لە ئیستادا پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتى هەرێم و چالاککردنەوەی پەرلەمان ئاڵۆزتر بووە و لایەنەکان زیاتر لە یەکتر دوورکەوتوونەتەوە، نەک هەر ئەوەش، بەڵکو هێڵێکی سووری یەکلاکەرەوەیان لە نێوان خۆیاندا کێشاوە و بە هەڵوەشاندنەوەی ئەزموونى هەرێمی کوردستان هەڕەشە لە یەکتر دەکەن.
سیناریۆکانی بەردەم داهاتووی هەرێم چین؟
ئێوارەی دوێنێ شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە ڕوون و ئاشکرایی وتی: یان دەبێت حکومڕانی هەرێم بەو جۆرە پێکبێت، کە ئەوان و یەکێتی دەیانەوێت، یان کۆتایی بە ئەزموونی هەرێمی کوردستان دێت، ئەمە لێدانی زەنگی کۆتایی دەستکەوتەکانی هەرێمە، کە ١٠٠ ساڵە کورد خوێنی بۆ دەڕێژێت.
ئەمە تەنیا لێدوانێکی ئاسایی سەرۆکی حزبێکیش نییە، بەڵکو چەند سیناریۆیەک بۆ دابەشبوون یان هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی کوردستان لە ئارادایە و لە کۆبوونەوە ناوخۆییەکانی بەشێک لە لایەنەکان پێشنیاز کراوە و گفتوگۆی لەسەر کراوە، لە ئەگەری ڕێککنەوتنی پەدەکە و یەنەکە.
جگە لە سەرۆکی نەوەی نوێ، بەرپرسانی باڵای پەدەکە و یەنەکە بە ئاشکرا و لە میدیاکانیانەوە باس لە سیناریۆ و ئەگەری جۆراوجۆر دەکەن، ئەگەر حزبەکانیان ڕێکنەکەوێت، ئەو سیناریۆیانەی لە ئارادان سەرجەمیان لە دژی خەڵکی هەرێمی کوردستان و ئەزموونە ٣٥ ساڵییەکەیدایە و ڕێگا خۆشکەرە بۆ داگیرکەران تاکو کۆتایی بەم ئەزموونە بهێنن.
سیناریۆکان بەم شێوەیەن:
یەکەم: سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین وەک یەکەیەکی کارگێڕی ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ حکومەتى ناوەندی عێراق بکەن و هەموو پەیوەندییەکی ئیداری لەگەڵ هەولێر بپچڕێنن.
دووەم: دوو ئیدارەیی و تەنیا پەرلەمان و سەرۆکی هەرێم بمێنن و ببنە بەرزترین دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان، واتا ئەنجوومەنى وەزیران نەمێنێت.
سێیەم: دوو ئیدارەیی درووست ببێت و تەنیا سەرۆکی هەرێم هەبێت، کە نوێنەرایەتى هەرێم بکات، پەرلەمان و حکومەت هەڵوەشێننەوە.
چوارەم: کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم پێکبهێنرێت، بەو مەرجەی سەرۆکی حکومەت بۆ هاوپەیمانییەتی یەنەکە و نەوەی نوێ بێت و پەدەکە سەرۆکی هەرێم وەربگرێت.
پێنجەم: هەڵبژاردنی پێشوەختە، کە ئەمەیان بەربەستی هەیە و دەبێت هەرێم بەم شێوازەی ئێستا بمێنێتەوە تا ئەو کاتەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق پێکدەهێندرێتەوە، کە ئەویش پێویستە چوار ساڵی تەمەنی تەواو ببێت بۆ هەڵبژاردنێکی نوێ.
چەند ڕۆژێکە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەنەکە زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنەکان دەستپێکردووە، لەو کۆبوونەوانەدا هەموو ئەو سیناریۆیانە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ باسکراون، یەکێک لەو پرسانەش لە کارخستنی حکومەت و دەسەڵاتەکانییەتى لە ڕێگەی دادگای فیدراڵییەوە.
ڕەوتی هەڵوێست؛ کە لایەنێکی ئۆپۆزسیۆنە، ئەویش ڕایگەیاند، بەم نزیکانە لە دادگای فیدراڵی سکاڵا بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و لەکارخستنی حکومەتى هەرێم تۆمار دەکەن، پێشتریش هەریەکە لە کۆمەڵی دادگەری و نەوەی نوێ ئەو سکاڵایان لە دادگای فیدراڵی تۆمار کردووە، یەنەکەش ئێستا هاتووەتە سەر هەمان بڕوا.
بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەک بۆ دەربازبوون لەم دۆخە چەقبەستووییە، مەسعود بارزانی سەرۆکی پەدەکە پێشنیازی کۆبوونەوەی سەرۆکی سەرجەم حزبەکانی لە پیرمام کردووە، هەریەکە لە زۆرینەی حزبەکانی ئامادەییان دەربڕیوە، بەڵام تا ئێستا یەنەکە و نەوەی نوێ بڕیاری کۆتاییان نەداوە.
ئێستا یەنەکە و نەوەی نوێ بەیەکەوە ٣٨ کورسییان هەیە و داوای نیوەی حکومەت دەکەن بە سەرۆکی حکومەتیشەوە، دەشڵێن: جگە لەو ٣٨ کورسییە سێ کورسی دیکەشیان مسۆگەرە کە پێشبینی دەکرێت کورسییەکی گۆڕان و کورسییەکی جیابۆوە لە ڕەوتی هەڵوێست و کورسییەکی جیابۆوەی کۆمەڵیش، بەمەش هاوپەیمانێتییەکەی یەنەکە و نەوەی نوێ دەبێتە ٤١ کورسی، بەڵام پەدەکەش دەڵێت: بە دڵنیاییەوە یەنەکە و نەوەی نوێ ٣٨ کورسی نین، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی بەشێک لە پەرلەمانتارانی نەوەی نوێیان بۆ لای خۆیان ڕاکێشاوە.
مەترسی هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێم
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتى لەسەر ئەم دۆخەی هەرێمی کوردستان نیگەرانن و بەردەوامن لە فشار و هۆشدارییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت، دوایین فشاریش سەردانەکەی هەفتەی ڕابردووی تۆم باراک نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بوو بۆ هەولێر، کە بەگوێرەی زانیارییەکان، بە ئاشکرا ئەوەی بە بەرپرسانی هەرێم ڕاگەیاندووە، ئەگەر تا مانگی ٩ـی ئەمساڵ حکومەت پێکنەهێنن چاوەڕێی هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی فیدراڵی هەرێمەکەتان بن.
ئەمە یەکەم هۆشداری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتى نییە، لە ٢٠ـ٥ـی ٢٠٢١ جێنین پلاسخارت نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق لە مەراسیمێکدا لە شار هەولێر لە بەردەم تەواوی سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان وتی: پێتان وانەبێت ئەم ئۆتۆنۆمییەی ئێستا هەتانە هەروا بە مسۆگەری و تاهەتایی دەمێنێتەوە، هەربۆیە ئەوەی کە ڕوون و ئاشکرایە ئەوەیە؛ ئەم قەوارەیە پەیوەست و پابەندە بە یەکڕیزی و یەکگرتووی ئێوەوە.
هـ.ح
