پڕۆژەیاسای "پتەوکردنی یەکگرتنی نەتەوەیی و یەکپارچەیی کۆمەڵایەتی" لە ڕۆژانی داهاتوودا لە ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەماندا دەنگی لەسەر دەدرێت و بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەبێتە یاسا، بێگومان ئەم یاسایەی کە پەیوەندیدارە بە پرسێکی مێژووییەوە وەک پرسی کورد، لە چوارچێوەی یاسایی، سیاسی، مێژوویی و کۆمەڵایەتیدا گەنگەشە و هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت، بەڵام گرنگترین شت پەیوەندیی ئەم پرۆسە یاساییەیە بە بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ لە ٢٧ـی شووباتی ٢٠٢٥ و پەیوەندییەتی بە ستراتیژیی سیاسەتی دیموکراتیکەوە کە لە شوێنی ستراتیژیی تێکۆشانی چەکداری پێشخراوە.
دیسان دەبێت ئەوە بیر بهێنینەوە کە ڕێبەر ئاپۆ لە سەروەختێکدا ئەم بانگەوازەی کردبوو کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سیاسەتی جەنگ لە هەموو کاتێک قووڵتر ببووەوە، وێرانکاریی لە غەزە دەستی پێکردبوو و پلانە پاکتاوکارییەکان دژی هێزەکانی دەرەوەی سیستەمی دەوڵەت-نەتەوە کەوتبوونە بواری جێبەجێکردنەوە، واتە لایەنێکی ئەم پرۆسەیە چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد لەخۆدەگرێت، لایەنێکی دیکەشی ئامانجی ئەوەیە کە دژی ستراتیژی جەنگ کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا قووڵتر دەکرێتەوە، لەسەر ناوی گەلان بەرنامەیەکی ئاشتی و دیموکراسی بخولقێنێت.
کاتێک جەنگی جیهانی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا قووڵ دەبێتەوە هەموو سیستەمی ناوچەیی سەرەوژێر دەکات و مۆدێلی نوێی سیاسی-کۆمەڵایەتی و ستراتیژیی نوێی بوون دەسەپێنێت، هەڵسەنگاندنی بەرفراوانتری ئەو پرۆسەیەی کە ڕێبەر ئاپۆ پێشی خستووە، بۆ ئەوەی هەم مەترسییەکان و هەم دەرفەتەکانی پرۆسەکە بەڕاستی هەڵبسەنگێنین دەبێتە مەرجێکی سەرەکی.
ستراتیژی ژیان دژی دژی ستراتیژیی کوشتن
ئەو هێرشانەی کە ئیسرائیل لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ـدا لەسەر غەزە دەستی پێکردن، زیاتر لە مۆدێلە کلاسیکییەکانی جەنگ وەک "مۆدێلی وێرانکاری"ـیەکی نوێ پێشخرابوو، ئەم مۆدێلە نەک تەنها "دوژمن"ـی بەرامبەری، بەڵکو ئامانجی ئەوە بوو کە هەموو زەمینەی هەبوونی کۆمەڵگەیەک لەناو ببات، ڕێبەر ئاپۆ ئەم دۆخەی زوو هەڵسەنگاندبوو، پێشبینی کردبوو کە جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کوردستاندا قووڵتر دەبێتەوە و بۆ ئەوەی ئامەد، سلێمانی، هەولێر، مەهاباد و قامیشلۆ نەبنە "غەزەی نوێ"، دژی ئەم "ستراتیژیی کوشتنە" نوێیە، "ستراتیژیی ژیان"ـی نوێی پێشخست.
