ئەرگین ئاتابەی

لە دوای پەرەسەندنی دەوڵەتەوە بەدرێژایی مێژوو، پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگە و بە تایبەتیش پەیوەندی و ناکۆکییەکەی لەگەڵ شۆڕشگێڕە سۆسیالیستەکاندا، هەمیشە لە ئاستێکی پڕ لە ململانێدا بووە، دەوڵەت لە جەوهەری خۆیدا ڕێکخستنێکی توندوتیژییە، لەو ساتەوەی پەرەی پێدراوە، پەیوەندییەکەی لەگەڵ کۆمەڵگەدا لەسەر بنەمای توندوتیژی بووە و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش بووە کە فەیلەسوفەکانی دەوڵەت لە سەردەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریدا، ژێرخانی یاساییی ئەوەیان داڕشت کە قۆرخکاریی توندوتیژی هی دەوڵەت بێت، تا ڕۆژی ئەمڕۆ، پەیوەندی و ناکۆکیی نێوان دەوڵەت-کۆمەڵگە و دەوڵەت-شۆڕشگێڕە سۆسیالیستەکان، نەیتوانیوە لە خولگەی توندوتیژی، ململانێ و ڕاپەڕین تێپەڕێت.

ناکۆکیی بنەڕەتی

بەهۆی ئەم پەیوەندی و ناکۆکییەوە، سۆسیالیستەکان پرسی دەوڵەت-شۆڕشیان وەک لەپێشینەترین کێشەی بنەڕەتی دەستنیشان کردووە، لە جەوهەردا، بەم شێوەیە دیاریکردنی کێشەکە دروستە، بەڵام گرێکوێرەی بابەتەکە لە شێوازی چارەسەرکردنی کێشەکەدایە، دەسەڵاتداران بەپێی سروشتی خۆیان، دەوڵەت وەک قۆرخکارێکی توندوتیژی بەسەر کۆمەڵگەدا دەسەپێنن و لە ڕێگەی چەوسانەوەیەکی بەردەوامەوە کۆمەڵگە سەرکوت دەکەن، شۆڕشگێڕانیش لە ڕێگەی ڕاپەڕینەوە وەڵامی توندوتیژیی دەوڵەتیان داوەتەوە، نەک تەنها ئەمە، شۆڕشگێڕان کاتێک ویستوویانە کۆتایی بە قۆرخکاریی توندوتیژیی دەسەڵاتداران بهێنن، لەسەر ناوی چەوساوەکان قۆرخکارییەکی نوێی توندوتیژییان دامەزراندووە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی هەمان خولگەی پووچ. ڕێبەر ئاپۆ ئەم خولگەیە بەم شێوەیە پێناسە دەکات: لە ڕووخاندا دەوڵەتی خراپ، لە دامەزراندندا دەوڵەتی باش.

