بەپێی ئەنجامەکانی تاقیکردنەوەیەکی کلینیکی نوێ کە لە گۆڤاری زانستیی The Lancet eBioMedicine بڵاوکراوەتەوە، ئەگەر مرۆڤ شێوازی ژیانی خۆی بەرەو تەندروستبوون نەگۆڕێت، ئەم حەبانە هیچ جۆرە باشتربوونێک لە بیرەوەری، توانای ژیری، یان قەبارەی ئەو بەشانەی مێشکدا درووست ناکەن کە بەرپرسن لە پڕۆسەی بیرکردنەوە.
دکتۆر حسێن یاسین، پرۆفیسۆری زانستی دەمار لە زانکۆی باشووری کالیفۆرنیا و سەرپەرشتیاری سەرەکیی توێژینەوەکە، لەم بارەیەوە ڕایگەیاندووە، تەنانەت کاتێک ڕێژەیەکی بەرزی ئۆمێگا-٣ لە مێشکی بەشداربوواندا تۆمارکرا، هیچ گۆڕانکاری و باشتربوونێک لە توانای ژیرییاندا بەدی نەکرا.
پسپۆڕانی پزیشکیش جەخت دەکەنەوە کە خواردنی ئەم تەواوکەرانە بۆ ئەو کەسانەی کێشیان زۆرە، وەرزش ناکەن، ئاستی دڵەڕاوکێیان بەرزە و خۆراکی ناتەندرووست دەخۆن، بێسوود و بێکاریگەرە.
وەک نموونەیەکی سەرکەوتوو، توێژینەوەکە تیشک دەخاتە سەر دانیشتووانی ناوچەی دەریای ناوەڕاست؛ هەرچەندە ئاستی ئۆمێگا-٣ لە مێشکیاندا زۆر بەرزە و خاوەن توانایەکی ژیریی باشن، بەڵام ئەوان پشت بە حەب و کپسول نابەستن، بەڵکو لە ڕێگەی خواردنی ماسیی چەور، وەرزشکردنی بەردەوام و پەیڕەوکردنی ژیانێکی ئارام و کەمسترێسەوە ئەو ماددەیە بەدەستدەهێنن.
دکتۆر یاسین ڕوونکردنەوە دەدات کە پاراستنی ڕاستەقینەی مێشک لە ڕێگەی باشترکردنی تەندروستی گشتییەوە دەبێت، ئەمەش بە پابەندبوون بەم چەند هەنگاوەوە بەدی دێت:
وەرزشکردنی بەردەوام و کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ، خەوتنی پێویست و ڕێکخراو، پەیڕەوکردنی سیستمی خۆراکی ڕووەکی و وەرگرتنی ئۆمێگا-٣ی سروشتی لە ماسی، چەرەسات و تۆوەکانەوە.
لە بەرامبەردا، ڕێکخراوی جیهانیی ئۆمێگا-٣ (GOED) کە نوێنەرایەتی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ئەم تەواوکەرە خۆراکییانە دەکات، لە ڕێگەی نامەیەکەوە بۆ تۆڕی CNN پێشوازیی تەواوی لەم ئەنجامانە نەکرد و ڕایگەیاند، پێویستە سەیری سەرجەم بەڵگە زانستییەکان بکرێت.
بە وتەی ئەوان، پێداچوونەوەیەک کە بەسەر ٣٣ توێژینەوەی پێشووتردا کراوە، نیشانی دەدات کە ئۆمێگا-٣ کاریگەرییەکی پارێزەر دژی گەشەکردنی زەهایمەر دروست دەکات و یەکێکە لەو توخمانەی کە زۆرترین لێکۆڵینەوەی زانستیی لەسەر ئەنجام دراوە.
ئــ.ع
