سەلیم ڕکابی وتەبێژی وەزارەتی نەوتى عێراق سەبارەت بەڕێژەى هەناردەى نەوتى عێراق و ڕێگاکانى هەناردەکردنەکە، بۆ میدیا عێراقییەکا دەدوێت.
سەلیم ڕکابی ڕایگەیاند، لە ئێستادا عێراق لە ڕێگەی بەندەرەکانی باشوورەوە ڕۆژانە لە نێوان ٢ بۆ ٢.١ ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکات، هەروەها پلانێکی بەردەوام هەیە بۆ بەرزکردنەوەی توانای هەناردەکردن و دروستکردنی هێڵی بۆریی نوێ، بە مەبەستی بەهێزکردنی تواناکانی عێراق لە هەناردەکردندا.
ئاماژەی بەوەش کرد، هەناردەکردن لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە دەگاتە نزیکەی ١٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا و لە بەرزبوونەوەی بەردەوامدایە، کارکردن بەردەوامە بۆ بەرزکردنەوەی توانای هەناردەکردن لە ڕێگەی ئەو هێڵەوە تاوەکو دەگاتە ٧٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
ئەمە لە کاتێکدایە، حکومەتى عێراق هەموو هەوڵەکان چڕ کردووەتەوە بۆ ئەوەى زۆرترین نەوت هەناردە بکات، چونکە عێراق بەشێوەیەکى سەرەکى پشت بەداهاتى نەوت دەبەسێت، لە دواى داخرانى گەرووی هورمزەوە، بەغددا ڕووبەڕووی کەمى هەناردەى نەوت بوویەوە.
هـ.ئ
