لە شاری عامودێ شەهیدان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین، کە لە ٢٣ـی ئابی ٢٠٢٤ لە شارۆچکەی سەیدسادقی سەر بە پاریزگای سلێمانی لە باشووری کوردستان لە هێرشێکی ئاسمانیی دەوڵەتی تورکدا شەهید بوون.
هەروەها، شەهید نەجمەدین سینانیش، کە شۆفێری کەناڵی ژن تیڤی بوو، لەسەر ڕێگای قامیشلۆ و عاموودێ لە هێرشێکی ئاسمانیی دەوڵەتی تورکدا شەهید بوو، هەروەها دەلیلا عەگیدی ڕۆژنامەنووسیش بە سەختی بریندار بوو.
مەراسیمەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد، پاشان لۆرستان دەروێش، ئەندامی ناوەندی بەرهەمهێنانی میدیای ژنان دووا و وتی: شەهید نەجمەدین سینان لە ۲۳ـی ئابی ۲۰۲۳دا شەهید بوو، هەڤاڵان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین لە هەمان ڕۆژدا لە ساڵی ۲۰۲٤دا شەهید بوون، ئێمە خاوەنداری لە شەهیدانی خۆمان دەکەین و بەردەوامی بە تێکۆشانیان بۆ گەیشتن بە ڕاستی دەدەین.
پاشان، فەیسەل حەجی سینان، باوکی شەهید نەجمەدین سینان ڕایگەیاند، یادکردنەوەی شەهید نەجمەدین، گوڵستان و هێرۆ، یادکردنەوەی سەرجەم شەهیدانە، ڕاگەیاندنی ژنان لە پێناو ڕاستی و گۆڕینی عەقڵییەتی کۆمەڵگەدا تێکۆشان دەکات، هەر بۆیە دەوڵەتی تورک بەئامانجی گرتن.
وتیشی: شەهید نەجمەدین بەرخۆدێر بوو، بەشداری لە شۆڕشدا کرد و بە بەرپرسیارێتییەوە ڕەفتاری دەکرد، کاتێک دەوڵەتی تورک هێرشی کردە سەر شاری سەرێکانی، ئەو بەشداری لە بەرخۆداندا کرد و ڕووی کردە سەرێکانی؛ ترس نەیدەتوانی بیبەستێتەوە و هەرگیز پاشەکشەی نەدەکرد، دەوڵەتی تورک ڕێزی لە یاسا، ڕۆژنامەگەری و مرۆڤایەتی ناگرێت، ژنانیش لەبەر ئەوەی پارێزگاری لە ئیرادەی خۆیان دەکەن و تێکۆشان دەکەن، دەوڵەتی تورک بە ئامانجی گرتن.
لە بەردەوامیی مەراسیمەکەدا، دیلان عوسمان، ئەندامی کۆردیناسیۆنی (YRJ) تیشکی خستە سەر ئەو قۆناغانەی کە ڕاگەیاندن لە سەردەمی شۆڕشدا پێیدا تێپەڕیوە، هەروەها باسی لە ژیانی شەهید گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین و ڕۆڵی کارایان لە ڕاگەیاندندا کرد.
دیلان عوسمان جەختی لەوە کردەوە، ڕاگەیاندنی ژنان درێژە بە تێکۆشانی ئەوان دەدات و دەنگی ڕاستی دەگەیەنێتە کۆمەڵگە.
چالاکییەکە بە بەرزکردنەوەی دروشمی "شەهید نامرن" کۆتایی پێ هات.
ڤ.م
