ناوەندى هەواڵەکان

سەرچاوەکە دەڵێت: واشنتۆن و تاران لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە هێشتا سەرقاڵی دانوستانن، کە دۆسیەی ئەتۆمیش دەگرێتەوە، بەڵام ترەمپ پێشنیازەکەى ئێرانی بۆ ئاگربەست بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ ڕەتکردووەتەوە، هەروەها ترەمپ گومانی هەیە لەوەی ئێران بتوانێت داواکارییەکانی جێبەجێ بکات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ دەستەبەرکردنی تێپەڕبوونی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە بەردەوامە، پێویستیی بەپەلەی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن کردەوە، لە هەمان کاتدا ئەمریکا نێوەندگیرەکانی ئاگادارکردووەتەوە کە ترەمپ نیازی هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی نییە.

باس لەوەشکراوە، ئەمریکا پێیوایە گوشاری ئابووری تاران دەكاتە ژێر بار بۆ واژۆکردنى ڕێککەوتنێک، لە کاتێکدا دەکرێت هەڵوێستەکانی ترەمپ لەگەڵ بەردەوامی شەڕدا بگوڕدرێن، لە هەمان کاتدا بە یاریدەدەرەکانی ڕاگەیاندووە کە پێشبینی دەکات دوای هەڵبژاردنە بەراییەکان بۆردوومانکردنی ئێران دەستپێبکاتەوە.

جێگەى ئاماژەیە، حکومەتی ئێران لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا پلانێکی ئاشتیی پێشکەشی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە، کە بریتییە لە پلانێکی حەوت ڕۆژەی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.

ئێران لە ڕێگەی پلانەکەوە پێشنیازی ڕاگرتنی تەواوی کردەوە سەربازییەکانی لە ناوچەکەدا بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ کردووە، لەوانەش لە لوبنان، سەرباری ئازادکردنی سەرمایە بلۆکراوەکانی ئێران کە بە نزیکەی ١٢ ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، لە بەرامبەردا ویلایەتە یەکگرتووەکان پابەند دەبێت بە هەڵگرتنی سزاکان لەسەر نەوتی ئێران و کۆتاییهێنان بە گەمارۆکان لە بەرامبەر دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە.

هـ.ئ