ئەمرۆ، هاوکاتی کۆتاییهاتنی ماوەی ٦٠ ڕۆژەی ئاگربەستی ئەمریکا و ئێران، ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی ئەنجام دا.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا بەقائی ڕایگەیاند، لە دەقی یاداشتی لێکتێگەیشتنى ئیسلامئاباددا هیچ بڕگەیەک بە ناوی "وادەی ٦٠ ڕۆژە" بوونی نییە و جەختی کردەوە، کە ئێران سیاسەتەکانی لەژێر گوشار و دواوادەدا دانانێت.

ناوبراو ڕوونی کردەوە، ئەو ماوە کاتییەی لە یاداشتەکەدا دیاری کرابوو، تەنها بۆ گفتوگۆکردن بووە لەسەر هەڵگرتنی سزاکان و دۆسییەی ئەتۆمی لەگەڵ ئەگەری درێژکردنەوەی، بەڵام بەهۆی پێشێلکارییە بەرفراوانەکانی ئەمریکا لەو یاداشتەی کە لە ١٨ـی حوزەیران واژۆ کرابوو، تەنها چەند هەفتەیەک دوای واژۆکردنەکەی، گفتوگۆکان دەستیان پێ نەکرد و بەو هۆیەوە پرسی وادەی ٦٠ ڕۆژە بەتەواوی بابەتێتی و گرنگیی خۆی لەدەست داوە.

ئــ.ع