* بە سوودوەرگرتن لە گۆڤاری کۆمیناڵ، پوختەی هەڵسەنگاندن و پێشنیارەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەبارەی سۆسیالیزمی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک، لە شەش بەشدا دەخەینەڕوو.
هەر هەنگاوێک کە بە ناوی ڕێگریکردن لە لایەنگرانی ئازادی و دیموکراسیی کوردان دەنرێت، پرسی کورد لە چوار پارچەکەدا زیاتر بەرەوپێش دەبات و قووڵتری دەکاتەوە. ئەمڕۆ هەر چوار بەشەکەش لەبەرامبەر مەترسیی وێرانکاری و غەزەبووندا وەستاونەتەوە. کوردستان لە ناوەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەک سەرچاوەیەکی گەورەی کێشەکان وەستاوە.
ئەگەر چارەسەرییەک پەرەی پێ نەدرێت، ئەوا ڕۆژڤی هەموو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داگیر دەکات و بەردەوام بەرەو چەقبەستووییان دەبات. بۆ تورکیا، کە وەک گەورەترین هێز لە ناوەندی کێشەکەدا جێگەی گرتووە، پەرەپێدانی چارەسەرییەک کە هەموو کوردان لەخۆبگرێت، ئیتر بووەتە پێویستییەکی حەتمی.
پرسی کورد ڕۆژانە زۆر تاوتوێ دەکرێت، بەڵام هێشتا نزیکایەتییەکی وەها پەرەی پێ نەدراوە کە بەرپەرچی کۆمەڵکووژیی کولتووری بداتەوە و تێیپەڕێنێت. ئاشکرایە کە ئەو چارەسەرە فیدراڵییەی لە باشووری کوردستاندا هەیە، نابێتە چارەسەر. ئەو پەکەکەیەی کە دەیانویست پاکتاوی بکەن و بۆیان نەکرا، بە دەستپێشخەریی خۆمان تێمانپەڕاند. لەم دۆخە ئاڵۆزەدا، ئەو ئامرازەمان لە دەستی ئەو کەسانە دەرهێنا کە دەیانویست بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکاری بهێنن. بەپێی ویستی خۆیان دەیانویست بە تۆمەتی 'تیرۆریست' ڕێگە لە هەموو جۆرە چارەسەرییەک بگرن. لە هەموو هەوڵەکانیاندا ئامانجیان پاکتاوکردنی پەکەکە بوو.
پەکەکە وەڵامی سیاسەتی کۆمەڵکووژی بوو
سەرەڕای هەموو سەپاندنەکانی پاکتاوکردن، پرسەکە چارەسەر نەبوو؛ بەپێچەوانەوە پرسەکە زیاتر بووە بابەتێکی کۆمەڵایەتی و هەموو بەشەکان و دەرەوەی وڵاتیشی گرتەوە. بەتایبەتی بۆ ئەو کۆمەڵگە کوردییانەی کە ناچار کرابوون لە دەرەوەی وڵات بژین، نیازەکانی چارەسەری زیاتر بوون. لە ڕابردوودا لە شوێنەکانی وەک چەولیگ، دارا هێنێ، ئاگری و دێرسیم کۆمەڵکووژی ڕوویان دابوو؛ لە مێژووی نزیكیشدا لە شوێنەکانی وەک هەڵەبجە و شنگال مەکینەی تاوانەکانی کۆمەڵکووژی دیسانەوە خرابوونەگەڕ؛ کۆماری تورکیا و ڕژێمی بەعسی عەرەبی بۆ ئەوەی کورد لە ماوەیەکی کورتدا بە ڕێگەی کۆمەڵکووژی کۆتایی پێ بهێنن، پێکەوە یان بە جیا پلانیان دەستپێکرد. بەڵام کورد کۆتایی نەهات؛ پەکەکە لەبەرامبەر ئەم هەوڵانەی کۆمەڵکووژکردن وەک بەرخۆدانێک هاتە ئاراوە و بە کرداری وەڵامی ئەم دۆخەی دایەوە.
