یەکێتی ڕاگەیاندنی ژنان (یەرەژە)، لە ساڵیادی شەهیدبوونی ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا، هێرۆ بەهادین و نەجمەدین سیناندا بەیاننامەیەکی نووسراوی بڵاوکردەوە و شەهیدانی بەبیرهێنایەوە.

بەیاننامەی یەرەژە بەم شێوەیەیە:

"بە ناوی یەکێتیی ڕاگەیاندنی ژنان (یەرەژە)ـوە بە سەربەرزی و خەمێکی قوڵەوە هەردوو پێشەنگی ڕاگەیاندنی ئازاد گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین بەبیردەهێنینەوە. هاوڕێ گوڵستان و هێرۆ لە ٢٣ـی ئابی ٢٠٢٤ـدا لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر ئۆتۆمبێلەکەیان لە ناوچەی سەیدسادقی سەر بە شاری سلێمانی لە باشووری کوردستان شەهید بوون.

پێشەنگانی ڕاگەیاندنی ئازاد گوڵستان و هێرۆ خاوەن دۆز بوون، ویستیان کە لەناو ڕووداوەکاندا بن و ڕووداوەکان بە جیهان ڕابگەیەنن، ویستیان ببنە دەنگی ئەو کەسانەی کە چەندین ساڵ نەیاندەتوانی دەنگیان بگەیەنن یان باسی دۆزەکەیان بکەن و قسە لەسەر داهاتووی خۆیان بکەن.

گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین تێگەیشتبوون کە پرسی ژنان تەنها مژارێکی ڕاگەیاندن نییە، بەڵکوو مژارێکی پەیوەندیدارە بە گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی و سیاسی و مافی ژنانە کە ببنە خاوەن بڕیار و بتوانن بە بڕیارداری چیرۆکی خۆیان بنووسنەوە. لەسەر ئەم بنەمایە، کامێرا و پێنووسیان هەڵگرت، ڕاستیی ژنان و تێکۆشانەکەیانیان ڕاگەیاند. لەو باوەڕەدا بوون کە ئافرێنەری و ڕەنجی ژنان شایانی بینین، بیستن و بەڵگەکردنە.

لە هەمان کاتدا هەڤاڵ نەجمەدین سینانیش بەبیردەهێنینەوە کە لە ٢٣ـی ئابی ٢٠٢٣ـدا لە کاتی ئەرکەکەیدا لە ژن تیڤی، لە ئەنجامی هێرشکردنە سەر ئۆتۆمبێلی ستافەکەیان لەسەر ڕێگای قامیشلۆ-عامودێ شەهید بوو و لە هەمان هێرشدا هاوڕێ دەلیلا عەگید بە سەختی بریندار بوو.

هێرشی سەر ستافەکەی ژن تیڤی و هێرشەکەی سەر ڕۆژنامەوانان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین کە لە یەک بەرواردا ئەنجامدران، ڕێکەوت نییە، بەڵکوو ئاستی کردنەئامانجی سیستەماتیکی ئەو ڕۆژنامەوانانە دەخاتە بەرچاو کە ئەرکی ڕاگەیاندنی حەقیقەت بەجێدەهێنن. هەروەها هێرشەکە پشتڕاستی دەکاتەوە کە ڕاگەیاندنی ئازاد هێشتا ئامانجی ئەو هێزانەیە کە دەیانەوێت دەنگی ئازاد بێدەنگ بکەن و حەقیقەت بشارنەوە.

ئێمە لە یەکێتیی ڕاگەیاندنی ژن (یەرەژە)دا بەڵێنی خۆمان نوێ دەکەینەوە کە هێڵی شەهیدانمان لە خەباتماندا هەمیشە بە زیندوویی دەمێنێتەوە. لەو جێیەی لێی وەستاوین، کامێرا، پێنووس و دەنگمان هەڵدەگرین و درێژە بە ڕێگەکەی ئەوان دەدەین.

بیرهێنانەوەی گوڵستان تارا، هێرۆ بەهادین و نەجمەدین سینان هەمیشە وەک بەشێک لە یادگەی ڕۆژنامەگەریمان دەمێنێتەوە. فیداکارییەکانیان وەک یادەوەرییەک بۆ ئێمە دەمێنێتەوە کە ئەو ڕێیەی هەڵیانبژاردبوو، ڕێگەیەک بوو هەرچەندە دژواریش بوو، بەڵام شایەنی درێژەپێدان بوو.

درێژە بە ڕاگەیاندنی حەقیقەت، دەنگی ژنان و بەڵگەکردنی تێکۆشانیان دەدەین.

پێداگرانە، بە بەرپرسیارێتییەکی گەورەتر و دڵسۆزییەوە بۆ شەهیدان، درێژە بە پەیامی ڕاگەیاندنی ئازاد دەدەین."

بـ. قـ