ئەمڕۆ ١٠ ساڵ بەسەر شەهیدکردنی وەدات حسێندا تێپەڕ دەبێت کە وەک پەیامنێرێکی چالاک و چاوکراوەی ئاژانسی هەواڵیی ڕۆژنیوز لە سنووری بادینان کاری دەکرد و دەنگی ناڕەزایەتی و کپکراوی هاووڵاتییانی سنوورەکەی دەگەیاند، بەڵام پەدەکە ئەمەی پێ قبوڵ نەکراو بە شێوەیەکی دڕندانە تیرۆری کرد.

شەهید وەدات لە ماوەی کارکردنیدا دەستی بۆ ئەو بابەت و پرسانە دەبرد کە پەیوەندی بە باشترکردنی ژیانی خەڵک و ئازادییەکانەوە هەبوو، ئەمەش ئەو شتە بوو کە دەسەڵاتی پەدەکە لێی دەترسا و نەیدەویست لە بادینانێکی دووجار داگیراکراودا هیچ  سەکۆیەک هەبێت ئەو دەنگە بگەیەنێت.

شەهید وەدات ساڵی ١٩٨٨ لە گوندی ئەلەکانی سەر بە شارۆچکەی دەڤەری پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان، لە خێزانێکی هەژاری وڵاتپارێز لە دایکبووە، لە ساڵی ١٩٩٠ خانەوادەکەی دەگەڕێنەوە بۆ باشووری کورستان و لە دهۆک نیشتەجێ دەبن، شەهید وەدات قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی، ناوەندیی و ئامادەیی تا پۆلی ١٢ بە سەرکەوتوویی بڕیوە، بەڵام بەهۆی بارودۆخە جیاوازەکانی ژیانى خێزانەکەیەوە بە ناچاریی وازی لە خوێندن هێناوە.

سەرکوتکردنی ئازادیی و خراپی بەڕێوەبردن و نەبوونی خزمەتگوزارییەکان لە سنووری بادینان وای لە شەهید وەدات کرد بیر لە ڕێگایەک بکاتەوە ئەم دۆخە بگەیەنێتە گوێی ڕایگشتی، ئەوە بوو لە ساڵی ٢٠١٦ـدا ڕۆژنیوزی کردە مینبەری گەیاندنی دەنگی خەڵک و بە مایکە سوورەکەی ڕۆژنیوز هێڵە سوورەکانی دەسەڵاتی پەدەکەی تێکشکاند، لەماوەی کارکردنیشیدا ئەو دۆخی سنووری بادینانی بۆ بینەر و خوێنەرەکانی ئاژانسەکە دەگواستەوە.

دەسەڵاتی پەدەکە هیچ نەما بۆ وەستاندنی شەهید وەدات نەیکات تا واز لە گەیاندنی دەنگ و ئازاری خەڵکی ناوچەکە بهێنێت، چونکە ئامانجیان ئەوە بوو وەداتیش بخانە ناوی بازنەی گەندەڵییەکانی خۆیانەوە، بەڵام ئەو ڕادەستبوونی ڕەتکردەوە و پارێزگاریی لە ئاژانسەکەی و دەنگی خەڵکی ناوچەکەی کرد، بۆیە دواجار لە ١٣ـی ئابی ٢٠١٦ لەلایەن دوو ئۆتۆمبێلەوە پێش و دوای لێ دەگرن و دەیڕفێنن.

 دواتر وەدات حسێن بە برینداریی دۆزرایەوە، کە شوێنەواری ئەشکەنجەیەکی زۆر بە جەستەیەوە بوو، گەیاندرایە نەخۆشخانە، بەڵام نەیتوانی هیچ پەیڤێک بدرکێنێت و بەشێوەیەکی گوماناویی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا، ئەمە بووە پەڵەیەکی ڕەش بەناوچاوانی دەسەڵاتی بادینانەوە کە هەمیشە دەمێنێتەوە.

ئەمڕۆ دوای ١٠ ساڵ بەسەر شەهیدکردنی وەدات دا سنووری بادینان لە خراپترین دۆخی خۆیدایە و هیچ نەفەسێک بۆ ئازادیی و هیچ سەکۆیەک بۆ گەیاندنی دەنگی کپکراوی خەڵکی ناوچەکە نییە، ئەو دەستەی وەداتی شەهید کرد، بادینانی کردوەتە دۆزەخ بۆ رۆژنامەنووسان و چالاکوانان و دەنگی ئازاد، ئەوەی ڕەخنە بگرێت یان دەنگی ناڕەزایەتی بەرز بکاتەوە، دەم و دەست لەناو زیندانی پڕ لە ئەشکەنجەی پەدەکەدا خۆی دەبینێتەوە، ئێستاش ژمارەیەک ڕۆژنامەنووس لەسەر کاری ڕۆژنامەنووسی لە زیندانی پەدەکەدان.

ئاژانسی ڕۆژنیوز هیچ کاتێک دەستبەرداری ئەو ڕووحە ڕادەستنەبووەی شەهید وەدات نابێت کە لە پێناویدا شەهید بوو، بۆیە ئەگەرچی ڕێگە بە کارکردنی ئاشکرای ئاژانسەکە نەدرێت، بەڵام ڕۆژنیوز بە ڕێگا و شێوازی تایبەتى خۆی لە بادینانەوە بەردەوامە لە گەیاندنی دەنگ و ئازاری خەڵکی ناوچەکە کە بەدەستی دەسەڵاتی پەدەکەوە دەیچێژن.

هـ.ح

13 وێنە
1 / 13