حكومه‌تى كاربه‌ڕێكه‌رى هه‌رێم، به‌بێ گوێدانه خراپى بارودۆخى هاووڵاتییان، ته‌واوى نرخى سوته‌مه‌نى له به‌نزین، نه‌وت، گازوایل و غازى ماڵان به‌شێوه‌یه‌كى ئێجگار له‌سه‌ر هاووڵاتییان گرانكردووه، له بڕیاره‌كانیدا نه‌یتوانى كۆنترۆڵى بازاڕ بكات، ئه‌وه‌ش وایكردووه هاووڵاتییان چەندین کاتژمێر لەسەرەدا بووەستن تا بەنزینی ٧٥٠ دیناری وەرگرن.

ئیبراهیم محه‌مه‌د، شۆفێرێكه و له‌سه‌ره‌ى وه‌رگرتنى به‌نزینى ٧٥٠ دیناریدا وه‌ستاوه و بۆ ڕۆژنیوز وتى: بارودۆخى كوردستان زۆر ئاساییه و هیچ شتێك نه‌بووه، بەڵام به‌مجۆره حكومه‌ت نرخى به‌نزینى له‌سه‌ر هاوڵاتى به‌رز كردووەته‌وه، هه‌ر جاره و به قەیرانێكه‌وه خه‌ڵك سەرقاڵ ده‌كه‌ن، جارێك به كاره‌با و جارێك به غاز، ئێستاش به گرانكردنى نرخى به‌نزین، ئه‌مانه له‌برى كارئاسانى بۆ خه‌ڵك هاتوون دژایەتی خەڵک دەکەن، حكومه‌تدارى به‌مجۆره هیچ كه‌ڵكێكى نییه، خۆم له كاتژمێر شه‌شى به‌یانییه‌وه هاتووم بۆ وه‌رگرتنى به‌نزین، ئه‌گه‌ر هه‌یه به‌رمان نه‌كه‌وێت، بڕیاریشه ته‌نها ٤٠ لیترمان پێبدرێت.

هەروەها عومه‌ر عوسمان، شۆفێرێكى ته‌كسیه و بۆ ڕۆژنیوز وتى: ئه‌م نه‌بوونى به‌نزینه ته‌نها بە ویستی خۆیانه، هه‌ر جاره و خه‌ڵك به‌شتێكه‌وه سەرقاڵ ده‌كه‌ن، هیچ بنه‌مایه‌كى نییه، هه‌موو شته‌كان وه‌ك خۆیه‌تى دۆخه‌كه ئاساییه، تائێستا موشه‌كێك به‌ر غاز و نه‌وتى ئه‌م هه‌رێمه نه‌كه‌وتووه، شه‌ڕ له وڵاتێكى دیكه‌یه نه‌ك ئێمه، ئیتر ئه‌مه چى په‌یوه‌ندییه‌كى به به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى نه‌وت و غاز و به‌نزینه‌وه هه‌یه.
ئه‌و شۆفێره له قسه‌كانیدا وتیشى: بۆچى له كه‌ركووك به‌نزین به ٤٥٠ دیناره، لێره به هه‌زار و ٢٥٠ دیناره، ئه‌مانه هه‌ر حه‌ز ده‌كه‌ن بارگرانی بۆ خەڵک درووستبکەن، ئه‌مه هیچ ڕاستییەکی تێدا نییه، به‌هۆى گرانى به‌نزینه‌وه هیچ بڕه پاره‌یەکى ڕۆژانه په‌یدا ناكه‌ین، نه‌وت و به‌نزین و غازیان له‌و خه‌ڵكه گرتووەته‌وه، ئه‌گه‌ر وابڕوات به‌رمیلێك نه‌وت له وه‌رزى زستان به ٥٠٠ هه‌زار دیناریش ناكڕین.
باسی له‌وه‌شكرد، خۆزگه له‌جیاتى نه‌وت ته‌ماته و په‌تاته‌مان هه‌بووایه، خۆمان پێوه سەرقاڵ ده‌كرد، به‌ڵام نه‌وت بووه‌تە بەڵا بۆمان، هه‌ر كه‌سێك دێت به‌شى خۆی ده‌بات بۆ توركیا و ئێران، دەسەڵاتیش ئه‌مه‌یان بۆخۆیان قۆرخکردووە و شاردوویانه‌ته‌وه له‌و خه‌ڵكه، په‌نجا هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌شى یه‌ك به‌رپرسى دزى ئه‌م وڵاته ناكات، به دوو ملیۆن به‌رمیلیان ده‌وێت، عه‌ره‌ب به‌جۆرێكى دیكه كوردیان ئه‌نفال و زینده‌به‌چاڵ كرد، ئه‌مان به‌جۆرێكى دیكه ده‌یكه‌ن.

سه‌لاح عه‌لى، شۆفێرێكى دیكه‌یه و بۆ ڕۆژنیوز وتى: ئه‌مه حاڵ نییه ئه‌م خه‌ڵكه‌ى تێدایه بەم نۆره‌گرتنە بۆ وه‌رگرتنى به‌نزین، خۆمان له‌ناو به‌نزینداین هه‌موو وڵاتان پێوه‌ى ده‌وڵه‌مه‌ند بوون، به‌ڵام بۆ خەڵکەکەی خۆمان نییه، ئه‌م دۆخه‌یان به‌مجۆره لێكردووه به‌سه‌ر خه‌ڵكدا، ئه‌وه‌تا ئێستا ئه‌و هه‌موو ئۆتۆمبێله وه‌ستاوه ڕه‌نگه هه‌ر به‌رمان نه‌كه‌وێت، هه‌ندێك خه‌ڵك هه‌ر دوێنێ ئۆتۆمبێله‌كه‌ى جێهێشتوه، ئەمە حاڵى خه‌ڵكه‌كه‌یه زیاتر له سێ كاتژمێره وه‌ستاوه به‌مجۆره بۆ وه‌رگرتنى ٤٠ لیتر به‌نزین.
ئـ پـ