تێگەیشتنی دروست لە سەردەمەکە

ڕێبەر ئاپۆ بە شیکارکردنی ئەو کێشەیەی کە هەم بەهۆی خۆسەپێنەرییەکانی دەوڵەتەوە وەک قۆرخکارێکی توندوتیژی بەسەر کۆمەڵگەدا لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە، هەمیش بەهۆی نەبوونی شێوازی دروستی شۆڕشگێڕان بۆ چارەسەرکردنی پرسی دەوڵەت و دامەزراندنی جۆرێکی نوێی قۆرخکاریی توندوتیژی کە لە جەوهەردا نەیتوانی کێشەی نێوان دەوڵەت-کۆمەڵگە چارەسەر بکات، پەرەی بە هەڵوێستێکی نوێ داوە، ئاراستەی فکری، پارادایمی، سیاسی، ئایدۆلۆژی و ڕێکخراوەییی ٢٥ ساڵی ڕابردووی، لە پڕۆسەی ساڵی ڕابردوودا زیاتر گەیشتووەتە قۆناغی پێگەیشتن و بەرجەستەبوون، ئەم پرۆسەیەی ساڵ و نیوێکە دەستی پێکردووە، بە شێوازێکی جدی بە ئەرێنی و نەرێنی تاوتوێ دەکرێت، ئەمەش بەپێی سروشتی کارەکە شتێکی ئاساییە، بەڵام بەهۆی ئەوەی گفتوگۆکان لەسەر زەمینەیەکی دروست نین و کەموکوڕییان تێدایە لە تێگەیشتن لەوەی کە دەیەوێت چی بکرێت، بە تەواوی لەوە تێناگەن کە چۆن دەیەوێت پەیوەندی و ناکۆکیی نێوان دەوڵەت، گەلی کورد و بە گشتی کۆمەڵگە، جیاواز لە شۆڕشگێڕیی سۆسیالیستیی نەریتی چارەسەر بکات و چۆن لە ئاستێکی نوێدا فۆرمی پێدەدرێت، دیارە کە جۆرێک لە تەمومژاویبوون لە بیرکردنەوەدا هەیە لەلایەن کوردەوە. پێش هەر شتێک، مەرجەکان هەرچییەک بن، ڕێبەر ئاپۆ لەسەر بنەمای ئیرادەی ئازاد پەیوەندی دروست دەکات و پەرە بە دیالۆگ دەدات. هەرگیز ئیرادەی ئازاد ناخاتە ژێر گوشارەوە، تەنانەت ئەگەر مەرجەکان دیلبوونیش بن، بە ئازادی گفتوگۆ دەکات و دەدوێت، لە ماوەی ٢٠ ساڵ لە گۆڕەپانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ٢٧ ساڵ لە ئیمراڵیدا، هەمیشە ئیرادەی ئازادی پاراستووە.

ئیرادەی ئازاد بنچینەیە

کاتێک دەڵێین "ئیرادەی ئازاد"، مەبەستمان لەو کۆمەڵە بنەمایانەیە کە ڕێبەر ئاپۆ دروستی کردوون، کاتێک بیر لەو مەرجانە دەکرێتەوە کە تێیدا دەستی بەم پڕۆسەیە کرد، گومانێکی جدی بەرامبەر بەو بانگەوازە دروست ببوو کە لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە کرابوو، بە تایبەتی خاڵی هاوبەشی کورد ئەوە بوو کە ئەم بانگەوازە بەشێکە لە شەڕی دەروونیی ڕژێمی شەڕی تایبەت، هەڵوێستێکی لەم شێوەیە ناتوانرێت بە تەواوی پشتگوێ بخرێت، بەڵام جیاوازیی ڕێبەر ئاپۆ ڕێک لەم خاڵەدا دەردەکەوێت.

 ئۆپۆزسیۆن و ڕێبەرایەتی، پەیوەندییە تراوماتیک و پارادۆکسەکەی کوردی لەگەڵ دەوڵەتدا تێپەڕاندووە، کورد تووشی کۆکوژی جەستەیی و کولتووری بووە، ڕاپەڕیوە و شکستیشی هێناوە، لە گۆڕ نراوە، چیمەنتۆ کراوە بەسەریدا و دواوتەکانی خۆی لەبەر پەتی سێدارە گوتووە، بەشێکی هێشتا بەرەنگارییان کردووە، بەشێکیشیان بوونەتە یودەنرات، هێشتاش لە گەمارۆی جینۆسایددایە، ڕێبەر ئاپۆ کوردی لە گۆڕ دەرهێنایەوە، بەڵام هێشتا لە گۆڕستاندایە؛ پەتە ئینگلیزییەکەی پچڕاندووە، هێناوییەتیە سەر مێز، بەڵام پەتەکە هێشتا بە هەڵواسراوەیی دەجوڵێتەوە، هەموو ئەم واقیعانە لە ناو کورددا بوونەتە هۆی تراوما و پارادۆکس لە پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتدا، لەبەر ئەم هۆکارە ناتوانێت لەسەر بنەمای ئیرادەی ئازاد پەیوەندی دروست بکات، هەموو ئەم هۆکارانە شایەنی تێگەیشتنن، بەڵام ناتوانرێت هەتا هەتایە بە تراوما و پارادۆکسەوە بژی، ئا لێرەدایە کە ڕێبەر ئاپۆ ئەم دۆخە تراوما و پارادۆکسيەی تێکشکاندووە و تێپەڕاندووە.

