شۆڕشی ڕۆژئاوا؛ مۆدێلێکی نوێ بۆ هاوبەشی ژنان و خۆبەڕێوەبردن

لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، کاتێک شەپۆلی بەهاری عەرەبی لە ساڵی ٢٠١١ لە تونس دەستی پێکرد و دواتر بۆ میسر، لیبیا، یەمەن و سووریا بڵاوبووەوە، گەلی کورد هەلی ئەوەیان قۆستەوە کە بەڕێوەبردنی ناوچەکانی خۆیان بەدەستەوە بگرن، هەر بۆیە لە ١٩ی تەمووزی ٢٠١٢ لە شاری کۆبانی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان دەستی پێکرد، دوای ئەوە ناوچەکانی عەفرین، سەرێکانی، دەربێسییە، عاموودا، دێرک، گرێسپی، تلتەمەر، هەروەها بەشێکی زۆر لە قامشلۆ و حەسەکە ڕزگار بوون و بناغەی سیستەمێکی خۆبەڕێوەبەری دامەزرا.

یەکێک لە دیارترین تایبەتمەندییەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوا پێشەنگایەتی ژنان بوو، ژنان تەنها بەشداربووی شۆڕش نەبوون، بەڵکو لە پێشەوەی بڕیاردان، بەڕێوەبردن و بەرگری بوون، بە جێبەجێکردنی سیستەمی هاوسەرۆکایەتی مافی یەکسانی ڕەگەزی  لە دامەزراوەکاندا پەیڕەو کرا.

هەروەها لەساڵی ٢٠١٣ هێزی پاراستنی ژنان "یەپەژە" دامەزرا و بوو بە یەکێک لە هێزە هەرە دیارەکانی ڕۆژئاوا و سیمبولێکی خۆڕاگریی و ئازادی ژنان، هەر لەو ساڵەدا داعش هێرشی کردە سەر کانتۆنی کۆبانی و دواتر ناوچەکانی دیکە، بەڵام بە خۆڕاگری هێزەکانی یەپەژە و ئەوانەی ئەو هێرشانە شکست هێنران.

لە هاوسەرۆکایەتی تا یەپەژە؛ دەستکەوتەکانی ژنان لە شۆڕشی ڕۆژئاوا

یەکێک لە گرنگترین دەستکەوتەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان، دابینکردنی مافەکانی ژنان و هاوتاکردنیان لەگەڵ مافەکانی پیاوان بوو،هەروەها سیستەمی هاوسەرۆکایەتی لە هەموو ئاستەکانی بەڕێوەبردن جێبەجێ کرا و بەشداریی ژنان لە بڕیاردان و بەڕێوەبردنی دامەزراوەکاندا بە شێوەیەکی فەرمی جێگیر کرا.

هەروەها هێزی ژنانی یەپەژە وەک هێزەکانی دیکەی یەپەگە، هێزەکانی ئاسایش، پۆلیسی ناوخۆ و هێزەکانی سووریای دیموکراتیک بۆ پاراستن و ئاسایشی ناوچەکە دانرا و ڕۆڵێکی بەرچاویان لە پاراستنی ناوچەکان و شکستدانی داعش و گرووپە چەکدارەکاندا گێڕا.

ژنانی ڕۆژئاوا؛ پێشەنگی بانگەوازی یەکێتی نەتەوەیی کورد

ژنانی ڕۆژئاوا لە ماوەی شۆڕشی ١٩ی تەمووز و ساڵانی دواییدا، تەنها لە بوارەکانی سەربازی و بەرگری پێشەنگ نەبوون، بەڵکو لە بواری سیاسی، دیپلۆماسی، کۆمەڵایەتی و نەتەوەییشدا ڕۆڵێکی کاریگەریان گێڕا، بوون بە نموونەیەک بۆ ژنان لە هەموو بەشەکانی کوردستان و تەنانەت لە ئاستی جیهانیش.

بە درێژایی ئەو ساڵانە، ژنانی ڕۆژئاوا هەمیشە جەختیان لەسەر گرنگی یەکێتی نەتەوەیی کورد کردووەتەوە و بانگەوازیان بۆ هاوکاری و یەکگرتنی هێز و لایەنە کوردییەکان لە باشوور، باکوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا کردووە، لە ڕێگەی کۆنگرە، کۆبوونەوە، دیپلۆماسی و چالاکییە نێودەوڵەتییەکان هەوڵیان داوە پەیامی یەکێتی نەتەوەیی بگەیەنن و جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، ژنان دەتوانن ببن بە پردێک بۆ نزیککردنەوەی هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییە کوردییەکان.

