هاوشانی هەڵکشانی نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان، خراپبوونی کوالێتییەکەشی بارگرانییەکی دیکەی بۆ سەر شۆفێران درووستکردووە، بە زۆری ئەو بەنزینەی ئێستا لە بازاڕەکاندایە، یان ئاستی ئۆکتانەکەی دابەزیوە یان کاتێک شۆفێر دەیکاتە ناو ئۆتۆمبێلەکەی دەکوڵێت یان گاز و هەوا درووست دەکات و بەتایبەت فویل مەپمەکانیان دەوەستێنێت، تا ئێستاش حکومەت هیچ چارەسەرییەکی نەبووە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەم مەترسییە.

دیار ئەرکان شۆفێری ئۆتۆمبێلی تایبەتە و دەڵێت: زۆر بەزەحمەت دەتوانین بەنزین وەربگرین ئەمە جگە لەوەی جاری واهەیە دەگەینە نزیکی بەنزینخانەکە و دەڵێن نەماوە و بەناچاری دەگەڕێینەوە، سەرەڕای ئەوەی نرخەکەی زۆر گرانە کوالێتیشی زۆر خراپە، من خۆم کردمە سەیارەکەوە بە ناچاری ڕۆم کردەوە تا زیان لە سەیارەکەم نەدات.
لە بارەی زیادکردنی بەنزینخانە حکومییەکانیشەوە دەڵێت: بەم گەرمایە جاری واهەیە سێ کاتژمێر سەرەدەگرین و واز لە ئیشوکار دەهێنین بۆ دەستکەوتنی بەنزین، ڕۆژی واهەیە بەهۆی سەرەگرتن بۆ بەنزین واز لە کارکردن و بژێوی ژیان دێنین و لێرە دەمێنینەوە و ڕۆژێک سەرە دەگرین و ڕۆژێک کار دەکەین، هەر بەنزینخانە و نرخێک دادەنێت، سەرەڕای کوالێتی خراپی، داواکارین ڕێژەی بەنزینی حکومی زیاد بکەن و دوو سێ بەنزینخانەی تر تایبەت بکەن تا بە ئاسانتر دەستمان بکەوێت.
هاوکات شێرکۆ خدر شۆفێرێکی دیکەیە و دەڵێت: بە ڕاستی خەڵک لە هەموو شت ناڕازییە، بەتایبەت ئەم بەنزینە کوالێتی زۆر خراپە و نرخەکەشی زۆر گرانە، ئێمە نازانین ئەم بەنزینە خراپە لە کوێوە دێت، ئایا کەسێک نییە ئاگاداری ئەم بارودۆخە بێت؟ خەڵک شەهیدی دا لەبەرئەوەی خۆش بژی نەک بەم شێوەیە، ئەوەتا ئەو ئۆتۆمبێلە بەهۆی بەنزینی خراپەوە مەکینەکەی هەستاوە و زیانێکی مادی زۆری کردووە.

شێرکۆ خدر دەشڵێت: ناکرێت نرخی بەنزین ئەوەندە بەرزبێت و کوالێتیشی وا خراپبێت، پێویستە ئەوانەی خۆیان بە بەرپرس دەزانن چارەسەری ئەم بارودۆخە خراپە بکەن، ئەم وڵاتە پێویستی بە کەسێکە خزمەتی بکات نەک ئەمانەی ئێستا خۆیان بە سەرۆک دەزانن، من خۆم لە ماوەی مانگێکدا چەند جار ئۆتۆمبێلەکەم خراپ بووە، داواکارم خەڵک بێتە سەرجادە و ئەمە قبووڵ نەکات، کەس نازانێت کێ ئەم وڵاتە بەڕێوە دەبات و ئەم بەنزینە خراپە دێنن.
سەبارەت بە خراپی کوالێتی بەنزین و کاریگەریی لەسەر ئۆتۆمبیلەکان، دلێر ئەحمەد وەستای چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلە و دەڵێت: کوالێتی ئەو بەنزینەی هەیە لە بازاڕدا زۆر خراپە و چەورە و بە گشتی دەبێتە هۆی تێکچوونی هەموو پارچەکانی ناو ئۆتۆمبێل، وەک فیول پەمپ، نۆزڵ، پلاک و وەلف بە تەواوی پێکهاتەی مەکینەوە، ئەو بەنزینە کە دەوترێت ئۆکتانی ٩٤ـە وانیە و کوالێتی خراپە، لەو کاتەی نرخی بەنزین بەرز بووەتەوە خراپبوونی ئۆتۆمبێل زۆر زیادی کردووە بە تایبەت فیول پەمپ، هەروەها هۆکاری سەرەکی گڕگرتنی ئۆتۆمبێل ئەم بەنزینە خراپەیە.

دلێر ئەحمەد ئاماژە بەوەش دەکات، ئەگەر نرخی شتێک بەرز ببێتەوە ئەوا کوالێتی باش دەبێت بەڵام لێرە پێچەوانەیە نرخی بەرز و کوالێتیشی زۆر خراپە، شۆفێران چاریان نییە مەگەر ئۆتۆمبێلەکانیان لەماڵەوە دەرنەکەن، ئەم دۆخە دووجار زیانە هەم لە گیرفانی شۆفێر هەم لە ئۆتۆمبێلەکەی، بەتایبەت بەنزینی بازرگانی زۆر خراپە و پێویستە چارەسەر بکرێت تا ئۆتۆمبێل ئاگر نەگرێت، جۆری ئۆتۆمبێلەکان هەرچی بن هەموویان خراپ دەبن، شۆفێر هەیە لە ماوەی مانگێک دوو جار ئۆتۆمبێلەکەی خراپ بووە بەهۆی خراپی بەنزینەوە.
ئ پ