تێپەڕاندنی خولگەی پووچ

لێرەدا گرنگی بەم خاڵە دەدات: تەنانەت ئەگەر بوارێکی شەڕی دەروونیی، شەڕی تایبەتیش بێت، ئەوەی گرنگ و بەنرخە ئەوەیە کە ڕێبەر ئاپۆ بە بنەمای چارەسەر وەڵام دەداتەوە و ئامادەکاریی هەیە، مادام ئەمە تێکۆشانێکە، ئەگەر تێکۆشانەکە ڕێبازەکەی خۆی دەگۆڕێت، دەبێت وەڵامەکەش بەپێی ئەوە بێت، ئەوەی تریش ئەوەیە کە مرۆڤ لە ناو تەڵەی بەردەوامی لۆبیی شەڕدا بمێنێتەوە، دۆخی نائاسایی یان لۆبیی شەڕ کایەیەکی بەم شێوەیەی داڕشتووە: بابەتەکەی لە ناو هاوکێشەی متمانەکردن-متمانەنەکردن، قبووڵکردن و ڕەتکردنەوەدا قەتیس کردووە، تا ئەو کاتەی لە ناو ئەم هاوکێشەیەدا بمێنیتەوە، لە ناو گۆڕەپانی کایەی ئەواندا دەکەویتە داوەوە و خولگەی پووچ بەردەوام دەبێت، ئەگەر سەرنج بدرێت، پرۆسەی ٣٠ ساڵی ڕابردوو هەمیشە بەم شێوەیە تێپەڕیوە، ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامی داوە، تێکشکاندنی ئەم هاوکێشەیەیە. بابەتەکە متمانەکردن-متمانەنەکردن، یان قبووڵکردن و ڕەتکردنەوە نییە، دەبێت بزانرێت کە ئەم هاوکێشەیە تەڵەیە، بابەتەکە دابینکردنی ئازادیی بوونی کوردە لەسەر بنەمای کۆماری دیموکراتیک و ئینتگراسیۆنی دیموکراتیکی کۆمەڵگە/نەتەوەی دیموکراتیک.

تێپەڕاندنی پارادۆکس

ڕێبەر ئاپۆ بەو هەنگاوەی پەرەی پێدا، بابەتەکەی لە هاوکێشە نائاساییەکە دەرهێنا و پەلکێشی نێو تێکۆشانی کرد لە هاوکێشەی مێزدا، کێ چی دەڵێت با بیڵێت، ئەمە وەرچەرخان و هەنگاوێکی مێژووییە، ئەوەی پێویستە تێی بگەین، تێکشکاندنی هاوکێشە نائاساییەکە و تێکۆشانە لە هاوکێشەی مێزدا، ئەوەی لێی تێناگەن، ئەم تێکۆشانەیە لە هاوکێشەی مێزدا. بەڕێوەچوونی تێکۆشان لە هاوکێشەی مێزدا، بەو واتایەیە کە تێکۆشان بە ئازادی و بە ئیرادەی ئازادەوە بەردەوام دەبێت، گواستنەوەی پەیوەندی و ناکۆکیی دەوڵەتە لە ئاستێکی تراوما و پارادۆکسەوە بۆ سەر ئاستی هاوکێشەی پەیوەندی و ناکۆکیی تێکۆشانی ئایدۆلۆژی-سیاسی، پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە لەم ئاستەدا، هەوڵی گۆڕینی سروشتی پەیوەندی و ناکۆکی دەدرێت بۆ فۆرمێکی نوێ، لەم ئاستەدا، تێکۆشان و بونیادنانی کۆمەڵگە/نەتەوەی دیموکراتیک بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە بەردەوام دەبێت.