بەرخۆدانی پەکەکە ڕووناکی بە بوونی کوردی بەخشی
ئەو بەرخۆدانەی کە پەکەکە خوڵقاندی، بوونی کوردی کە شاردرابووەوە هێنایە بەر ڕووناکی، کردی بە بەرخۆدێر و هۆشیاری کردەوە. وایکرد بوونێکی کۆمەڵایەتیی کوردی بە خەسڵەتێکی دیموکراتیکی پێشکەوتووەوە دابمەزرێت. بەڵام نەیتوانی بە تەنیا چارەسەریش بۆ خۆی بەرهەم بهێنێت؛ چونکە دەوڵەتە دەسەڵاتدارەکان، دەوڵەت-نەتەوەکانی ناوچەکە، هێزە هەژموونگەرەکان و هاوکارەکانیان لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا دەستبەرداری کۆمەڵکووژیی کولتووریی کوردان نەبوون. لەبەرامبەر ئەمەشدا، نەیانتوانی ڕێگری لە دەرکەوتنی کۆمەڵگەی کوردی بگرن کە وەک هێزێکی ڕێکخراو هەنگاو بە هەنگاو داواکارییە دیموکراتیکەکانی بەرز دەکردەوە.
دەوڵەت-نەتەوە دەسەڵاتدارەکان لە جێبەجێکردنی سیاستەکانی کۆمەڵکووژیی کولتووریدا، کە بەرەو لاوازی دەچن، ئیتر وەک جاران کاریگەر نین. هەتا نیشانەکانی دەستبەرداربوون لەم بابەتە ڕوو لە زیادبوون دەکەن. چۆن دەتوانرێت چارەسەرێک بۆ ئەم پرسە بدۆزرێتەوە کە وەک دەسەڵاتە دەسەڵاتدارەکان چاوەڕوانییان دەکرد پاکتاونەبووە و بەڵام بە تەواویش نەگەیشتووەتە ئامانجەکەی؟
چارەسەری کۆمەڵگەی دیموکراتیک
ئاشکرایە کە ڕێگەی ئەم بابەتە بە ناو چارەسەری کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا تێپەڕ دەبێت. دەبینرێت کە لە بەرامبەر قبووڵکردنی چارەسەری کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا، چی لەلایەن وڵاتانی ناوچەکەوە بێت یان لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا، ئاستەنگی جدی هەن. تەنانەت تێگەیشتن لەم بابەتە لەناو کۆمەڵگەی کوردیشدا بە تەنیا پێویستی بە هەوڵ و خەباتێک هەیە. بەڵام جگە لەمە، دۆزینەوەی چارەسەرێک کە لە واقیعەوە نزیک بێت سەختە.
لە لایەکی ترەوە، چارەسەری کۆمەڵگەی دیموکراتیک هەنگاو بە هەنگاو قورسایی پەیدا دەکات. ئێستا ئیتر بوونی کورد بابەتی گەنگەشە و دانوستاندن نییە و لەو دۆخە دەرچووە. بەڵام ئایا چارەسەری سیاسیی ئەم بابەتە لە هەر چوار بەشەکەی کوردستاندا چۆن دەبێت، هێشتا وەڵام نەدراوەتەوە.
دوا هەنگاوی کۆماری تورکیا کەم تا زۆر ئاماژە بەوە دەکات کە گەیشتووەتە درککردن بەم ڕاستییە و لە ڕێگەی هەوڵەکانیشەوە دەردەکەوێت کە خاوەنی نییەتی چارەسەرییە. ئێمەش بە 'مانیفێستۆی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک' لە بەرامبەر ئەم هەنگاوەدا هەڵوێستێکی ئەرێنیمان نیشان دا. لەناو ئەم هەڵوێستەدا وەها پێشبینی دەکەین کە ئەگەر لەسەر چارەسەری ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک ڕێککەوتن بێتە ئاراوە، ئەوا بەرەو چارەسەرییەک هەنگاو دەنێت.
