ئەمڕۆ، لە فاملی مۆڵی شاری سلێمانی لە دەیەمین ڕۆژی پێشانگای کتێبی کوردی، ڕەوەز حەمەساڵەح، سەرپەرشتیاری پێشانگاکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا، زانیارییەکانی سەبارەت بە پێشانگاکە خستەڕوو.

ڕەوەز حەمەساڵح سەرپەرشتیاری پێشەنگاکە ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دەیەمین ڕۆژی پێشانگای کتێبی کوردیە لە سلێمانی، کە بە درووشمی کتێبی کوردی ماڵی زمان و شوناسمانە بەرێوەچوو، تارادەیەکی زۆر ئامانجی پێشانگاکە بەدی هاتووە، هەر پرۆژەیەک کە ئامانج لێی بە ناوەند کردنی بیرکردنەوە بوو، شایەنی ئەنجامدانە، ئەم پێشانگایە بە بەشداری زیاتر لە ٤٥ ناوەند و دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەنجامدرا.

 وتیشی: لە پێشانگاکە چەندین پەرتووکی بە ناونیشانی جیاواز تێدایە، تا ئێستا زیاتر لە ٣٠ هەزار پەرتووک فرۆشراوە و ئێمە چاوەڕێمان دەکرد زیاتریش بێت لەو ژمارەیە، بەڵام بە هۆی هەندێک حاڵەتەوە لەو ئاستەدایە.

باسیلەوەشکرد، لەم ١٠ڕۆژەی پێشناگاکە ١٠ سیمینار و کۆڕی جیاوازمان ئەنجامداوە، بە بەشداری سەدان کەس  کە لە سەر پرسی کورد بوون لە کایە جیاوازەکان گفتووگۆکرا، هەربۆیە لە سەر خواستی خەڵکێکی زۆر بۆ ماوەی سێ ڕۆژ پێشەنگاکە درێژ دەکەینەوە واتە تا ٢٥ـی ٨ـی ٢٠٢٦،  کاتژمێر یازدەی شەو بەردەوام دەبێت.

ڕەوەز حەمەساڵح ئاماژەی بەوەشکرد، پلان هەیە بۆ ساڵانی ئایندە پێشەنگاکە بەردەوامبێت، هاوکات ناوەند و دەزگاکانی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستانیش بەشداری تێدا بکەن و لە ئاستێکی گەورەتر پێشەنگاکە بەردەوام بێت.

لە کۆتاییدا وتیشی: تا خەبات و بەرخۆدانی مرۆڤی کورد لەپێناو شوناس و زمانەکەی بەردەوامبێت، ئەم جۆرە چالاکیانە کە دەرهاویشتەی ئەو خەباتەن بەردەوام دەبن و جگە لەسەرکەوتن ڕێگەیەکی دیکەی نییە.

س. ع