زۆر ڕوونە کە؛ یاسای ئاماژەپێکراو، دەبێتە یاسایەکی تایبەت بە پەکەکە. بێگومان ئەم یاسایە بە تەنیا نابێتە ئەنجامێکی تەواو، واتە دیموکراتیزەبوونی تورکیا و چارەسەری پرسی کورد ناهێنێتە ئاراوە. بۆیە دەبێتە مەیدانی ڕەخنەی فرەلایەن و تا ڕادەیەک چڕیش. مادام لەم دۆخەدایە، کەواتە واتا و گرنگیی ئەم یاسایە چییە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە بەم شێوەیەیە:

یاسای ئاماژەپێکراو، دەرفەتی سیاسەتکردن و بەڕێوەبردنی تێکۆشانی سیاسی بە لایەنەکان دەدات. واتە ئەگەر یاسای ئاماژەپێکراو نەبێت، دەرفەتی سیاسەتکردن نابێت؛ ئەگەر دەرفەتی سیاسەتکردنیش نەبێت، شەڕ دێتە ئاراوە. کەواتە ئەوانەی یاسای ئاماژەپێکراو بە تەواوی ڕەت دەکەنەوە، ئەوانەن کە شەڕیان دەوێت یان بە دەربڕینێکی دروستتر، ڕەنتخۆری شەڕن.

لێرەدا دەتوانین ڕوانگەکان بەرامبەر یاساکە لە سێ خاڵدا دەرببڕین:

- ئەوانەی یاساکە وەک خۆی پەسەند دەکەن. بازنەکانی دەوڵەت و دەسەڵاتن، چونکە یاسای ئاماژەپێکراو خۆیان ئامادەیان کردووە و پێشکەشی پەرلەمانیان کردووە. لەم خاڵەدا ڕاستکردنەوەی هەڵەیەک گرنگە. بەهۆی هەندێک ڕوونکردنەوە و بڵاوکراوەوە وا هەست دەکرێت کە گوایە یاسای ئاماژەپێکراو لە ئیمڕاڵی ئامادە کرابێت و ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیش وەک خۆی بەشداریی تیادا کردبێت. ڕوونە کە ئەمە ڕاست نییە. ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دەرچوونی یاسایەکی وەهای بە گرنگییەکی مێژوویی دیوە، بەڵام یاساکەی وەک خۆی قبووڵ نەکردووە. زۆرێک لە ڕوانگە و پێشنیازەکانی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە یاساکەدا جێگەیان نەکراوەتەوە. یاساکە لەلایەن هاوپەیمانیی ئاکەپە و مەهەپەوە ئامادە کراوە.

- ئەوانەی دەرچوونی یاساکەیان بەم شێوەیەش بێت بە گرنگ دەزانن، بەڵام لە زۆر لایەنەوە بە کەموکورتی تێدا دەبینن و ڕەخنەی لێ دەگرن. تەڤگەری ئازادیی کورد و هەروەها زۆرێک لە بازنە چەپ و دیموکراتیکەکانن، لەم لایەنەوە لە هەموو قۆناغێکدا ڕەخنەیان لە یاسای ئاماژەپێکراو گرتووە و ڕوانگە و پێشنیازیان پێشکەش کردووە. لە سەرەتادا ئاماژە بەوە کراوە کە بە تەنها یاساکە تەنانەت دەرفەتی جێبەجێکردنیشی نابێتەوە، بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێت پێویستە بە زۆرێک لە یاسای نوێی دیموکراتیزەبوون تەواو بکرێت. جەختکراوەتەوە کە نۆرەی ئەوە هاتووە تێکۆشان بۆ دەرکردنی ئەم جۆرە یاسایانە بکرێت. واتە یاسای ئاماژەپێکراویان وەک کەرستەیەک بینیوە کە ڕێگە لە بەرامبەر تێکۆشانی سیاسی و یاساییدا دەکاتەوە و لەم لایەنەوە بە گرنگیان زانیوە. ئەم دۆخەیان بە 'دەستپێکی نوێ' و 'کرانەوەی کلیلەکە' پێناسە کردووە.

- ئەوانەی یاسای ئاماژەپێکراو بە تەواوی ڕەت دەکەنەوە. بازنە فاشیستەکانی وەک ئیی پارتی (İyi Parti) و زافەر پارتی (Zafer Partisi) لەگەڵ هەندێک بازنەی سۆسیال-نەتەوەیی لەم پۆلێنەدا جێگەیان گرتووە. وادیارە لەم پۆلێنەدا گەلێک توێژی دیکەش هەن کە خۆیان ئاشکرا ناکەن. ئەمانە بە دروستترین پێناسە بازنەی 'ڕەنتخۆر و دەستکەوتخواز'ـن؛ ئەو هێزانەن کە لە شەڕی کوردان لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە و بە تایبەتی تورکیادا کاسبی و قازانج دەکەن. کەسانی وەها لە ناوخۆی تورکیا و لە ناوچەکە و لە سەرانسەری جیهانیشدا زۆرن.

