوازی لە میوانانی دەکات.

جێگای ئاماژەیە، دەقی شانۆی شەڕڤانۆ لە جەنگاوەری ئۆریستیای ئەسخیلۆسەوە لەلایەن خەبات عارفەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی.

8 وێنە
1 / 8

ب. جـ