نزیکەی دوو ساڵ پێش ئێستا هەردوو ژنە ڕۆژنامەنووسی بوێرو ئازا گوڵستان تارا وهێرۆ بەهادین لە ٢٣ی ئابی ٢٠٢٤ لەسەر ڕێگەی سەیدسادق سلێمانی لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە بە هێرشی دەرۆن شەهید کران، لەو بارەیەوە دوو ژنە چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان لە سلێمانی بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.
"هاندەرێکن بۆ بەردەوامبوون لە خەبات"

شەیدا مەعرووف چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان لە سەرەتای قسەکانیدا دەڵێت: تیرۆرکردنی هەردوو ژنە ڕۆژنامەنووس نیشانەیەکی ڕوونی هەڕەشە و فشارە لەسەر ژنان و دەربڕینی ئازادی، هەروەها یادەوەریی ئەو دوو شەهیدە بۆ ژنان و چالاکوانان هاندەرێکە بۆ بەهێزترکردنی خۆیان و بەردەوامبوون لە خەبات، چونکە شەهیدبوونیان نیشانیدا کە ژنان نابێت بێدەنگ بن و دەبێت خەبات و میراتی ئەوان بە جدییەوە وەربگرن و بە کار و تێکۆشانی زیاتر درێژەی پێ بدەن.
"بەربەستە کۆمەڵایەتییەکان یەکێکن لە گەورەترین کۆسپەکانی بەردەم ژنان"
ئاماژەی بەوەشەکرد، کاتێک ژنێکی ڕۆژنامەنووس بە ئاستێکی بەرز دەگات و بە دەنگی خۆی ماف و ئازادیی ژنان دەخاتە ڕوو، کاردانەوەی کۆمەڵگە دەتوانێت توندتر ببێت و ژن وەک تاک و مرۆڤ ڕووبەڕووی فشار و بەرپەرچدانەوە بێتەوە، لەبەرئەوەی بەربەستە کۆمەڵایەتییەکان هێشتا یەکێکن لە گەورەترین کۆسپەکانی بەردەم ئازادی.
"هیچ لایەنێک ئەرکی پاراستنی ژنانی نەگرتووەتە ئەستۆ"
شەیدا مەعرووف چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان، ڕەخنەی توند ئاراستەی لایەنە ئەمنییەکان دەکات و دەڵێت، بەداخەوە هیچ لایەنێک بە شێوەیەکی جدی ئەرکی پاراستنی ژنانی نەگرتووەتە ئەستۆ، لە کۆمەڵگەدا ئەو ژنانەی خۆیان خاوەنی خەبات و داواکاریی ئازادین، زۆرجار خۆیان دەبنە پاڵپشتی و پارێزەری ژنانی دیکە، لە کاتێکدا دەسەڵاتە سیاسییەکان و حکومەتەکان هێشتا هەنگاوی پێویستیان بۆ دابینکردنی پاراستنی ڕاستەقینە و کاریگەر بۆ ژنان نەناوە.
“چارەسەری کێشەکانی ژنان پێویستی بە یەکدەنگی هەیە"
جەخت لەوە دەکاتەوە، کە چارەسەری کێشەکانی ژنان تەنها بە هەنگاوی تاکەکەسی بەدەست نایەت، بەڵکوو پێویستی بە یەکدەنگی و یەکگرتوویی هەموو ژنان هەیە، ژنان دەبێت بگەنە ئەو ئاستەی بە یەک دەنگ بڵێن نەخێر، پشتگیریی یەکتری بکەن و بازنەیەکی بەهێزی هاوبەشی دروەست بکەن، چونکە تەنها بە یەکگرتوویی دەتوانن دەنگیان بەرز بکەنەوە.
"هەردوو ڕۆژنامەنووسەکە تەنها بە ئەرکی پیشەیی خۆیان هەستابوون"
هاوکات کەژاڵ عەبدولقادر داکۆکیکاری مافەکانی ژنانیش دەڵێت، کاتێک تیرۆر ڕەنگی سیاسی وەردەگرێت مەترسی و نیگەرانییەکەی زیاتر دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا، هەردوو ڕۆژنامەنووسەکە تەنها بە ئەرکی پیشەیی خۆیان هەستابوون، بەڵام کاتێک کار و چالاکیی ڕۆژنامەوانی دەکرێتە بابەتێکی سیاسی، ئەمە دەبێتە مایەی نیگەرانی.
"ڕۆژنامەنووسان دەبنە ئامانجی ئەو لایەنەی نایەوێت ڕاستییەکان دەربخرێت"
ئەو ئاماژە بەوە دەکات، ڕۆژنامەنووسان چینێکی پێشەنگ و هۆشیاری کۆمەڵگەن، چونکە بە پشتبەستن بە زانیاری و خوێندن، هەوڵی دۆزینەوەی ڕاستییەکان دەدەن و پەیام و دەنگی کۆمەڵگە دەگەیەنن، لەبەر ئەوە، ڕۆژنامەنووسان دەتوانن ببنە ئامانجی ئەو لایەنەی نایەوێت ڕاستییەکان بخرێنە ڕوو، لە کوردستاندا ئامانجکردنی ژنان دوو لایەنی هەیە، یەکەم، هەوڵێکە بۆ ڕێگرتن لە پێشکەوتن و پێشەنگایەتیی ژنان، چونکە هەر کۆمەڵگەیەک ژنان تێیدا بەشدارییەکی پێشەنگیان هەبێت، بەرەو پێشچوون دەچێت، دووەمیش، هەوڵێکە بۆ دوورخستنەوەی ژنان لە بەشداریی سیاسی.
'تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان نیشانەی کەمتەرخەمی دەزگا ئەمنییەکانە"

کەژاڵ عەبدولقادر ڕەخنەی توند لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەگرێت و کەمتەرخەمیی دەزگا ئەمنییەکان بەرامبەر بە پاراستنی ڕۆژنامەنووسان بە پرسیارێکی جددی دادەنێت، پێیوایە، چۆن دەکرێت ژنێک کە تەنها بە ئەرکی ڕۆژنامەنووسی خۆی هەستاوە، بە ئاسانی ببێتە ئامانجی تیرۆر یان هێرشی درۆن؟، ئەو ڕووداوانە نیشانەی کەمتەرخەمییە و ئەگەر دەزگا ئەمنییەکان بە بەرپرسیارێتیی خۆیان هەڵنەستن، ئەو لایەنە دژ بە پێشکەوتن، مرۆڤایەتی و ئازادیی ڕۆژنامەنووسین.
"پێویستە دامەزراوە مەدەنییەکان داوای لێپرسینەوەی یاسایی بکەن"
کەژاڵ عەبدولقادر جەخت لەوە دەکاتەوە، پێویستە یاسایەکی تایبەت بۆ پاراستنی ڕۆژنامەنووسان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو تاوانە دابندرێت و یان ئەگەر یاسا و ڕێساکانی پێویست هەبن دەبێت بە شێوەیەکی جدی و کاریگەر جێبەجێ بکرێن.
س.خ
