لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا یاسای 'پتەوکردنی یەکگرتنی نیشتیمانی و یەکپارچەیی کۆمەڵایەتی" ١٠ـی ئەم مانگە لە پەرلەمانی تورکیا پەسەند کرا و لە ١٨ـی ئابیش تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا واژۆی لەسەری کرد و لە ڕۆژنامەی فەرمی بڵاوکرایەوە.
هێستا هەموو چاوەڕوانییەکان لەسەر ئەوەن هەلومەرجی کاری ئازاد بۆ ڕێبەر ئاپۆ بڕەخسێندرێت و بتوانێت سەرپەرشتی پرۆسەکە بکات، لە بارەی یاساکە و ئازادیی ڕێبەر ئاپۆوە، جەمال ئارێز، چاودێری سیاسیی لە شاری سلێمانی، بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.
جەمال ئارێز جەختی لەوە کردەوە، دەرکردنی یاسا لە پەرلەمانی تورکیا ئاسان نییە، چونکە لە ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا تاکی تورک وا پەروەردە کراوە کە وڵاتی تورکیا موڵکی تورکە، بەمەش ڕەخنەی زۆر لەلایەن هەم کورد و هەمیش تورکە ڕەگەزپەرستەکانەوە لەسەر یاساکە دروست بووە.
ڕۆڵ و توانای ڕێبەر ئاپۆشی هێنایە زمان و وتی: بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان سەرکردەیەکە بەپێی کات و شوێن بڕیار دەدات، چونکە ئەگەر کەسێکی تر ٢٧ ساڵ لە زیندانی تاکەکەسیدا بووایە و لە هەموو شتێک داببڕایە توانای بڕیاردانی نەدەما، بەڵام ئۆجالان لەنێو زیندانەوە دەستووری نوێی تورکیا دادەڕێژێت و بڕیار لەسەر ئاڕاستەی پارێزراوی تورکیا دەدات، تەنانەت ئەوانەشی لە تورکیادا بە شێوازی ستراتیژی بیر دەکەنەوە، گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە ئۆجالان دەتوانێت تورکیا لەم دۆخە بپارێزێت.
سەبارەت بە گرنگی یاساکەش جەمال ئارێز، ئاماژەی بەوەدا، ئەگەر بەراوردێک بۆ مێژووی تورکیا و ئەو ئەقڵییەتە ناسیۆنالیستەی تێیدا هەیە بکەین، دەرکردنی ئەو یاسایە سەرکەوتنێکی گەورەیە و دەبێتە بناغەیەک بۆ دەستپێکردنی ئاشتی، نابێت ئەوەشمان بیر بچێت کە پێشتر چەندین هونەرمەند، ڕۆشنبیر و کەسایەتی لەسەر وشەی کوردبوون سزادراون یان دەربەدەربوون، بەڵام ئێستا دۆخەکە بەرەو گۆڕانکاری دەچێت و ئەم یاسایە دەبێتە بناغەیەک بۆ نەوەکانی داهاتوو، بەجۆرێک منداڵێکی کورد و تورک لە یەک خوێندنگادا ببنە هاوڕێ و بە زمانی کوردی بدوێن.
ئاماژەی بە ئازادی جەستەیی و ڕەخساندنی کەشێکی سیاسی بۆ ڕێبەر ئاپۆ دا و وتی: هەرچەندە بەڕێز ئۆجالان ئازادی گەلەکەی لەپێش ئازادی جەستەیی خۆی دانابوو، کە ئەمەش دەرخەری ئەوەیە خەباتەکەی بۆ ئازادی گەلێکی بێ ناسنامە بووە بەڵام بۆ ڕەخساندنی کەشێکی سیاسیی دیموکراتیک، ئازادکردنی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان هەنگاوێکی گرنگ و گەورەیە کە دەبێت تورکیا بۆ سەلماندنی نیازپاکی خۆی بینێت.
سەبارەت بە ڕۆڵی ڕاگەیاندنیش لەم قۆناغەدا، جەمال ئارێز باسی لەوە کرد کە لە ئێستادا زۆربەی کەناڵە فەرمییەکانی تورکیا کە سەر بە دەسەڵاتن، کەسانێک بانگهێشتی سەر شاشە دەکەن تا بە ئاڕاستەی ئاشتەوایی قسە بکەن، بەڵام بەداخەوە هەندێک لە ڕاگەیاندنەکانی باشووری کوردستان دژایەتی پرۆسەکە دەکەن و وا لە خەڵکی دەگەیەنن کە پەکەکە خۆی ڕادەستی تورکیا کردووە، لەکاتێکدا ئەو حزبانە خۆیان ئامادەن لەپێناو بەرژەوەندی خۆیاندا هەموو کوردستان ڕادەست بکەن و بە هەموو هێزیانەوە میدیاکانیان خستووەتە خزمەت دژایەتیکردنی پرۆسەکە.
دووپاتیشی کردەوە، تا پرسی کورد لە باکووری کوردستان چارەسەر نەبێت، لە هیچ کام لە بەشەکانی تری کوردستان چارەسەر نابێت، ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا ئەم قۆناغە بۆ هەردوولا ئاسان نییە، بەڵام یەکەم جارە گفتوگۆکان لە ڕێڕەوە تاریکەکانەوە هاتووەتە نێو پەرلەمانەوە، ئەمەش بڕیارێکی زۆر جەوهەری و هەنگاوێکی زۆر گرنگە.
ب. جـ
