لە چوارچێوەی هەوڵەکانی سەلەنوێ ئاوەدانکردنەوە کە لە شنگال دەستی پێکردووە، یەکێتیی ڕاگەیاندنی ئێزدخان، بە بەشداری ٥٠ نوێنەر و نوێنەرانی تاژێ، ئەنجوومەنی گەل، نوێنەری شارەوانییەکان، کۆمیتەی دیپلۆماسی، ژنۆلۆژی، ڕاگەیاندنی ئاسایش، یەبەشە و یەژەشە و ڕاگەیاندنی ئازادیی ژنانی ئێزدی، لە دۆڵی کەرسێ لە شنگال بە دروشمی "ئەوانەی ئامانجەکانیان گەورەن، هەوڵەکانیشیان گەورەن" یەکەمین کۆنفرانسی خۆی بەست.
کۆنفرانسەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ شەهیدانی تێکۆشانی ئازادی دەستی پێکرد، دوای هەڵبژاردنی دیوان، وتاری دەستپێک لەلایەن هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەلی شنگال ئازاد حسێنەوە پێشکەشکرا.
لە سەرەتایی قسەکانیدا، ئازاد حسێن بە ڕێزەوە شەهیدانی جینۆسادی ٣ـی ئاب و هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادیی بەبیرهێنایەوە، کۆنفرانسەکەی پیرۆزکرد و سڵاوی خۆی ئاراستەی هەموو ئەو ڕاگەیاندنانە کرد کە لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە بە ڕەنج و خەباتی خۆیان خزمەتیان کردووە.
وتیشی: لە کاتی کردنەوەی ڕێڕەوی مرۆییدا، پەیامنێران ڕاستی جینۆسایدیان گەیاند بە هەموو جیهان و بەڵگەنامەیەکی مێژووییان دروست کرد، لە دژی ڕاگەیاندنەکانی عێراق کە دەیانەوێت ڕاستییەکانی کۆمەڵگا تاریک بکەن، ڕاگەیاندنی ئازاد لە کاتە خۆش و ناخۆشەکاندا لە تەنیشت خەڵکەکەیەوە وەستاوە.
ئازاد حێسن ئاماژەی بەوەشکرد، ڕاگەیاندن تەنیا دروستکردنی بەرنامە نییە، بەڵکو دەنگ و ڕاستی کۆمەڵگەیە، لەم ڕێگەیەدا ڕەنجدەرانی ڕاگەیاندنی ئازاد وەک نوژیان، ئاگری و موراد قورسترین قوربانییان داوە و گیانیان بەخت کردووە، لە سەردەمێکدا کە هێرشی بیردۆزی و ڕاگەیاندنی دوژمنان زیادی کردووە، ڕاگەیاندن بووەتە جەوهەرترین باڵ بۆ سیاسەتی کۆمەڵایەتی، دیپلۆماسی و بنیاتنانی داهاتوو، پێشنیار دەکەم کە چوارچێوەیەکی گشتیی هاوبەش بۆ هەموو ئاژانس و ڕاگەیاندنەکان لە شنگال دیاری بکرێت.
لە کۆتاییدا هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەلی شنگال ئازاد حێسن، هیوای خواست بڕیارەکانی کۆنفرانسەکە ببێتە هۆی سەرکەوتن، بنیاتنانی داهاتوویەکی ئازاد و ببێتە سەکۆیەک کە لە هەموو ڕاگەیاندنەکانی دیکە لە سایەیدا خزمەت بە کۆمەڵگا بکەن و جارێکی دیکە دەستخۆشی لە کار و هەوڵی سەرجەم بەشداربووان کرد.
پاشان دیدگاکانی ڕێبەر ئاپۆ سەبارەت بە ڕاگەیاندن، ڕاپۆرتی کار و بەڵگەی سەلەنوێ ئاوەدانکردنەوە خوێندرایەوە.
دوای خوێندنەوەی بەڵگەکان، لەلایەن ئامادەبووانی کۆنفرانسەکەوە هەڵسەنگاندنی بەرفراوان کرا و پێشنیاری گرنگ بۆ خەباتی داهاتوو وەرگیران، لەو قسە و هەڵسەنگاندنانەی کە ئەنجام دران ڕاگەیەندرا، شنگال بە پرۆسەیەکی مێژوویی و هەستیاردا تێدەپەڕێت، بۆیە زیاتر لە هەموو شوێنێکی تر پێویستی بە ڕێکخستنکردنی لایەنی ڕاگەیاندن هەیە.
باس لەوەشکرا، کە دەبێت ڕاگەیاندنی ئێزدخان پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەموو دامەزراوە و دەزگا و ڕێکخراوەکانی ڕاگەیاندن بەهێز بکات و چالاکانە لە تۆڕەکانی ڕاگەیاندنی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی کەڵک وەربگرێت.
هەروەها بەشداربووان سەرنجیان بۆ ئەو ڕاستییە ڕاکێشا، کە هێرشی تایبەت و شەڕی دەروونی دژی کۆمەڵگەی ئێزدی تەنیا بە ڕاگەیاندنێکی بەهێز، ڕاست و ڕێکخستنبوو دەتوانرێت پووچەڵ بکرێتەوە.
لە درێژەی هەڵسەنگاندنەکاندا ڕاگەیاندرا، خەباتکارانی ڕاگەیاندن دەبێت بە ڕۆحێکی هاوبەش و یەکگرتوو کاربکەن بۆ ئەوەی ببنە وەڵامی هەموو ئێش، داخوازی و پێداویستییەکانی کۆمەڵگا، ڕاگەیاناندن تەنها هەواڵگەیاندن نییە، بەڵکو پاراستنی کولتوور و ناسنامە و ڕاستی شنگالیشە، بۆیە گرنگترین ئەرک بۆ داهاتوو دامەزراندنی هێڵێکی ڕاگەیاندنی ئازاد و خاوەنداریکردنە لە بەهاکانی کۆمەڵگا.
دوای پێشنیار و هەڵسەنگاندنەکان، دەستەی بەڕێوەبەریی یەکێتیی ڕاگەیاندن کە لە ١٠ کەس پێکهاتبوو، هەڵبژێردرا، بەڕێوەبەر و ئەندامانی ڕاگەیاندن بۆ خاوەنداریکردن لە کارەکانیان و خزمەتی کۆمەڵگا سوێندیان خوارد و کۆنفرانسەکە کۆتایی هات.
سەبارەت بە بڕیار و دەرئەنجامەکانی کۆنفرانسەکە، پێشبینی دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەنجامنامەی یەکەمین کۆنفرانسی یەکێتیی ڕاگەیاندنی ئێزدخان ئاشکرا بکرێت.
بـ. قـ
