ئەم دیاردەیە نەک هەر زیان بە ناوبانگی ناوەندە زانستییەکان دەگەیەنێت، بەڵکو پرسیارگەلێکی جددی لەسەر ئیستغلالکردنی دەسەڵاتی ئاینی و ئەکادیمی بۆ مەرامی شەخسی و حەزەکان دەوروژێنێت.
ناوەندەکانی خوێندنی باڵا و دامەزراوە ئاینییەکان، لە مێژووی کۆمەڵگاکاندا هەمیشە وەک هێمایەک بۆ بەها ئەخلاقییەکان، ڕۆشنیری و پەروەردە سەیر کراون، بەڵام لە چەند ساڵی ڕابردوودا، دەرکەوتنی چەندین دۆسییەی گێچەڵی سێکسی و خراپەکاری لەلایەن کەسانی خاوەن دەسەڵات لەو ناوەندانەدا (وەک مامۆستایانی زانکۆ و پیاوانی ئاینی)، ڕای گشتی تووشی شۆک کردووە.
ئەم دیاردەیە نەک هەر متمانەی کۆمەڵگای بەو دامەزراوانە لەرزاندووە، بەڵکو پێویستییەکی بەپەلەی بۆ چاکسازیی یاسایی و کارگێڕی هێناوەتە پێشەوە.
لە خزمەتی پیرۆزییەوە بۆ کورسیی گێچەڵکاری
ئەرکی سەرەکیی هەر پیاوێکی ئاینی، بڵاوکردنەوەی بەهاکانی ڕەوشت، پاراستنی شکۆی مرۆڤ و خزمەتکردنی کۆمەڵگەیە، کاتێکيش ئەم کەسایەتییانە دێنە ناو کایەی ئەکادیمی و زانکۆکانەوە-بەتایبەت لە بەشەکانی وەک زانستە ئیسلامییەکان و شەریعەت، پێشبینی کۆمەڵگە و خوێندکاران ئەوەیە کە ئەوان نموونەی باڵای پاکی و باوکایەتی بن.
بەڵام ئەوەی لەم دواییانەدا لە هەندێک ناوەندی خوێندن لە کوردستان ڕوویدا، کە تێیدا مامۆستایەکی بەشی شەریعەت تۆمەتبار کرا بە گێچەڵی سێکسی بە خوێندکارە کچەکانی، پێچەوانەکردنەوەی تەواوی هاوکێشەکەیە، ئەمە تەنها سەرپێچییەکی یاسایی نییە، بەڵکو "خیانەتێکی گەورەی ئەمانەتە".
دەسەڵات وەک چەکێک بۆ ڕاوکردنی قوربانییان
توێژینەوە کۆمەڵناسی و دەروونییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە گێچەڵی سێکسی لە ناوەندەکانی خوێندن و ئاینییدا، زیاتر لەوەی پەیوەندی بە غەریزەوە هەبێت، پەیوەندی بە "هەژموون و دەسەڵاتەوە" هەیە. مامۆستای زانکۆ لە ڕێگەی نمرە و داهاتووی ئەکادیمییەوە، و پیاوی ئاینی لە ڕێگەی پێگەی ڕۆحی و کۆمەڵایەتییەوە، جۆرێک لە باڵادەستییان بەسەر قوربانییەکاندا هەیە کە زۆرجار بێدەنگییان بەسەردا دەسەپێنێت.
لێکدانی دەسەڵاتی "ئاینی" (کە پیرۆزییەک دەداتە کەسەکە) لەگەڵ دەسەڵاتی "ئەکادیمی" (کە توانای دەرچواندن یان نمرە شکاندنی خوێندکاری هەیە)، وا لەم جۆرە کەسانە دەکات هەست بە پارێزبەندی بکەن و پێیان وابێت کەس ناتوانێت ڕووبەڕوویان ببێتەوە.
زۆرجاریش خوێندکاران لە ترسی لەدەستدانی دواڕۆژی خوێندنیان یان لەبەر نەریتی کۆمەڵایەتی و ترسی "لەدەستدانی ناوبانگ" بێدەنگی هەڵدەبژێرن، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی سەرپێچیکار بەردەوام بێت لەسەر کارەکانی.
دیسان سیستەمی لێپێچینەوە لەناو زانکۆکاندا زۆرجار کێشەکان بە "پەردەپۆشکردن" یان گواستنەوەی مامۆستاکە بۆ شوێنێکی تر چارەسەر دەکات، نەک سزایەکی یاسایی ئاشکرا کە ببێتە پەند بۆ کەسانی تر.