چاوەڕوانی بە دۆڕاندن دەدات

لەم ئاستەدا، خراپترین شت کە مرۆڤ تووشی دۆڕان بکات ئەوەیە کە لە چاوەڕوانیدا بێت، لە هاوکێشەی مێزدا، زیندووێتیی شۆڕشگێڕانە گرنگە، ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ لە هاوکێشەی مێزدا زیاتر بووژاندوویەتیەوە، ڕۆح و زیندووێتیی شۆڕشگێڕانەیە، بۆ ئەوەی ئەو زیندووێتیە بمێنێت، تێکۆشانێکی تاقەتپڕوکێن دەکات، ئەگەر لەمە بە دروستی تێنەگەین، ڕێک لەو کاتەدا دۆڕان ڕوو دەدات، لە بنەڕەتدا بەربەستەکە ئەوەیە کە لە تێکۆشان، پەیوەندی و ناکۆکیی ئەم هاوکێشەی مێزە تێنەگەین، هاوکێشەی مێز جۆرە پەیوەندییەکە، بەڵام ناکۆکیی تایبەت بە خۆشی هەیە. وەک بڵێی هاوکێشەی مێز ناکۆکییەکە لەناو دەبات، بەهۆی بوونی جۆرە تێگەیشتنێکی لەم شێوەیە، پەرچەکردار بەرامبەر بەوە دەبێت کە هێزی بەرامبەر لە سیستمی لۆژیکیی خۆیدا ئەنجامی دەدات، وەک بڵێی بابەتەکە بە سەپاندنی ڕاستییەکان کۆتایی دێت، ڕاستییەکان دەگوترێنەوە، کەچی لە هاوکێشەی مێزدا ناکۆکییەکان لە بەرزترین ئاستدا چڕ دەبنەوە، چونکە دەیەوێت بەرەو چارەسەری ببات. ئەمە یەک خول نییە، هەمیشە ئامادەکاری بۆ خولێکی نوێ لە ئارادایە.

هاوکێشەی مێز

هێزی بەرامبەر دەکرێت بتخاتە گۆشەیەکەوە و بیەوێت بە یەک زەبر بتڕووخێنێت، ئەوەی گرنگە، دانەوەی وەڵامی دروستە، پێدەچێت وا بیر بکرێتەوە کە هاوکێشەی مێز کارێکی ئاسانە، وەک چۆن گەیشتن بە هاوکێشەی مێز، درزکردنە گۆڕەکە و بڕینی پەتە ئینگلیزییەکە قورس و دژوار بوو، دەرچوون لە گۆڕستانەکە و لەناوبردنی تەواوەتیی سێدارەش بەو ئەندازەیە دژوار دەبێت، پێشتر پرۆسەی ساڵ و نیوی ڕابردوو ئەمەی بە زیادەوە سەلماندووە، لەم خاڵەدا، بە تایبەتی ئەوانەی سەرقاڵی بونیادنانن، تەنها بە گوتنی ڕاستییەکان و دەستنیشانکردنی ئەوەی کە عەقڵییەتی نکوڵیکار چییە و گوتنی "نابێت"، بەرپرسیارێتی جێبەجێ ناکرێت. ئەوەی پێویستە، تێکۆشانە بەپێی هاوکێشەی مێز.