بانگەوازەکەی ٢٧ـی شووباتی ٢٠٢٥ لە جەوهەرەکەیدا ئەمەیە، ڕێبەر ئاپۆ نەک تەنها پلانەکانی لەناوبردنی سەر تەڤگەری ئازادی یان باکووری کوردستانی هەڵسەنگاند، بەڵکو بینی کە ستراتیژییەکی نوێی قڕکردن کە ڕۆژئاوا-باشوور و ڕۆژهەڵاتیش لەخۆدەگرێت و هەموو کوردستان دەگرێتەوە کەوتووەتە گەڕ و دژی ئەمە، ستراتیژییەکی نوێی هەبوونی پێشخست، ئهمڕۆ ئهوانهی هێرش دەکەنە سەر هەڵمەتی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و دیدگای ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ، لە ڕاستیدا یان ستراتیژیی نوێی کورد-کوردستانی ڕێبەر ئاپۆ نابینن یان بە ئەنقەست دەیکەن؛ واتە لەبەر ئەوەی ڕێگری لە قڕکردنی کوردان کردووە لە ڕێبەر ئاپۆ تووڕەن، و بە ناوی کورد و کوردستانیشەوە ئەمە دەکەن.
هێزەکانی دەرەوەی دەوڵەت تەسلیم دەکرێن یان لەناو دەبرێن
ئەم پرۆسەیەی کە لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ لە غەزە دەستی پێکرد و ئامانجی پاکتاوکردنی حەماس بوو، لە ساڵی ٢٠٢٤ـدا بە ئامانجی پاکتاوکردنی حزبوڵا گەیشتە لوبنان و لە ساڵی ٢٠٢٦ـدا بە هێرشەکانی بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی ئێران بەردەوام بوو، لە جەوهەری خۆیدا پلانێکی ستراتیژییە کە تەسلیمکردنی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان و تێکەڵکردنیان لە دەوڵەتدا یان پاکتاوکردنیان بە هێرشی لەناوبردن لەخۆدەگرێت.
پێویستە هێرشەکانی سەر شۆڕشی ڕۆژئاوا لە سەرەتای ٢٠٢٦ـدا و هێرش و هەڕەشە نوێیانەی کە لەگەڵ جەنگی ئێراندا لەسەر باشووری کوردستان پێش کەوتن لەناو ئەم چوارچێوە گشتییەدا هەڵبسەنگێندرێن، بەڵێ، لە کوردستاندا کەسێک، هێزێک یان پێکهاتەیەک دەتوانێت ئەم پرۆسەیە بە شێوازێکی بەرفراوان بخوێنێتەوە، ستراتیژیی دەرچوون لەم جەنگە پێشبخات و پلانێکی ستراتیژی کە کۆمەڵگە و وڵاتەکەی بپارێزێت بەرەوپێش ببات؟
لە گۆڕەپانەکەدا دوو پلانی جیاوازی ئەنتێگراسیۆن هەیە
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستاندا ئێستا لە گۆرەپانەکەدا دوو پلانی جیاوازی "ئەنتێگراسیۆن" هەیە، یەکەمیان؛ پلانی "ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک"ـە کە ڕێبەر ئاپۆ پێشی خستووە و ئامانجی چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کوردە، ئەوی دیکەشیان پلانی ئەنتێگراسیۆنەکە کە لە ڕێگەی "تۆم باراک"ـەوە لە ناوچەکەدا دەسەپێندرێت و هێزە نێودەوڵەتییەکان بە درووشمی "یەک دەسەڵات، یەک یاسا، یەک چەک" پێشیان خستووە، وەک دەزانرێت، تۆم باراک کە باڵیۆزی ئەمریکایە لە تورکیا، لە هەمان کاتدا نوێنەری تایبەتی سەرۆکایەتیی ئەمریکایە لە سووریا و عێراق، ئەم تایبەتمەندییەی کە ڕووبەرێکی ئاوا بەرفراوان لەخۆدەگرێت، پەیوەندیدارە بە بەرفراوانیی ئەو پلانەی کە هەوڵ دەدات بیخاتە بواری جێبەجێکردنەوە.
خۆی باراک زۆر جار بە ئاشکرا ڕایگەیاندووە کە ئەوان تورکیا-عێراق و سووریا لە یەک ئاستدا هەڵدەسەنگێنن، لە چوارچێوەیەکی بەرفراوانتردا، دەبێت مرۆڤ لوبنانیش لەناو ئەم وێنەیەدا هەڵبسەنگێنێت، کە باراک خۆی منداڵی بنەماڵەیەکی بە ڕەچەڵەک لوبنانییە.
