* بە سوودوەرگرتن لە گۆڤاری کۆمیناڵ، پوختەی هەڵسەنگاندن و پێشنیارەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەبارەی سۆسیالیزمی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک، لە شەش بەشدا دەخەینەڕوو.
ئەو داتایانەی کە دەرکەوتوون ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆمەڵایەتیبوون نزیکەی ٣٠,٠٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا لە دەوری کۆمەڵگەی دایکسالارییەوە گەشەی سەندووە. یەکەمین پێکهاتەی کۆمەڵایەتیبوون کە تێیدا ژن ڕۆڵی سەرەکی و بنەڕەتیی بینیوە، کۆمیناڵ بووە. ژیانی کۆلەکتیڤ، بەرهەمهێنان و دابەشکردن، دیارترین و بنەڕەتیترین تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگەی کۆمیناڵن. مرۆڤ دەتوانێت بەم تایبەتمەندییانە بڵێت پێوەرە ئەخلاقی و سیاسییەکانی کۆمەڵگەش.
پێوەرە ئەخلاقی و سیاسییەکان لە هەمان کاتدا لە پاراستن و بەردەوامبوونی کۆمەڵگەی کۆمیناڵدا ڕۆڵی بڕیاردەر و دیاریکەریان هەبووە. مرۆڤ ناتوانێت بڵێت چی لە کاتی ژیان لە سرووشتی یەکەمدا و چی لە کاتی بونیادنانی خۆیدا وەک سروشتی دووەم "لە کۆمەڵگەی دایکسالاردا هیچ کێشەیەک نەبووە"، بەڵکو ڕووبەڕووی گەلێک کێشە بووەتەوە و ئەزموونی کردوون، بەڵام ئەم کێشانەی باس دەکرێن، لەناو ڕەوتی سروشتیی ژیاندا هاتووەتە ئاراوە.
بە گەشەکردنی دەوڵەت، مێژوو بووەتە شاهێدی تێکۆشانی بێوێنە لە نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگەی کۆمیناڵدا. کاتێک کێشە کۆمەڵایەتییەکان لە شارەکاندا گەیشتنە بەرزترین ئاست، دەوڵەت وەک فۆرمولێکی چارەسەر گەشەی پێدرا. لە شارستانییەتی سۆمەرییەکاندا، کە یەکەم کۆمەڵگەی دەوڵەتپەرستی مێژووە، ئەم ڕاستییە بە ڕوونی دەبینرێت. زۆرێک لەو شارانەی لە کۆمەڵگەی سۆمەریدا دروستکرابوون، دوای ماوەیەک بەهۆی کێشەی ناوخۆییەوە ڕووبەڕووی پێکدادان بووەنەوە و دەستیان بۆ گەرووی یەکدی برد. هێرشی قەبیلەکانی بیابان لە دەرەوە و ئاڵۆزی و کێشەکانی ناخۆ و نێوان شارەکان، دواتر دەبنە هۆی قووڵبوونەوەی شەڕ و پێکدادانەکان. شارەکان دەگەنە ئاستێک کە ناتوانن بەردەوامی بە بوونی خۆیان بدەن. هەر بۆیە لە کۆمەڵگەی سۆمەریدا مەیلی ڕووخان و داڕمان سەرهەڵدەدات.
کۆمەڵگەی کۆمیناڵ فۆرمێکی پاراستنی بوونە
کۆمەڵگەی کۆمیناڵ، کە لە بەرامبەر هەژموونگەرایی بکوژی کاستیک، میکانیزمی دەوڵەت و بنەماڵەییدا وەک شێوازێکی بەرخۆدان و ژیانە، لە کلانەوە بەرەو قەبیلە و عەشیرەتگەری هەنگاوی ناو؛ فۆرمێکی کۆمەڵایەتیی بەرخۆدانە کە کۆمەڵگەی کۆمیناڵ بۆ خۆپاراستن و بەردەوامدان بە بوونی خۆی لە بەرامبەر بکوژی کاستییکدا گەشەی پێداوە. کۆنفیدراسیۆنەکانی قەبیلە و عەشیرەتەکان، لە بەرامبەر دەوڵەتپەرستیدا وەک مودێلێکی چارەسەری پێش دەکەون. دەوڵەت لە بەرامبەر کۆنفیدراسیۆنی عەشیرەتەکاندا و خێزانپەرستیش لە بەرامبەر دەوڵەتپەرستیدا وەک مودێلێکی چارەسەری دەردەکەون. کاتێک دەوڵەت دەبێتە ڕێبازی چارەسەریی چینە دەسەڵاتدار و سەردەستەکە، کۆنفیدراسیۆنەکانی قەبیلە و عەشیرەتەکانیش وەک ڕێگە چارەسەریی ژێردەستەکان دێنە ئاراوە. چۆن سۆمەر لانکەی شارستانییەتی دەوڵەتپەرست بوو، بە هەمان شێوە کۆنفیدراسیۆنی قەبیلە و عەشیرەتەکانیش کە لە هەمان ناوچەدا گەشەیان سەند، بوونە لانکەی گەشەکردنی شارستانییەتی دیموکراتیکی کۆمینالیستی کە گوزارشت لە کۆمەڵگەی کۆمیناڵ دەکات.
