ئەمڕۆ، لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی، یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجام دا و گرفت و کێشەکانیان خستەڕوو.
سادق عوسمان، وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینان ڕایگەیاند، کۆمەڵێک کێشە و گرفتمان هەیە، هەندێک لەو گرفتانە کۆنن و هەندێکیشیان نوێیە و چارەسەریان بۆ نادۆزرێتەوە، ئێمە وەک یەکێتیی خانەنشینان هەرچی لە تواناماندا بێت کردوومانە و سەردانی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانمان کردووە و دەنگمان گەیانووەتە نووسینگەی پەرلەمانی هەرێم و بەغدادیش، بۆیە پێویستە خانەنشینان بە ویژدانەوە بڕواننە بابەتەکە و لە دەوری یەکێتیی خانەنشینان کۆببنەوە.
وتیشی: پەیاممان هەیە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقیش، داوکارین لە لیژنەی دانوستاندن بۆ بودجەی ساڵی نوێ کێشەکانمان چارەسەر بکرێت، وەزارەتی دارایی دەزانین هەموو داهاتی ناوخۆ نایەتە بەردەستی ئێوە کە ئەوە کێشە گەورەکەیە، بەڵام بەرپرسن لەو قەرزەی کە لاتانە ئەویش بەهۆی خەمساردییەوەیە، ئێمە مافمان خووراوە و لە ساڵی ٢٠٢٥ـەوە مووچەمان دەخورێت و خانەنشین هەیە ١٨ مانگە مووچەی وەرنەگرتووە و بۆی خەرج ناکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە یاسای خانەنشینانی یەکگرتوو هاوشێوەی حکومەتی عێراق جێبەجێ بکرێت و ئەو گرفتەی خانەنشینان بە سەربازی و مەدەنییەوە چارەسەر بکرێت، پێویستە مووچەکانمان بۆ بگەڕێندرێتەوە چونکە خانەنشینان دووچاری گرفتی ژیانی بوون بەهۆی ئەو بێ پلانییەوە.
کۆتا داواکارییانیشی خستەڕوو و وتی: گرفتێکی ترمان هەژمارنەکردنی پلە بەرز کردنەوەیە و لە ساڵی ٢٠١٦ـەوە لە هەرێمی کوردستان ڕاگیراوە، خەڵک هەیە لە ٢٠٢٥ خانەنشین بووە بە پلەی ساڵی ٢٠١٦ بۆیە ئەمە جێی قبوڵکردن نییە داواکارین بۆمان هەژمار بکرێت.
ڤ.م