ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی توێژینەوەیەکی سەبارەت بە ڕێژەی سەرپێچی و توندوتیژی بەرامبەر ژنان لە کەرتی تەندرووستیدا بڵاو کردەوە.

بە پێی توێژینەوەکان، پێشێلکردنی مافی ژنان لە ژوورەکانی منداڵبووندا ئاستێکی مەترسیداری تۆمار کردووە بە جۆرێک کە ٣٣٪ (زیاتر لە یەک لەسەر سێ)ـی ژنان لە ناوەندە تەندرووستییەکاندا لە کاتی منداڵبووندا تووشی جۆرێک لە توندوتیژی، بێڕێزی جەستەیی و دەروونی بوونەتەوە.

ئەوەشی دەرخستووە، ٥٩٪ـی پشکنینەکان بەبێ وەرگرتنی ڕەزامەندیی ئاگادارانەی نەخۆشەکە ئەنجامدراون و ٧٥٪ـی بڕینەکانی جەستە بەبێ ئاگادارکردنەوە و ڕەزامەندیی پێشوەختەی ژنەکە کراون، هەروەها سوکایەتیکردنی پزیشکەکان بە ئازاری ژنان لە کاتی منداڵبووندا وەک سزایەک بۆ ژنبوون تەماشا کراوە.

ئەوەش دوای ئەوە دێت کە ئومنیە سویدان پزیشکێکی میسری، لە حوزەیرانی ٢٠٢٦ـدا بەڵگەی لەسەر بوونی هەڵسوکەوتی توندوتیژیانە و سووکایەتیکردن بە ژنان لە نەخۆشخانەی زانکۆی شاتبی لە ئەسکەندەریە بڵاوکردەوە، دواتر دادگای ئەسکەندەریە بەهۆی ئاشکراکردنی ئەم ئامارانەوە سزای شەش مانگ زیندانی  و ٢٠ هەزار پاوەندی میسری وەک سزای پێبژاردن بەسەر ئومنیە سویداندا سەپاند، ئەوەش کاردانەوەی بەرفراوانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی لێکەوتەوە.

 

س.خ