بەڵام ئەوەی ئەم جارە وەزارەتی خوێندنی باڵاى هەرێم سەبارەت بەو مامۆستایەی زانکۆی سلێمانی کردی، هەنگاوێکی تەواو لۆژیکی بوو چونکە ناکرێت کەسێک لەنێو زانکۆدا مامۆستا بێت و نەتوانێت ڕێز لەخۆی و پۆستەکەی بگرێت و ڕێگەی پێبدرێت لەکارەکەی بەردەوام بێت.
ناوەندی ئەکادیمی و ئاینی جۆری ڕێکار و سزا جیهانییەکان
زانکۆ بەناوبانگەکانی ئەمریکا و ئەورووپا (وەک هارڤارد و ئۆکسفۆرد) لەم ساڵانەی دواییدا چەندین پرۆفیسۆری ناودار دوای سەلماندنی تۆمەتی گێچەڵی سێکسی لەڕێگەی لێکۆڵینەوەی ناوخۆییەوە، نەک هەر لەکارەکانیان دوورخرانەوە، بەڵکو سەرجەم نازناوە زانستییەکانیان لێ سەندرایەوە و مافی خانەنشینیشیان فەوتا.
لە سیستەمە ئەکادیمییە پێشکەوتووەکاندا ناوی مامۆستای سەرپێچیکار دەخرێتە ناو سیستەمێکی نیشتیمانییەوە کە ڕێگری لێدەکات لە داهاتوودا لە چوارچێوەی هیچ ناوەندێکی پەروەردەیی یان زانکۆیی تری تایبەت و گشتیدا دابمەزرێتەوە.
کەنیسەی کاسۆلیکی (گەورەترین نموونەی مێژوویی) دۆسییەکانی گێچەڵی سێکسی بوون لە کەنیسەی کاسۆلیکیدا، بۆیە پاپا فرانسیس ڕێسای نوێی دەرکرد کە پارێزبەندی لەسەر هیچ پیاوێکی ئاینی ناهێڵێت.
لەم چوارچێوەیەدا، چەندین کاردیناڵ و قەشەی باڵا پلە ئاینییەکانیان لێ سەندرایەوە و گەڕێندرانەوە بۆ سەر پێگەی مەدەنی.
پێویستیی ڕیفۆرم و ڕووبەڕووبوونەوە لە کوردستان
ئەم جۆرە ڕووداوانە زەنگێکی مەترسیدارن بۆیە پێویستە لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەکان بێنە دەنگ و ڕێکاری توند بگرنەبەر و کۆمەڵگەش تێبگات کە پۆستی ئاینی نابێتە پاساو بۆ چاوپۆشیکردن لە تاوان.
هەروەها زانکۆکان پێویستیان بە دروستکردنی هێڵی گەرمی هەیە بۆ ئەوەی خوێندکاران بەبێ ترس بتوانن سکاڵا لەسەر هەر حاڵەتێکی گێچەڵکاری تۆمار بکەن.
بێگومان دوورخستنەوەی یەکجاری کەسی تۆمەتبارکراو لە کاری حزبی، حکومی و ئەکادیمی و ڕادەستکردنیان بە دادگا، تاکە ڕێگایە بۆ گەڕانەوەی متمانە بۆ هۆڵەکانی خوێندن.
دەرەنجام
پاراستنی ژینگەی زانکۆ و مزگەوت و کەنیسەکان لەم جۆرە خراپەکارییانە، تەنها ئەرکێکی یاسایی نییە، بەڵکو پاراستنی ڕەوشتی گشتی و داهاتووی نەوەکانە، بێدەنگبوون لە بەرامبەر هەر مامۆستا یان پیاوێکی ئاینی کە پێگەکەی بۆ ڕاوکردنی نادروست بەکارهێنێت، هاوبەشیکردنە لە تاوانەکە و تەنها سزای توند و شەفافییەت دەتوانن شکۆ بۆ ئەم ناوەندە پیرۆزانە بگەڕێننەوە.
زانکۆ دەبێت شوێنی بەرهەمهێنانی زانست و پاراستنی شکۆی مرۆڤ بێت، ئەو کەسانەی کە میحرابی مزگەوت و کورسیی زانکۆ دەکەنە ئامرازێک بۆ نێچیرکردن، شایەنی ئەوە نین ناوی پیرۆزی "مامۆستا" یان "پیاوی ئاینی"ـیان لێبنرێت؛ چونکە ئەوان نەک خزمەتی ئاین ناکەن، بەڵکو گەورەترین گورز لە پێگەی کۆمەڵایەتی و ڕەوشتیی ئاین و زانستیش دەوەشێنن.
ب. جـ
