بە یانی ئەمڕۆ لە ساڵۆنی کوردستانی نوێ لە شاری سلێمانی کۆڕێک بۆ دکتۆر شێرکۆعەبدوڵا نووسەری تەنز و سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتی نووسەرانی کورد ڕێکخرا، کۆڕەکە بە ناونیشانی "بایۆپۆلەتیکس" مەترسییەکانی لەسەر کورد بوو.

لە سەرەتای کۆڕەکەدا دکتۆر شێرکۆ عەبدوڵا وتی: بایۆپۆلەتیکس بەو واتایە دێت کە دەسەڵاتێک کە لەسەر ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان کاردەکات، دەسەڵات چۆن لە لایەنی ئابوری و داهاتەوە کۆمەڵگە بەڕێوە دەبات، ئەم چەمکە واتەی سیاسەتی ژیانییە و دەکرێ لەو ڕێگەیەوە لە دەسەڵات تێبگەین، چونکە ئەم چەمکە دەسەڵات شیکار دەکات کە بە پێی قۆناغەکان دەگۆڕێت.

شێرکۆ عەبدڵا

شێرکۆ عەبدڵا وتیشی: ئەم چەمکە لە سەدەی حەڤدە و هەژدە سەری هەڵداوە لە ناو دەسەڵاتەکاندا، دەسەڵات دەیەوێت بە یاسا دەست بخاتە خانە وردەکانی کۆمەڵگاوە لە ڕێگەی قوتابخانە و سەرجەم بنکەکانی و لەم قۆناغەدا بە هۆی تەکنەلۆژیاوە کۆنتڕۆڵیان کردوین، بایۆپۆلەتیکس بە پاساوی پاراستنی دەسەڵات ڕێی پێدەدات سود لە ڕێگا خراپەکان وەربگرێت و بەشێکی کۆمەڵگە لەناو ببات.

شێرکۆ عەبدوڵا دەشڵێت: ئەم چەمکە لە لایەن دەسەڵاتەوە بەکار دەهێنرێت و پێویستە ڕەخنە بکرێت تا بزانین ئایا سودی کۆمەڵگەی تێدایە، دەسەڵات کۆمەڵگەی کردووەتە بەرهەمی خاو بە دڵی خۆی بەکاری دەهێنێت ئاڕاستەمان دەکات و دەچێتە ناو هەموو چرکەیەکی ژیانمان، کوردستان تاکە شوێنی سەر زەویە کە هەموو جۆرەکانی پۆلەتیکسی تێدا بەکار هاتووە، هەمیشە ناوچە داگیرکراوەکان شوێنی تاقیگە بوون بۆ بایۆ پۆلەتیکس، کیمیاباران و شەنگال شاهیدی بایۆپۆلەتیکسن کە گرووپێک بەرانبەر کۆمەڵگە بەکاری دەهێنێت بۆ سڕینەوەی بەرانبەر.

لە کۆتایشدا وتی: حکومەتی عێراق لە ڕێی سەرژميری و داتاوە دەتوانێت کۆمەڵگەی کوردی و قەوارەکەی لەناو ببات، چونکە ئەو پلانانەی دایناوە مەترسین بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان گرنگە حکومەتی هەرێم داتاکانی نەداتە ناوەند، چونکە بایۆپۆلەتیکس چەمکی دەسەڵاتە و هێزی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەیە.

هـ.ح

7 وێنە
1 / 7