دەوڵەت کێشە دروست دەکات، نەک چارەسەری بەدی دەهێنێت
دەوڵەت، لە دەستپێکی دەرکەوتنیدا سەرچاوەی کێشە نییە، بەڵکو وەک یەکەیەک بۆ چارەسەری کە پیشخراوە دێتە پێشمان. دەوڵەت-شارەکانی سۆمەر نموونەی ئەم بابەتەن. بەڵام دۆخی دژوار لەم ‘چارەسەرییەدا’ هەیە. یەکەم؛ دەوڵەت، وەک هێزێک کە کێشە دروست دەکات، خاوەنی کاردانەوەیەک (پەرچەکردار)ـی وەها نییە کە ئەو کێشەیە لە بەرژەوەندیی کۆمەڵگەدا چارەسەر بکات. دووەمیش؛ ئەو چارەسەرییەی کە هێزێکی لەم شێوەیە بۆ کێشەکان دەیخاتەڕوو، چارەسەرییەکی کۆمەڵایەتی نابێت، بەڵکو چارەسەرییەکی دەوڵەتپەرستانە دەبێت. بەڵگەی ئەمەش ئەوەیە کە ئەو کێشانەی دەوڵەت خۆی بووەتە هۆی دروستبوونیان، بە دەوڵەتپەرستی چارەسەر ناکرێن؛ دیارترین نموونەی ئەمەش کۆمەڵگەی سۆمەرییەکانە.
لە لایەکی ترەوە، ئاراستەیەکی وەها کە دەچێتەوە سەر چڕکردنەوە و بەناوەندیبوونی هێزی شارستانییەتی دەوڵەتپەرست، لە نێوان قەبیلە و عەشیرەتەکانیشدا دەبینرێت. توێژی سەرەوەی کۆمەڵگەی قەبیلە و عەشیرەتەکان، بە ئاواتی دەوڵەتبوونەوە دەکەونە هەوڵی بەناوەندیبوونی هێزەکەیان. هەوڵەکانی گەشەپێدانی چارەسەری لەلایەن ئەو قەبیلە و عەشیرەتانەی کە لە بەرامبەر ئیمپراتۆریەتدا دەیانەوێت دەوڵەتی خۆیان دابمەزرێنن و چارەسەری پێش بخەن، ڕەنگە سەدەیەک ڕزگاریان بکات؛ بەڵام لە ئەنجامدا نەیانتوانیوە خۆیان لە ئەزموونکردنی هەمان ئەنجامی بێچارەسەریدا ڕزگار بکەن. بەرخۆدان لە بەرامبەر هێزی ڕووخێنەری دەوڵەت لە ڕێگەی دامەزراندنی دەوڵەتی تایبەت بە خۆوە، مەیل و ئاراستەیەکە کە لە سۆمەرییەکانەوە تا ڕۆژگاری ئەمڕۆمان بەردەوامە.