پاراستنی دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوا؛ بەردەوامی تێکۆشانی ژنان 

نەجمە عەلوش

لەو بارەیەوە نەجمە عەلوش نوێنەری گۆنگرەی ستار لە باشوری كوردستان بۆ ڕۆژنیوز دەڵێت، شۆڕشی ڕۆژئاوا شۆڕشێکی سەرکەوتوو و سیمبولی بوو، توانیمان مافەکانی گەلی کورد، شار و ناوچە کوردنشینەکان و هەروەها ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە مەترسییەکان بپارێزین، ئێستاش لە قۆناغی ئینتگراسیۆنداین و هەوڵ دەدەین لە ڕێگەی دەستووری نوێی سووریاوە، ماف و دەستکەوتەکانی خۆمان بە شێوەیەکی یاسایی و هەمیشەیی بپارێزین.

دەشڵێت، بەهۆی شۆڕشی ڕۆژئاواوە توانرا هێزی سەربەخۆی ژنان وەک یەپەژ دامەزرێندرێت، ئەو هێزە لە شەڕی دژ بە داعشدا ڕۆڵێکی کاریگەر و دیاریکەری هەبوو و توانی ناسنامەی نەتەوەیی، مافەکانی کورد و ئاسایشی ناوچەکان بپارێزێن، هەروەها بە بەشداریکردنیان لە تێکشکاندنی داعش وێنەیەکی نوێیان لە توانای ژنان پێشکەش بە جیهان کرد و بوون بە نموونەیەکی سەرکەوتوو لە بواری بەشداری ژنان لە پاراستن و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە.

نەجمە عەلوش نوێنەری گۆنگرەی ستار جەخت لەوە دەکاتەوە، گرنگترین دەستکەوتی ژنانی ڕۆژئاوا بەهێزکردنی ڕۆڵ و شوێنی ژنان و بەدەستهێنانی مافەکانیان بوو، هەروەها درووستکردنی هێزی سەربازیی ژنان و هێزە هاوبەشەکان بوو، کە لە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی سووریا پێکهاتوون، ئێمە دەستکەوتەکانی خۆمان لە ڕۆژئاوای کوردستان پاراستووە و بەردەوام دەبین لە تێکۆشان بۆ پاراستن و فراوانکردنی مافەکانی ژنان، هەروەها هیچ بڕیارێک ناتوانێت ماف و ئیرادەی خەڵکی ڕۆژئاوا و بە تایبەتی ژنان لاواز بکات و خۆمان ڕادەستی ئەو بڕیارانە ناکەین کە لەلایەن حکومەتی کاتی سووریا دەردەچن و لەگەڵ ماف و دەستکەوتەکانمان ناگونجێن.

ئاماژە بەوە دەکات، داوا لە هەموو پێکهاتەکانی سووریا، وڵاتانی ئەوروپا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەم پشتگیری لە ئێمە بکەن، هەر وەک لە قۆناغی شەڕی دژ بە داعشدا پێویستیان بە بەشداری هێزەکانی ژنان هەبوو و پشتیوانیان کردین، بە هەمانشێوە ئێستاش پێویستە پشتگیری لە هەوڵەکانمان بکرێت بۆ پاراستنی ئاسایش، کۆمەڵگە و دەستکەوتەکانمان.

بەپێی قسەکانی ئەو، هەڵوەشاندنەوەی یەپەژە بەشێکە لە بیرۆکە و ڕوانگەیەکی ئیسلامیی بنەڕەتی، کە ئامانجی سنووردارکردنی ڕۆڵ و بوونی ژنان لە کۆمەڵگەدا، تا ئێستا ژنان لە سووریا هێشتا نەگەیشتوونەتە ئاستێک کە خاوەنی بڕیاری سەربەخۆ بن و بتوانن مافەکانی خۆیان بە تەواوی بپارێزن، بۆیە بەردەوامی تێکۆشان و پشتگیریی نێودەوڵەتی بە پێویست دەزانرێت.

س.خ