 ئەگەر بەپێی ئەم هاوکێشەیە مرۆڤ نەبێتە بونیادنەر، ڕێک لەو کاتەدا دەکەوێتە ناو تەڵەی کایەی شەڕی دەروونییەوە. گوتنی ئەوەی کە "مادام هاوکێشەی مێز هەیە، بۆچی چارەسەر نابێت و کایەکانی شەڕی دەروونی بەردەوامن"، لە جەوهەردا تێنەگەیشتنە لە تێکۆشانی ئازادیی بوون، دەبێت بزانرێت کە گەمەی گەورە لەسەر کورد بەڕێوە دەچێت، لە چەقی ئەم گەمانە، ئەوە هەیە کە زەینییەتی نکوڵیکەر بە تەواوی کورد تێکبشکێنێت، هاوکێشەی مێز بەو واتایە نییە کە هەموو شتێک چارەسەر بووە، لە لایەکی دیکەشەوە، تەنانەت ئەگەر چارەسەری کۆماری دیموکراتیک و ئینتگراسیۆنی دیموکراتیکیش پەرە بستێنێت، پەیوەندی و ناکۆکیی نێوان کۆمۆن و دەوڵەت هەر بەردەوام دەبێت.

هێڵی مارکس و ئەنگڵس

هاوکێشەی مێز پێویستە لەم ڕووەشەوە تێی بگەین، ڕێبەر ئاپۆ کاتێک دەوێت پەیوەندی و ناکۆکیی دەوڵەت بۆ ئاستێکی نوێ بگوازێتەوە، بە تایبەتی لە ناو دەوڵەتیشدا پەرە بە هێڵی تێکۆشان دەدات، ئەم هێڵە بە تایبەتی بۆ کورد و بە گشتی بۆ سۆسیالیستەکان و سەرجەم ئەو بەشانەی کۆمەڵگە کە لە دەرەوەی دەوڵەتن، شتێکی نوێیە. توندوتیژیی دەوڵەت و ئەو قۆرخکارییەی دەوڵەت لە توندوتیژی تێدەپەڕێنێت کە دەیەوێ دەوڵەت بڕوخێنێت، لە ڕاستیدا ئەمە هێڵێکە کە لە ڕابردوودا ئەنگڵس و مارکس بۆ ماوەیەک بەرگرییان لێکردووە بەڵام نەیانتوانیوە جێبەجێی بکەن.

ئەنگڵس ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەگەر دەرفەت هەبێت لەسەر بنەمای تێکۆشانی ئاشتیانە دەکرێت کێشەکان چارەسەر بکرێن، مارکسیش ئەوەی دەربڕیوە کە کاتێک دەرفەتەکان فەراهەم دەبن، دەکرێت پەرە بە تێکۆشانی یاسایی بدرێت، جیاوازیی ڕێبەر ئاپۆ ئەوەیە کە لە ڕووی تیۆری و پراکتیکییەوە ئەم هێڵەی وەک گۆشت و نینۆک لێکردووە، تێکۆشان و تیۆریی شۆڕش- دژی شۆڕشی (بێ ئەوەی بە تەواوی نکوڵی لە واقیعی چینایەتی بکات) تێپەڕاندووە و ناکۆکی، پەیوەندی و تێکۆشانی نێوان کۆمۆن-دەوڵەتی ڕێک لەم خاڵەدا داناوە.

 لە لایەکەوە دەوڵەتی نۆرم بە بنەما دەگرێت و دەیەوێت دۆخی نائاسایی بێبایەخ بکات، لە لایەکی دیکەشەوە لەسەر بنەمای پەیوەندی و ناکۆکیی کۆمۆن-دەوڵەت تێکۆشان بە بنەما دەگرێت، ئەگەر سەرنج بدرێت، لەم هێڵەدا هەنگاوێکی پێشکەوتوو هەیە، جەوهەری ئەم هەنگاوە ئەوەیە کە تێکۆشانەکە دەگوازێتەوە بۆ ناو خودی دەوڵەت، تێکۆشانی ناو دەوڵەت، تێکۆشانێکە کە سۆسیالیستەکان پشتگوێیان خستووە، بەهۆی ئەوەی دەوڵەت بە تێگەیشتنی چین دژی چین وەک دەوڵەتێکی هاوچەشن و تاقانە بینراوە، تێکۆشان هەمیشە پشتی بە دەرەوەی دەوڵەت بەستووە.

