دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە ڕێککەوتنەکانیان لەگەڵ ئێران و دەستپێکردنى پرۆسەى وێرانکردنى ئابوورى ئێران، لە تروس سۆشیال پەیامێکی بڵاوکردەوە.

ترەمپ ڕایگەیاند، ئێران دەرفەتێکی بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا لەدەستدا، بۆیە ئەمریکا هەڵمەتێکی ئابووری دژی تاران دەستپێدەکات، هەروەها هیچ کەسێک دەرفەتی گەورەتری لەوەی من پێم بەخشیبوون بە ئێران نەداوە بۆ ڕێککەوتن، بەڵام نەیانتوانی بیقۆزنەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ڕێکارە نوێیەکان دەبنە شەڕێکی ئابووری و گۆشەگیری لەسەر ئاستێک کە پێشتر وێنەی نەبووە، وڵاتەکەی سەرچاوەکانی پاڵپشتی ئابووری ئێران ئامانج دەگرێت، لەوانەش قاچاغچێتی نەوت، هێڵەکانی ئاڵوگۆڕ، حەواڵەی کاش، کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو، تۆماری کەشتییەکان و کۆمپانیا ڕووکەشەکان.

ترەمپ ئاگاداریی دایە هەر وڵاتێک کە هاوکاری ئێران بکات و ڕایگەیاند، هەر وڵاتێک ڕێگە بە دامەزراوە داراییەکانی، کۆمپانیاکانی، فڕۆکەخانەکانی، یان لایەنە حکومییەکانی بدات و هەر جۆرە هاوکاری و دەرفەتێکی ڕزگاربوون بە ئێران ببخشن، خۆیان ڕووبەڕووی لێکەوتەی ئابووری زۆر گەورە دەبنەوە.

ترەمپ داوای لە هەموو هاوپەیمانەکانی ئەمریکا کرد، لە پاڵ وڵاتەکەیدا بوەستن بۆ گۆشەگیرکردن و تێکشکاندنی هەڕەشەکانی ئێران و ڕایگەیاند، تاران کەوتووەتە پێگەیەکی زۆر لاوازەوە، هێزی دەریاییان کۆتایی پێهاتووە، هێزی ئاسمانییان تێکشکێنراوە، کارگە سەربازییەکانیان بوونەتە کەلاوە، دراوەکەیان هیچ بەهایەکی نەماوە.

لە کۆتایدا ترەمپ جەختیشی کردەوە، ئامانج لە ڕێکارە نوێیەکان ئیفلیجکردنی ئێران و تواناکانییەتی، دووبارە هەڵوێستی خۆی دووپاتکردەوە کە ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ناوەکی.

ئەمە لەکاتێکدایە، ئێران دەڵێت لەئەگەرى ڕانەگرتنى هێرشەکانى ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەى، ئەوا بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا لە ناوچە و تەنانەت لە ئەورووپاش دەکاتە ئامانج.

 

هـ.ئ