لە درێژایی مێژوودا، کۆمەڵگەی کۆمیناڵ و شارستانییەتی دەوڵەتپەرست بە ڤێرژنی جیاوازەوە دەردەکەونە پێشمان. ڤێرژنی سێیەمی شارستانییەتی دەوڵەتپەرست، لە قۆناغەکانی ئۆقیانوسی ئەتڵەسیدا لە ئەمستەردام (هۆڵەندا) و لە لەندەن (ئینگلتەرا) سەرهەڵدەدات. ئەمە ڤێرژنی بکوژی کاستیکی سەرمایەدارییە و شێوازی ئەو دەوڵەتەی خستوویەتیەڕوو، دەوڵەت-نەتەوەیە. لە بەرامبەر دەوڵەت-نەتەوەدا، لە شوێنی کۆنفیدراسیۆنی قەبیلە و عەشیرەتەکان، چارەسەریی سۆسیالیزمی بونیادنراو گەشەی پێدرا. هەرچەندە سۆسیالیزمی بونیادنراو هەوڵی دابوو لەسەر بنەمای کۆمیناڵ بێت، بەڵام لە جەوهەردا لە یەکسانییەکی دەوڵەت-نەتەوەیی دەچوو. گەورەترین ئاستەنگی ئەوە بوو کە بە لاساییکردنەوەی دەوڵەت-نەتەوە هەوڵی دەدا دەوڵەت-نەتەوە تێپەڕێنێت. ئەوەی بەم بابەتە دەسەلمێنرێت ئەوەیە کە؛ تەنانەت ئەگەر شێوازەکانیان جیاوازیش بن، کێشە کۆمەڵایەتییەکان بە دەوڵەتپەرستی چارەسەر نابن.
دەوڵەت-نەتەوە زیاتر توندوتیژی، شەڕ و پێکدادانە
سەرەنجام، کاتێک مرۆڤ بەرەو ڕۆژگاری ئەمڕۆمان دێت، دەوڵەت-نەتەوە لە شوێنی ئەوەی گرێکوێرەی ئەو کێشانە بکاتەوە کە لەلایەن شارستانییەتی دەوڵەتپەرستەوە دروستکراون، خۆی وەک کێشەیەکی گەورە لە ناوەڕاستدا وەستاوە. ئەو شتانەی دەوڵەت-نەتەوە بۆ مرۆڤایەتی هێناونی، زیاتر توندوتیژی، شەڕ و پێکدادان بووە. سەرچاوەی سەرەکیی کێشەکە، کۆیلەکردنی کۆمەڵگەیە. گەیشتووینەتە ئەو ڕاستییەی کە لە سەرچاوەی کۆیلەکردندا، کۆیلایەتیی ژن جێگەی گرتووە. کۆیلایەتیی ژن هەنگاو بە هەنگاو دەگۆڕێت بۆ کۆیلەکردنی گشتیی کۆمەڵگە و بەم شێوازە کێشەی کۆمەڵایەتی دەگاتە بەرزترین ئاست. دەوڵەتێک کە کێشەکە دەگەیەنێتە ئەم دۆخە، لە هەمان کاتدا وەک تاکە بەربژێر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەش نیشان دەدرێت.
کۆمەڵگەی کۆمیناڵ، کە ئاگاداری ئەم ڕاستییەیە کە چارەسەریی دەوڵەتپەرستانە لە جەوهەردا کێشەکە قووڵتر دەکاتەوە و کۆمەڵگە بەرەو کارەسات پاڵ پێوە دەنێت، لە سەرەتاوە بەدوای ڕێگەکانی خۆپاراستنی لە بەرامبەر دەوڵەتدا دەگەڕێت. بەرخۆدانی کلان، قەبیلە، عەشیرەتەکان، بەرخۆدانە ئاینییەکان بە شێوازی مەزهەب، تەریقەتەکان و نەتەوەبوون، لە جەوهەردا گەڕانن بەدوای پاراستنی بوونی خۆیان و دۆزینەوەی چارەسەری بۆ ئەو کێشە کۆمەڵایەتییانەی کە دەوڵەت دروستی کردوون.
ئەو فۆرمانەی کە دەوڵەت و کۆمەڵگە وەریانگرتووە، بەرهەمی ئەم پرۆسە دژبەیەک و پڕ لە ململانێیەیە. کۆمەڵگە ناچار دەبێت گەشەسەندنی دیالێکتیکیی خۆی، بەپێی ئەو تێکۆشانەی لەگەڵ نەیارەکەیدا دەیکات، بگەیەنێتە فۆرم و شێوازی نوێ. بە هەڵوەشانەوە و پارچەبوونی کۆمەڵگەی کلان، کۆمەڵگەی کۆمیناڵ بە شێوازی قەبیلەکان خۆی ڕێکدەخاتەوە و هەوڵدەدات بەردەوامی بە بوونی خۆی بدات؛ بە دەوڵەتییکردنی ئاینیش، لە ڕێگەی مەزهەب و تەریقەتەکانەوە ڕووبەڕووی دەوڵەت دەبنەوە و بە ناوەندیبوونی هێزی دەوڵەتیش، پەنا بۆ چیاکان دەبەن.