سوودێکی گەورەی تێدایە ڕستەیەک کە لە سەرەوە نوسیومانە لەبەر گرنگییەکەی جارێکی تر دووبارەی بگوترێتەوە: ئەوانەی ئەمڕۆ 'یاسای چوارچێوە'ـی پەسەندکراو لە پەرلەمان بە تەواوی ڕەت دەکەنەوە، لە بنەڕەتدا ئەوانەن کە شەڕیان دەوێت. ئەوانەن کە دەیانەوێت شەڕی ١٠٠ ساڵەی کوردان لەگەڵ کۆماری تورکیا، شەڕی ٤١ ساڵەی ساڵەی پەکەکە لەگەڵ کۆماری تورکیا و شەڕی ٢٠٠ ساڵەی دەوڵەتانی عوسمانی و تورک لەگەڵ کوردان بەردەوام بێت. یاسای ئێستا، ئەگەر باسی هیچ لایەنێکیشی نەکەین ئەوا کۆتایی بە دۆخی شەڕ هێناوە. دەبێتە ئەنجامێک بۆ هەموو پرۆسەکانی شەڕ و پێکدادانان. لەم لایەنەوە لانیکەم پێویستە پەیوەست بکرێت بە دوا شەڕی پەکەکە.

سەرنج بدەن، ئەمڕۆ لە ڕۆژانی مانگی ئابی ٢٠٢٦ـدا، هەوڵ دەدرێت ئاشتەواییەک دروست بكرێت کە ئامانجی کۆتاییهێنان بێت بە شەڕێک و یاسایەک دەربکرێت بۆ دەستەبەرکردنی. باشە ئەم شەڕە کەی دەستی پێکرد؟ زۆر ڕوونە کە ٤٢ ساڵ لەمەوبەر و دیسان لە ڕۆژانی ئابدا دەستی پێکرد. لە ١٥ـی ئابی ١٩٨٤ـدا بەو چالاکییانەی گەریلاکانی پەکەکە لە ئەڕوح و شەمزینان ئەنجامیاندان، چووینە ناو پرۆسەی شەڕی ئاماژەپێکراوەوە. ئەمڕۆ لە ئابی ٢٠٢٦ـدا لە کاتێکدا لە پەرلەماندا ئارەق دەڕژێندرێت بۆ دەرکردنی یاسایەک، ٤٢ ساڵ لەمەوبەریش بۆ پەرەپێدانی چالاکی دژی ڕژێمی فاشیستی-سەربازیی ١٢ـی ئەیلوول، لە شاخ لەلایەن گەریلاکانەوە ئارەق دەڕژێندرا. ئەوانەی ناتوانن ئەم ڕاستییە ببێنن و مانا و گرنگیی پەرەسەندنی گەریلا دژی ڕژێمی ١٢ـی ئەیلوول نازانن، ئەمڕۆش ناتوانن مانا بە هەوڵەکانی کۆتاییهێنان بە شەڕ ببەخشن.

بە کورتی، تێگەیشتنی ڕاست بۆ ئەمڕۆ، لە تێگەیشتنی ڕاستی ڕووداوەکانی ٤٢ ساڵ لەمەوبەرەوە سەرچاوە دەگرێت. واتە ئەگەر ٤٢ ساڵ پێش ئێستا و لە ١٥ـی ئابی ١٩٨٤ـدا ئەو بەرخۆدانییەی گەریلا دژی ڕژێمی فاشیستی-سەربازیی ١٢ـی ئەیلوول دەستی پێنەکردایە و ٤١ ساڵ بەردەوام نەبووایە، ئەمڕۆ دەرکردنی یاسای ئاماژەپێکراو نەدەهاتە ئاراوە. بوونی کورد و دیموکراسی کە پێویستی بە یاسایەکی وەها هەبێت دروست نەدەبوو. ڕژێمی فاشیستی-ئینکارکاریی ١٢ـی ئەیلوول بەسەر هەموو شتێکدا زاڵ دەبوو و هیچ بوون و لێگەڕانێک بۆ کورد و دیموکراسی نەدەما. کەواتە بە ناوی بوونی کورد و دیموکراسیی تورکیاوە هەرچییەک هەیە، بەرخۆدانی گەریلای ١٥ـی ئابی ١٩٨٤ دروستی کردووە یان نوێنەرایەتی کردووە و پەرەی پێداوە.