هەمووان هەوڵ دەدەن لە کۆمەڵگەی دیموکراتیک تێبگەن
ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک دەربڕینی چارەسەرێکی دیموکراتیکە. شیکردنەوەی تیۆری و ڕێکخستبوونی ئەم بابەتە، بۆ کۆماری تورکیا گرنگییەکی ژیانیی هەیە. بەتایبەت ڕای گشتیی تورکیا هێشتا وادەزانێت کە ئێمە بە دوای دەوڵەتدا دەگەڕێین. ئێمە دژی دەوڵەت-نەتەوەین، چونکە ئەمە دژی تێگەیشتنی ئێمەیە بۆ سۆسیالیزم؛ پاشماوەیەکی سۆسیالیزمی بونیادنراو کە ڕووخاوە و کۆتایی پێهاتووە. بەڵام لە سەرەتادا کادیرانمان و پاشان هەموو کەسێک هەوڵ دەدات تێبگات کە کۆمەڵگەی دیموکراتیک چۆن دەبێت و بەپێی تێگەیشتنی خۆی لێوردبوونەوەی بۆ دەکات. کۆماری تورکیا، ئێران، عێراق و هێزە جیهانییەکان لەم بابەتەدا ئەوەی بە ئامانج گیراوە هێشتا بە شێوازێکی ڕوون شیکردنەوەیان بۆ نەکردووە.
سۆسیالیزمی کۆمەڵگەی دیموکراتیک
کەسانێک هەن و دەشبن کە بە چاوی ئەرێنی و نەرێنییەوە سەیری بابەتەکە دەکەن. مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەکان لەسەر بنەمای دەوڵەت- نەتەوە کە سۆسیالیزمی بونیادنراو دروستى کردووە، پرەنسیپێکی چارەسەرییە کە لە پرەنسیپەکانی ویڵسۆنەوە بەرهەم هاتووە و ڕێسایەکی چارەسەریی نا-سۆسیالیستییە. چارەسەری دەوڵەت-نەتەوە کە گرنگترین دیاردەیە بووەتە هۆی هەرەسهێنانی سۆسیالیزمی بونیادنراویش، خۆی دەسپێرێتە ئەم پرەنسیپە. لە شوێنی داواکردنی ئەم چارەسەرە، ئێمە تێگەیشتنی خۆمان بۆ سۆسیالیزمیش سەرلەنوێوە گەیاندە فۆرموولەیەک و وەک سۆسیالیزمی کۆمەڵگەی دیموکراتیک پێناسەمان کرد. لەبەر ئەم هۆکارە، هەڵسەنگاندنی کۆمەڵگەی دیموکراتیک بە هەموو پێوەرەکانییەوە گرنگییەکی ژیانیی هەیە.
مۆدێلی دەوڵەت-نەتەوە کە وەک مۆدێلی ڕزگاربوون لە پرسەکە نیشان دەدرێت، وەک یەکەمین توخم کە لایەنگر و خوڵقێنەری کێشەکانە، توانای چارەسەرکردنی نییە. ئەو گەڕانانەی دەوڵەت-نەتەوە کە وەک "گەڕان بە دوای چارەسەری"ـدا نیشان دەدرێن، گەڕانە بە دوای بەشکردنی دەسەڵاتداری و گەڕانە بە دوای دۆزینەوەی شوێنێک لەناو هێزی هەژموونگەردا کە هەنگاو بە هەنگاو دەگاتە لووتکە. ئەوەی دەمێنێتەوە چارەسەری کۆمەڵگە-نەتەوەی دیموکراتیکە کە وەک خاڵی ناوەندیی لێگەڕینمان، مۆدێلی ڕزگاربوونە لە قەیرانی کۆمەڵایەتی.
لە جەوهەردا، ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک، ڕاستیی چارەسەرکردنی کێشەی کۆمەڵگە و کێشەی دەوڵەت دەردەبڕێت. بە شێوەیەکی گشتی دەوڵەت بە بانگەشەی چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان هاتووەتە ئاراوە. ئەمە بۆ هەموو ڕاستییەکانی دەوڵەت دەگوترێت. بەڵام بە درێژایی مێژوو دەوڵەت خۆی هەنگاو بە هەنگاو دەبێتە سەرچاوەی کێشەکە. لە دەوڵەت-شارەکانی سەردەمی کۆنەوە تا نەتەوە-دەوڵەتەکانی ئەمڕۆ، تایبەتمەندیی بنەڕەتیی هەموو شێوازەکانی دەوڵەت ئەمەیە.