بڕیاری بێچەککردن ڕێکخستنەکان بڕیارێکی ناوەندییە
ئەو پلانسازییەی کە باراک هەوڵ دەدات بیخاتە گەڕ، کۆکردنەوەی هەموو چەکەکانە لە دەستی دەوڵەتی ناوەندیدا، ئەو بڕیارەی کە حکومەتی لوبنان لە ئابی ٢٠٢٥ـدا بۆ کۆکردنەوەی هەموو چەکە "دژەیاساییەکان" لە دەستی دەوڵەتدا دەری کرد و بڕیاری دەوڵەتی عێراقی پێش چەند ڕۆژێک کە وتی "هەموو ئەو گرووپانەی تا ٣٠ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦ چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت نەکەن لە چوارچێوەی یاساکانی دژە تیرۆردا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت"، لەم واتایەدا پەیوەندییان بە یەکەوە هەیە، لەگەڵ حەماسدا خۆی ڕێککەوتنی چەککردن واژۆ کرابوو، کاتێک ئێمە هێرشەکانی سەر هێزەکانی خۆپاراستن و گەل لە ڕۆژئاوا لە سەرەتای ٢٠٢٦ـدا و کێشە ئەمنییەکان کە لە باشووری کوردستان بەرەبەرە قووڵتر دەبنەوە بخەینە سەر ئەم وێنەیە، دەتوانین دۆخی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوەی کە ڕێبەر ئاپۆ هەوڵ دەدات بیکات باشتر ببینین.
ڕێبەر ئاپۆ ستراتیژییەکی نوێی هەبوون پێشدەخات
ئەو ئەنتێگراسیۆنەی کە تۆم باراک هەوڵ دەدات پێشی بخات، پاکتاوکردنی هەموو گرووپە چەکدار-بەرخۆدێڕەکانی دەرەوەی دەوڵەت لەخۆدەگرێت (هێڵی ئایدۆلۆژی-سیاسیی ئەم گرووپانە بابەتێکی جیاوازی گەنگەشەیە) و دروستکردنی پێکهاتەیەکی نوێی ئابووری-ئاسایش دەگرێتەوە، بە هاوکاریی هێزە هەرێمییەکان بۆ پلانڕێژیکردنی گونجاندنی بازرگانی و وزەی گەورە کە لە دەریای قەزوینەوە تا دەریای ناوەڕاست درێژ دەبێتەوە، "ڕێگاکەی بۆ پاک دەکاتەوە".
ئەم پلانە لە نێوان تورکیا-سووریا و عێراقدا وەگەڕخستنی دەروازەیەکی نوێی ئابووری و لۆجستی و تێکەڵکردنی ناوچەکە لەخۆدەگرێت، کە دەبێت مرۆڤ ئەمە لە چوارچێوەیەکی بەرفراوانتردا لەگەڵ "پەیمانی ئیبراهیمی"ـدا هەڵبسەنگێنێت کە ئیسرائیل پێشی خستووە، بۆ جێبەجێکردنی ئەم پلانە، جەنگی نەک یەک، بەڵکو ١٠ غەزە بۆ ئەوان نابێتە کێشە، ڕێبەر ئاپۆش لە بەرامبەر ئەم پلانەدا بۆ کوردان و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر بنەمای دیموکراتیزەبوون پێکهاتەیەکی نوێی هەبوون، ئاسایش و ژیان پێشدەخات، دۆخەکەش بەم ئەندازەیە ستراتیژی و ژیانییە.
پرۆژەی ڕێبەر ئاپۆ هەموو کوردستان دەگرێتەوە
ئەگەر دیسان بگەڕێینەوە سەر بابەتەکەمان؛ هەڵسەنگاندنی یاسای چوارچێوە کە لە ڕۆژەڤدایە لەناو ئەم تابلۆ گشتییەدا، مامەڵەکردن لەگەڵ ئەمەدا وەک "دەستپێکێک" کە ڕێبەر ئاپۆش ئاماژەی پێ کردووە و هەڵسەنگاندنی دۆخەکە بەو زانیارییەی کە ئێمە لەناو پرۆسەیەکی نوێی بونیادنانەوەداین بۆ کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بابەتییانە و ئەخلاقیتر دەبێت.
