وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سەبارەت بە سەپاندنى سزا نوێ بەسەر ئێران و گرووپەکانى لە چوارچێوەى سەپاندنى گەمارۆى ئابوورى، ڕاگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، سزای نوێیان بەسەر کۆمەڵێک کەسایەتی و دامەزراوەدا سەپاندووە، سزادراوە نوێیەکان کەسایەتیی پەیوەندیدار بە سوپای پاسداران و گرووپەکانی لە لوبنان دەگرێتەوە.

ڕوونی کردەوە، ئەو گرووپانەی دووبارە خستووەتەوە ناو لیستى سزاکانەوە بەهۆی خزمەتکردنیان بە ڕژێمی ئێران لەژێر سەرپەرشتی و پێشەوایی فەیلەقی قودسدا.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو لایەن و گرووپە لایەنگرانە ڕێگەی دارایی جۆراوجۆر بەکار دەهێنن، لەوانە قاچاغچییەتی نەوت، گواستنەوەی دەریایی نایاسایی و قاچاغچییەتیی پارە،  سزاکان ١٠ کەسیان لەناو تۆڕێکدا گرتووەتەوە، کە بەرپرسن لە گواستنەوەى پارە بۆ ئەو لایەنانە.

لە کۆتایدا ئەوەش خرایەڕوو، سزاکان نێوەندگیرانێکیشیان گرتووەتەوە کە سەدان ملیۆن دۆلار لە نێوان لوبنان، تورکیا، ئیمارات و ئێراندا بۆ بەرژەوەندیی ئەو گرووپانە دەگوێزنەوە.

هـ.ئ