کەواتە تێگەیشتنی ڕاست بۆ ئەمڕۆ و لە 'یاسای چوارچێوە'ـی دەرکراو، بەستراوەتەوە بە تێگەیشتنی ڕاستی 'قەڵەمبازی گەریلایی ١٥ـی ئاب'ـەوە. واتە ئەگەر قەڵەمبازی گەریلایی ١٥ـی ئاب نەبووایە، ئەمڕۆ بە 'یاسای چوارچێوە' دەستپێکێکی نوێش نەدەبوو. چۆن یاسای ئاماژەپێکراوی 'یاسای چوارچێوە' لەلایەن زۆرێک لە بازنەکانەوە وەک دەستپێکێکی نوێ بۆ سیاسەتی تورکیا هەڵدەسەنگێندرێت، بە هەمان شێوە هەڵمەتی ١٥ـی ئابی ١٩٨٤ـیش بۆ بوونی کورد و دیموکراسیی تورکیا دەستپێکێکی نوێ بوو.

ئاشکرایە؛ هەڵمەتی گەریلایی ١٥ـی ئاب کە لە ژێر هەلومەرجەکانی ڕژێمی کودەتای ١٢ـی ئەیلوولدا نرا، هەنگاوێکی زۆر دروست بوو لە شوێن و کاتی خۆیدا. ئەگەر لە کرداریشدا پێداویستییەکانی بە شێوازێکی دروست جێبەجێ بكرابان، بێگومان ئەنجامەکانی زۆر جیاوازتر دەبوون لەوەی ئێستا. بەهۆی کەموکوڕییە کەسایەتییەکانەوە کە دەزاندرێت، هەنگاوی ئاماژەپێکراو بە کردارێک نەگیرایە بەر کە گونجاو بێت لەگەڵ پێداویستییە ئایدیۆلۆژی و ستراتیژییەکانیدا. ئەم دۆخەش بووە هۆی ئەوەی ئەنجامەکانی کەم بمێننەوە و نەتوانێت چارەسەری پێویست بخولقێنێت، بەڵام لەبەر ئەوەی جێبەجێکردنەکە بەو جۆرەیە، مانا و گرنگیی مێژوویی هەنگاوەکە بە هیچ شێوەیەک ون نابێت یان لەناو ناچێت.

هاوکات هەر بەهۆی ئەم مانا و گرنگییە مێژووییەیەوەیە کە ئەمڕۆ چارەسەری پرسی کورد و دیموکراتیزەبوونی تورکیا گەرمترین ڕۆژەڤە. ئەگەر بە دروستی لە بەرخۆدانی گەریلایی ١٥ـی ئاب تێبگەین و وانەکانی بە دروستی دەربهێنرێن، لەوەوە هەنگاوە یاساییەکانی ئەمڕۆش بە دروستی تێدەگەین و پێداویستییەکانی لە کرداریشدا بە سەرکەوتوویی جێبەجێ دەکرێن. پێویستە تەواوی هێزە سۆسیالیست و دیموکراتیکەکان و لە سەرووی هەمووشیانەوە کورد، بە هەموو لایەنەکانییەوە ئەم ڕاستییە بهێننە ئاستی هۆشیارییەوە.

بە تایبەتیش ژنان و گەنجان، گەلی کورد لە چوار بەشی کوردستان و دەرەوەی وڵات و دۆستانیان، پێویستە ئەم ڕاستییە بە تەواوی بهێننە ئاستی هۆشیارییەوە. بە بێ ئەوەی ڕێگە بە هیچ تێگەیشتنێکی هەڵە و کەموکوری بدرێت، دەبێت بە دڵنیاییەوە ئەمە ئەنجام بدرێت، چونکە تێگەیشتنی ڕاست لە ئەمڕۆ و جێبەجێکردنی ئەرکەکانی تێکۆشان بە سەرکەوتوویی بەمەدا تێدەپەڕێت. بۆ ئەمەش لە ٤٢ـەمین ساڵڕۆژەکەیدا، هەم پێویستە هەڵمەتی شۆڕشگێڕانەی گەریلایی ١٥ـی ئاب لە هەموو شوێنێک و بە جۆش و خڕۆشێکی گەورەوە پیرۆز بکرێت، هەمیش قوڵبوونەوە و لێگەڕین بکرێت بۆ ئەوەی وانە دەوڵەمەندەکانی بە تەواوی بهێندرێتە ئاستی هۆشیارییەوە. ٤٢ ساڵ پێش ئێستا لەگەڵ ئەمڕۆ لە ڕاستیدا تەواوکەری یەکترین. ئەمڕۆ لە کاتێکدا بە 'یاسای چوارچێوە' بەرەو پرۆسەیەکی نوێ دەچین، زانینی ئەوەی کە ئەمە بە هێزی مانا و جۆش و خڕۆشی ٤٢ ساڵ پێش ئێستا دروستبووە، گەرنگییەکی گەورەی هەیە. لەسەر ئەم بنەمایانە، بە ڕێز و پێزانینەوە یادی شەهیدە قارەمانەکانی هەڵمەتی ١٥ـی ئاب دەکەینەوە و جەژنی ژیانەوە و بەرخۆدان پیرۆز دەکەین.

 

سەرچاوە/ ڕۆژنامەی ئۆزگور پۆلەتیکا

 

ب. جـ