ڕێبەر ئاپۆ لەسەر ناوی کوردان و گەلانی ناوچەکە دەوێت سەردەمێکی نوێی بونیادنانەوە پێشبخات، دەوێت دەستکەوتەکانی کورد و کوردستان بخاتە ناو مسۆگەرکردنێکی یاسایی و سیاسییەوە، وەک دەزانرێت، بۆ پرۆسەکانی بونیادنانەوە ئەو ستراتیژییانە پێویستن کە خاوەنی یەکێتیی سیاسی-یاسایی-کۆمەڵایەتین، لەسەر ئەم بنەمایە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پرۆسەیەی کە ڕێبەر ئاپۆ هەوڵ دەدات لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا پێشی بخات، پێویستە وەک ستراتیژییەکی نوێی هەبوون و خەباتێکی گشتگیر لێی بنواڕین.
وەکو نموونە، کاتێک مەترسییەکانی سەر باشووری کوردستان هێندە زیادیان کردووە، سیاسەتی باشوور لەسەر ناوی گەلی کورد ستراتیژییەکی چۆن پێشدەخات؟ لە شوێنی گەنگەشەکردنی ئەوەندەی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی کە ئەمریکا لە هەولێر کێشایەوە، بۆچی لەگەڵ گەلی خۆیدا بەرنامەیەکی نوێی سیاسی-کۆمەڵایەتی و ستراتیژییەکی بەرگریی نەتەوەیی تاوتوێ ناکات؟ بۆچی بە پێشخستنی خەباتی یەکێتیی نەتەوەیی بەشداری لەو پرۆسەیەدا ناکات کە ڕێبەر ئاپۆ پێشی خستووە؟
ئاستی تێکۆشان ئایندەی یاساکە دیاری دەکات
بێگومان لە سیستەمی سێدارە و قڕکردنی ١٠٠ ساڵەی کۆماری تورکیاوە گەیشتن بەرەو دۆخی ئەمڕۆ ئاسان نەبوو، ئەمەش هەرە باش ڕێبەر ئاپۆ، تەڤگەری ئازادی و گەلی کورد دەیزانن، ئێستاش گەورەکردنی ئەم هەنگاوە یەکەمە بە تێکۆشانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک، دەستووریی بوونی کورد و پێشخستنی ئازادی و دیموکراسی لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئاسان نابێت، ڕێبەر ئاپۆ بەم یاسایەی کە ئێستا لە کارنامەی پەرلەماندایە زەمینە و دەرفەتی بنەڕەتیی بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک خولقاندووە.
ئامرازی جەنگی لە دەستی دەوڵەتدا ڕاگرتووە و بۆ تێکۆشانی دیموکراسی و ئازادی ڕووبەرێکی نوێی کردووەتەوە، لەم واتایەدا ڕێبەر ئاپۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکە مێژووییەکەی خۆی بەئەنجام گەیاندووە و هێشتاش ڕایدەپەڕێنێت، لەمەودوا ئیتر بەرپرسیارێتییەکە لەسەر شانی ئێمەیە.
ئاستی ئەو تێکۆشانەی کە گەلی کورد و هێزەکانی دیموکراسی دەیکەن، ئەوە دیار دەخات ئاخۆ یاساکە تا ئێرە بەسە یان نا، ئەگەر گەلی کورد لە هەموو بەشەکاندا لەگەڵ هێزە دیموکراسییەکاندا تێکۆشانی بونیادنانەوەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک بەرفراوان بکات، ئەم یاسایەی یەکەم بەرفراوان دەبێت و تا پرۆسەی نووسینەوەی دەستووری بنەڕەتیی نوێ مل دەکیشێت، لە دۆخی پێچەوانەشدا یاسای بەردەست هێشتا زیاتر پاشەکشە دەکات.
ب. جـ