عەقڵی کورد پێویستە چی بکات؟

بەو پێیە دەوڵەتی هۆمۆژەن بوونی نییە، واقیعی کۆمەڵایەتی لە دەوڵەتدا ڕەنگ دەداتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی گروپبەندی لە ناو دەوڵەتدا، نەبینینی ئەم واقیعە و نەگواستنەوەی تێکۆشان بۆ ناو دەوڵەت، لە جەوهەردا کەوتنە ناو داوی لۆبیی شەڕەوەیە، ئەگەر سەرنج بدرێت، دۆخی نائاسایی/لۆبیی شەڕ بانگەشەی ئەوە دەکات کە خاوەنی ڕاستەقینەی دەوڵەت خۆیەتی و بەو شێوەیە پەرە بە شەڕەکە دەدات، کەچی دۆخەکە بە پێچەوانەوەیە، نەبینینی ئەم واقیعە، مانەوەیە لەو ئاستەی کە لۆبیی شەڕ بە بەردەوامی دەیەوێت، لە سەرەتاوە لۆبیی شەڕ ئەمەی دەوێت و بە پێداگرییەوە دەیەوێت کورد لە شەڕدا بهێڵێتەوە، بۆ ئەمەش هەموو شتێک دەکرێت، لە ڕێگەی شەڕی دەروونییەوە هانی کورد دەدەن، کەوتنە ژێر کاریگەریی ئەم هاندانە و گوتنی "نابێت"، کەوتنە ناو ئەو تەڵەیەیە کە نراوەتەوە، ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ بە کەسایەتیی ستراتیژیی خۆی ئەنجامی دەدات، نەکەوتنە ناو ئەم تەڵەیەیە، پەرەپێدانی ئەو هەنگاوانەیە کە بەو عەقڵە کوردییەی بونیادی ناوە، تێکۆشانەکە دەگوازێتەوە بۆ ناو دەوڵەت.

لەم ڕووەوە، ئاستی پەیوەندی و ناکۆکی لەگەڵ دەوڵەتدا لە هاوکێشەی مێزدا، هەل و دەرفەتێکی گەورەیە، دەبێت بزانرێت ئەم ئاستە خۆڕسکانە و بە ڕێپێدانی کەسێک نەهاتووە، واقیعی بەرگریی مێژوویی نیو سەدە لە ئارادایە، کەس نەهاتووە پێشکەشی بکات، کەسانی تر دەکرێت لوکسی ئەوەیان هەبێت لەم ئاستە تێنەگەن، بەڵام ئەو کەسەی کە لە دروستبوون و تێپەڕبوون بۆ ئەم ئاستەدا ڕەنج و باجی داوە، لوکسی ئەوەی نییە تێی نەگات.

هاوکێشەی مێز لەم ڕووەوە گرنگە، بێگومان نەبوونە نێچیر لە هاوکێشەی مێزدا، لایەنەکەی تری کارەکەیە. بۆ ئەمەش پێویستە لە پەیوەندی و ناکۆکیی کۆمۆن-دەوڵەت تێبگەین و پەرە بە سیاسەتێکی داهێنەرانە بدرێت. ژیانی کورد وەک بوونێکی ئازاد بەستراوەتەوە بەمەوە، لەم ڕووەوە، تێگەیشتن لە دیالەکتیکی تەواوکاریی پەیوەندی-ناکۆکی و تێکۆشان بایەخی خۆی هەیە، تەنها تیشک خستنە سەر پەیوەندی، یان تەنها سەر ناکۆکی یان تەنها بۆ سەر تێکۆشان، دەبێتە یەکڕەهەند بوون هەرسێکیان لە ناو یەکتردان، ئەگەر بونیادنەر، ئەم دیالەکتیکە بکاتە عەقڵییەت، کەسایەتی، ژیان و پراکتیکی خۆی، ئەوا بەرپرسیارێتیی خۆی جێبەجێ کردووە.

ڤ.م

لە تورکییەوە؛ نەجیبە قەرەداغی