لە مەراسیمی دەستبەکاربوونی ژمارەیەک فەرماندەی سوپای پاسداران، عەمید یەدوڵا جوانی، جێگری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ کاروباری سیاسی، وتارێکی پێشکەش کرد.
یەدوڵا جوانی ڕایگەیاند، لە داهاتوودا جموجۆڵە سەربازییەکانمان لە بەرگرییەوە بۆ هێرشبردن دەگۆڕین و جەختی لەوەش کردەوە کە دووژمنانی ئێران ناتوانن هەنگاوی پێشوەختەی کتوپڕ ئەنجام بدەن و دەبێت چاوەڕێی "سوپرایزی ستراتیژی" لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە بن.
لە مێژووی سەربازیی ڕژێمی ئێراندا، بنەمای فەرمی لەسەر "بەرگریی " بونیاد نرابوو، واتە وەڵامدانەوە تەنها لە کاتی هێرش و پەلاماردا بوو، بەڵام باسكردن لە گۆڕینی بۆ دۆخی "هێرشبەرانە" نیشانەی گۆڕانکارییە لە شێوازی بەڕێوەبردنی تەکنیکی و تاکتیکیی هێزە چەکدارەکان لە کاتی قەیرانەکاندا.
ئــ.ع
