ئەمڕۆ، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی دابەزاندنی نرخی بەنزین فەرمانێکی وزاریی دەرکرد، فەرمانەکە بەرواری ئەمڕۆ و واژۆی کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت لەسەرە.

لە فەرمانەکەدا ڕاگەیاندراوە، دوای کۆبوونەوەی ڕێکەوتی ١٣ـی ئابی ٢٠٢٦ سەبارەت بە چارەسەرکردنی قەیرانی بەنزین و لەپێناو بەرژەوەندی گشتیدا، بڕیار درا بە پاڵپشتیکردنی بەنزینی بازرگانی (تیجاری) بە کوالێتیی ئاسایی (نۆرمال)، بە شێوازێک کە نرخی فروشـتنی لە بەنزینخانەکاندا بە (٧٥٠) دینار بێت بۆ هەر لیترێک.

ئاماژەی بەوەشکراوە، جیاوازیی ئەم نرخە و نرخی بەنزینی بازرگانی لەلایەن حکومەتەوە دابین دەکرێت بەگوێرەی میکانیزمی ڕێککەوتوو.

لە هەمان فەرماندا جەخت لەسەر دابینکردنی بەنزین بۆ هەموو پارێزگاکان، ئیدارە سەربەخۆکان و بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکان کراوەتەوە، بەجۆرێک کە کۆمپانیا دابینکەرەکان بە ڕەچاوکردنی کوالێتی و بەگوێرەی ڕێنماییەکان کارەکانیان ئەنجام بدەن.

لە کۆتاشییدا هاتووە، کە ئەم فەرمانە لە ڕێکەوتی دەرچووەنییە جێبەجێ دەکرێت و کاری پێدەکرێت.

ب. جـ