لە هەنگاوێکی نوێدا، وەزارەتی پەروەردەی سووریا کردنەوەی دەرگای دامەزراندنی بۆ مامۆستایانی زمانی کوردی لە ناوەندەکانی خوێندن ڕاگەیاند، کە پڕۆسەکە هەردوو توێژی (دامەزراو و دانەمەزراو) دەگرێتەوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوێکی وەزارەتەکە پێویستە پێشکەشکار هەڵگری بڕوانامەی دبلۆم یان بەکالۆریۆس بێت و لەهەمان کاتیشدا دەرچووانی ئامادەیی گشتی تەنها لە حاڵەتی شارەزایی تەواو لە زمانی کوردیدا وەک یەدەگ وەردەگیرێن.

هەروەها پێویستە پێشکەشکار لێهاتوویی و شارەزایی تەواویى لە هەردوو لایەنی نووسین و ئاخاوتنی زمانی کوردی هەبێت.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، پڕۆسەی پێشکەشکردن تەنها لە ڕێگەی فۆرمی ئۆنڵاینەوە دەبێت و دوای پێداچوونەوە و وردبینی لە زانیاریی پێشکەشکاران، وەزارەتی پەروەردە پەیوەندی بەو کەسانەوە دەکات کە مەرجە بنەڕەتییەکانیان تێدایە بۆ بەشداریکردن لە تاقیکردنەوەکاندا.

ئەم هەنگاوەی وەزارەتی پەروەردەی سوریا ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییە یاساییەکان و ڕێککەوتنی ئیدارەی خۆبەرێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستانە کە لە ٢٩ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا لەلایەن (ئەحمەد شەرع) واژۆ کراوە.

بەپێی ماددەی سێیەمی ئەو مەرسوومە کۆمارییە، زمانی کوردی بە فەرمی وەک زمانی نیشتمانی ناسێنراوە و ڕێگەدراوە لەو ناوچانەی زۆربەی دانیشتووانەکەی کوردن، پرۆسەی خوێندن بە زمانی کوردی بەڕێوەچێت.

ئـ.ع

4 وێنە
1 / 4