د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندرووستیی هەرێم بڕیارێکی دەرکردووە و ئاڕاستەی نەخۆشخانە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە.
بەپێی بریارەکە کە واژۆی وەزیری تەندرووستیی لەسەرە و ئاڕاستەی نەخۆشخانەکانی کەرتی تایبەت کراوە، لە کاتی گیانلەدەستدانی هەر نەخۆشێکدا، دەبێت دەستبەجێ و بێدواکەوتن تەرمەکە ڕادەستی کەسوکاری بکرێتەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، نابێت بە بیانووی نەبوونی خەرجی نەخۆش یان تەواونەکردنی پاکتاوی خەرجی لەگەڵ نەخۆشخانە، تەرم ڕابگیرێ و دەستبەسەر بکرێ. وەزیری تەندرووستیی جەختیکردووەتەوە، پڕۆسەی ڕادەستکردنەوەی تەرم دەبێت بەپێی یاسا و ڕێنماییەکانی پزیشکی داد بێت.
هاوکات وەزیری تەندرووستیی هۆشداریی دەداتە نەخۆشخانەکان و ڕایدەگەیێنێت، لە کاتی پابەندنەبوون بەم رێنماییە و هێشتنەوەی تەرم بەهۆی پارەوە، ڕێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر.
ئەم نووسراوەی وەزیری تەندرووستیی لە کاتێکدایە کە پێشتر نەخۆشخانە تایبەتەکان بۆ ڕادەستکردنەوە تەرم بڕێک پارەیان وەردەگرت و ئەگەر کەسوکاری مردوو ئەو پارەیەیان نەدابایە ڕادەستکردنەوەیان دوادەخست و گرفتیان درووست دەکرد.
هاوکات نەخۆشخانە تایبەتەکان زۆرجار بە بیانووی جیاواز برینداریان وەرنەدەگرت، وەک ئەوەی بەرامبەر"غەزاڵ" پێشمەرگەکەی ڕۆژهەڵات نەخۆشخانەی بەخشین ئەنجامیان داو بریندارەکەیان وەرنەگرت تا گیانی لەدەستدا.
هـ.ح