کورد گەیشتووەتە توانای هەڵبژاردنی ئازاد
کاتێک لەم چوارچێوەیەدا لە پرسی کورد دەڕوانرێت، ئاشکرایە کە لە دەستپێکێکی گرنگدایە. کورد لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا زۆر جیاوازترە لە سەدەکانی ١٩ و ٢٠؛ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هێزی کردەیییان بەدەستهێناوە و ئیتر بوونەتە بکەر (کرده). خاوەنی هێزی پێویستی ئیرادە، بڕیار، پارادایم، ئایدۆلۆژیا، ڕێکخستن و هێزی سیاسین کە دەتوانن هەڵبژاردنەکانی خۆیان بە شێوازێکی ئازاد بکەن. لەم خاڵەدا باسی ئازادیی ڕەها ناکەین؛ ئازادیی ڕەها بۆ هەموو گەلێک مەحاڵە. باسی هەڵبژاردنی ئازاد دەکەین کە چۆن و لەگەڵ کێدا بژین. کورد لەم واتایەدا گەیشتووەتە توانای هەڵبژاردنی ئازاد. کورد، سەپاندنەکانی دەرەوە و خۆسپاردن بە هەندێکی تر وەک جاران قبووڵ ناکات؛ گەیشتووەتە ئاستێکی وەها. وەک کۆمەڵگە-نەتەوەی دیموکراتیک، ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک لەگەڵ ئەم هەڵبژاردنە ئازادەدا بەدی دەهێنن. لەسەر ئەم بنەمایە، ئەنتێگراسیۆن لە ئەنجامی هەڵبژاردنی ڕەسەن و لەسەر بنەمای ئارەزوومەندانە دەبێت. لە سۆسیۆلۆژیای مێژوویی و دۆخی سیاسیی ئەمڕۆ دەڕوانێت و بڕیاری هەڵبژاردنی ئەوە دەدات کە کام هاوپەیمانیی ستراتیژی بۆ ئەو و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گونجاوە.
دەستوورێکی بنەڕەتیی نوێ پێویستە
ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک؛ پەیوەندییەکان و بەشداری لە دەوڵەتدا بەپێی سۆسیۆلۆژیای مێژوویی، لەسەر بنەمای سۆسیالیزمی کۆمەڵگەی دیموکراتیک ڕێک دەخاتەوە. بۆ ئەمەش، چاکسازییەک کە دەستوورێکی بنەڕەتیی نوێ و دیموکراسیی خۆجێیی لەخۆ بگرێت، پێویستە. چاکسازییەکی وەها جەوهەری ئەنتێگراسیۆنەکە دەردەبڕێت. لەسەر ئەم بنەمایە، ئەو چارەسەرییەی پەرەی پێ دەدەین چارەسەرییەکی تاکەکەسی نییە، بەڵکو ئەنتێگراسیۆنێکی کۆلێکتیڤ. هاووڵاتیی ئازاد دەربڕینی ئەم ڕاستییەیە. کورد لەسەر بنەمای کۆلێکتیڤ، بە شێوازێکی ئازاد بەشداری لە کۆماری تورکیادا دەکات. بەپێی ئەمەش، چاکسازییەکی نوێی دەستووری بنەڕەتی پێویستە کە دیموکراسیی خۆجێی لەخۆبگرێت.
لەم خاڵەدا گرنگە کە پەیوەستبوون بە دەوڵەتەوە، تێکەڵ بە هەڵبژاردنی ئازادیی ڕەگەز-نەتەوە، ئاین-کولتوور و سیستەم نەکرێت. پەیوەستبوون بە دەوڵەتەوە، هاووڵاتیبوونی دەستووری بنەڕەتییە. بەڵام هەڵبژاردنی ڕەگەز-نەتەوە، ئاین-کولتوور و سیستەماتیکبوون جیاوازە. هەر هاووڵاتییەک کە هاووڵاتیبوونی بە دەستووری بنەڕەتییەوە بەستراوبێتەوە، پێویستە بتوانێت بە ڕەگەز-نەتەوەی خۆی، ئاین-کولتووری خۆی و سیستەماتیکبوونی خۆی بە شێوازێکی ئازاد بژێت. بۆ ئەمەش پێوەرە بنەڕەتییەکە ئەوەیە کە یەکپارچەییی دەوڵەت تێک نەچێت.
ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک هەم یەکپارچەیی و بوونی دەوڵەت مسۆگەر دەکات و هەم ڕێگە دەدات کە هەر هاووڵاتییەک، وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێ دابوو. لە هەرسێ گۆڕەپانەکەدا هەڵبژاردنی ئازادی خۆی بکات. ستراتیژیی ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک بە تەواوی ئاماژە بەم بابەتە دەکات.
سبەی بەشێ سێیەم
ب. جـ