دەوڵەت-شارەکان بۆ دەستبەسەرداگرتنی بوونی قەبیلە ئازادەکان، هێزەکانیان دەکەنە یەک؛ لە بەرامبەر ڕێکخستنە کۆنفیدراڵییەکانی عەشیرەت و قەبیلەکاندا، ئیمپراتۆرییەتێکی دەوڵەتپەرست دروست دەبێت. ڕۆما، ئیمپراتۆرییەتەکانی سەدەی ناوەڕاست، ئیمپراتۆرییەتی ئینگلیز و ئەمڕۆش لە ژێر ناوی جیهانگیریدا ئەو ناوەندە نوێیانەی کە هێز دەسەپێنرێن، لە جەوهەردا دەربڕینی ناوەندیبوونی دەوڵەتن لە بەرامبەر کۆمەڵگەدا.
فاشیزمی دەوڵەت-نەتەوە
گەنگشەیەک بەم شێوازە هەیە کە 'ئایا سەرمایەداری دەوڵەت-نەتەوەی خوڵقاندووە یان دەوڵەت-نەتەوە سەرمایەداری خوڵقاندووە؟'. هەموو ئاماژەکان ئەوە دەستنیشان دەکەن کە دەوڵەت-نەتەوە سەرمایەداریی خوڵقاندووە. تێگەیشتنی ڕاست لە ڕۆڵی دەوڵەت-نەتەوە لەناو ئەم دژبەرییەدا گرنگییەکی گەورەی هەیە.
کاتێک مرۆڤ بەرەو ڕۆژگاری ئەمڕۆمان دێت، دەوڵەت-نەتەوە بە فاشیزم کۆتایی پێدێت. دەوڵەتی فاشیست، فۆرمی سەردەمی داڕزان و گەنیوبوونی دەوڵەت-نەتەوەیە. دەوڵەت-نەتەوە؛ چی بە ڕەنگی سۆسیالیزمی بونیادنراو بێت و چی بە ڕەنگی لیبراڵ-سەرمایەداری بێت، لە قۆناغی هەڵوەشانەوەدا دەبێتە فاشیست. ترسی هەڵوەشانەوە و داڕمان، بە فاشیزمی دەوڵەت-نەتەوە بەئەنجام دەگات.
قەبیلە کۆمەڵگەی پاراستنی جەوهەرییە
قەبیلە، کۆمەڵگەی پاراستنی جەوهەرییە. لە بەرامبەر کۆمەڵە ڕاوچییەکانی کلاندا، خۆی لەو گۆڕەپانانەدا جێگیر دەکات کە بتوانێت خۆی بپارێزێت. چونکە لە دەستی کۆمەڵە ڕاوچییەکاندا چەکی پێشکەوتوو هەیە و زاڵن بەسەر تەکنیکی ڕاوکردندا. ئەم تەکنیکانە ئێستاش بۆ ڕاوکردنی تاکەکانی ناو قەبیلە ئازادەکان بەکاردێنن. ئەو تاکە دەسەڵاتدارانەی لە ناو ئەم پێکهاتە نێرینە و نوخبە باڵادەستەدا هەن، خۆیان وەک "خودا" بەرز دەکەنەوە.
کاتێک قەبیلەکان لە ڕووی هەژمارەوە زیاد دەبن، لە ڕێگەی کۆبوونەوەی چەندین قەبیلە و گەیشتنیان بە ڕێکخستنێکی گەورەتر، دەربازی فۆرمی عەشیرەت دەبن. هەرچەندە هێزی هێرشبردنی دەوڵەت زیاتر بێت، دەبێت هێزی پاراستنی کۆمەڵگەش بەپێی ئەوە و بە شێوازێکی هاوتەریب زیاتر بێت. لە ڕاستیدا لە قۆناغی داهاتوودا ئەم بابەتە بە شێوازی فیدراسیۆن و کۆنفیدراسیۆنی عەشیرەتەکان دەێتە دی.
