ڕۆژنامەی "مدی" سەبارەت بە پڕۆسەی ڕێکخستنەوەى چەک لە دەستی گرووپە چەکدارەکان و هەوڵەکانى ئێران، وردەکاریی نوێی دەخاتەڕوو.
ڕۆژنامەکە دەڵێت: محەمەد باقر قالیباف سەرۆکى پەرلەمانى ئێران لە سەردانەکەیدا بۆ عێراق پێشنیازى کردووە وادەی کۆتایی بۆ ڕێکخستنى چەک لە عێراق لانی کەم شەش مانگی دیکە بخایەنێت، لەبری وادەی ٣٠ـی ئەیلوولی داهاتوو.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئێران داوای کردووە چەکی گرووپەکان ڕادەستی حکومەت نەکرێت، بەڵکو ڕادەستی دەستەی حەشدی شەعبی بکرێت، بۆ چارەنووسی چەکە قورسەکان دوو پێشنیاز هەیە؛ گواستنەوەیان بۆ ئێران یان کۆگاکردنیان لە ناوخۆی عێراق، کە ئەگەری کۆگاکردنیان لە ناوخۆ بەهێزترە.
هاوکات سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هەوڵی داوە چەکەکان لە کۆگاکانی حەشدی شەعبی بێت، کە لەلایەن "ئەبوفەدەک" سەرۆکی ئەرکانی حەشدەوە سەرپەرشتی دەکرێن، لە بەرامبەردا هەیبەت حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانى عێراق پێشنیازەکانى قالیبافی قبووڵ نەکرد، حەلبوسی داواى لە قالیباف کردووە ڕێگری لە دەستوەردانی ئێرانی لە عێراق بکات.
لەسەر مێزی عێراق و ئێران تەنیا تاوتوێی دۆسییەى چەک نەکرا، چەند دۆسییەکى دیکە تاوتوێ کرا، قالیباف لە بەغداد جەختی لەسەر پێویستی کۆتاییهێنان بە پشتبەستن بە دۆلاری ئەمریکی و پەسەندکردنی دراوە خۆجێییەکان لە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکاندا کردەوە.
هـ.ئ