چۆن فۆرمی ڕێکخستنی سەردەمی سەرەتایی قەبیلە بووبێت، لە سەردەمی ناوەڕاستدا ئەمە دەگۆڕێت بۆ شێوازی عەشیرەت. لە سەردەمی ناوەڕاستدا ئیتر بە زۆری فۆرمی عەشیرەت گەشەی سەندووە. دەبینین کە گەشەکردنی عەشیرەتگەری لە سەردەمی ناوەڕاستدا تا سەردەمی دواین بەردەوام دەبێت و بەرەو کۆتاییش جێگەی خۆی بۆ فۆرمێکی نوێ بە شێوازی نەتەوەبوون چۆڵ دەکات. ئیتر فۆرمەکانی ڕێکخستنی ناوچەیی بەش ناکەن، وەک ڕێکخستنێکی بەرزتر دەربازی فۆرمی نەتەوەبوون دەبێت.
ئیسلامییەتی و کۆمۆن
ئیسلامی محەمەد لە جەوهەردا ئیسلامی کۆمۆنە. ئەو کۆمەڵگەیەی حەزرەتی محەمەد لە مەککە و مەدینە بونیادی دەنێت، کۆمەڵگەی کۆمۆنە. ئێمە بە گرنگییەوە جەخت لەسەر ئەمە دەکەینەوە. سەحابەکانیش کۆمەڵگەیەکی کۆمۆن بوون. فۆرمی محەمەدی لە مەککە کۆمۆنێکی بەو شێوەیە بوو. لە حەزرەتی محەمەدەوە تا ئەبوبەکر، لە عەلییەوە تا بیلال و سەلمانی فارسی، هەر یەکەیان کۆمۆنارێک بوون (ئەوانەی وەک کۆمۆن دەژین و کۆمۆنەکان بونیاد دەنێن). لە بەرامبەر ئەمەشدا، کەسایەتییەکانی وەک ئەبوجەهل و ئەبوسوفیان کە ئەرستۆکراتەکانی قورەیش بوون، نوێنەرایەتیی دەوڵەتیان دەکرد. پێگە قورەیشییەکان لە مەککە قۆناغی دەوڵەتبوون دەردەبڕێت. ئەبوسوفیان پێشڕەوی ئەم مەیل و ئاراستەیە بوو، کوڕەکەی موعاوییەش خۆی مەیلی دەوڵەت دەگۆڕێت بۆ ئیمپراتۆرییەت. ئەبوسوفیان ئەم کۆمەڵگە کۆمیناڵەی کە حەزرەتی محەمەد دروستی کردبوو دەبینێت و لە یەکەم دەرفەتیشدا، بۆ ئەوەی ئەم کۆمۆنە بگۆڕێت بۆ هێزی دەوڵەت، وەک ئامرازێک بەکاری دەهێنێت.
شەڕی نێوان کۆمۆن و دەوڵەت لەناو ئیسلامدا تا ڕۆژگاری ئەمڕۆمان بەردەوامە. ئەمڕۆش، شەڕ و ململانێ لە نێوان ئەو گرووپە ئۆپۆزسیۆنانەی کە نوێنەرایەتیی جەوهەری کۆمیناڵی ئیسلام دەکەن، لەگەڵ ئیسلامی دەوڵەتپەرست کە دەیەوێت نەریتی دەوڵەتپەرستی درێژەپێبدات، بوونی هەیە.
لەناو نەتەوەییبووندا پەیوەندیی نێوان ژێردەست و سەردەست هەیە. بە سەرهەڵدانی ئەمەوییەکان، ڕاستیی نەتەوەیەکی سەردەست دێتە ئاراوە. عەباسییەکان درێژە بەمە دەدەن. لەگەڵ سەلجوقییەکانیشدا، نەتەوەییبوونی تورکەکان گەشەی پێدەدرێت. لەم گوستنەوەیەدا، هەندێکیان وەک نەتەوەی ژێردەست و هەندێکیشیان وەک نەتەوەی سەردەست بەشی خۆیان لەم دۆخە وەردەگرن. نەتەوەبوون، فۆرمێکی تێپەڕبوونە لە نێوان عەشیرەت و نەتەوەدا. پێویستە مرۆڤ زۆر باش لەم ئەڵقە ناوبڕە تێبگات. لە سەردەمی ئیسلامدا، لەناو عەرەبەکاندا بەدەوی، لەناو تورکەکاندا تورکمان و لەناو کوردانیشدا کرمانج بە تەنیا فۆرمی عەشیرەت نین، بەڵکو فۆرمی نەتەوەییبوونن.
سبەی بەشی دووەم
ب. جـ
