دەستووری بنەڕەتیی تورکیا ساڵی ١٩٢١ کە ڕاستەوخۆ دوای هەڵوەشاندنەوەی عوسمانی ئامادە کرابوو، یەکەم و تاکە دەستووری بنەڕەتی بوو کە وەڵامی داواکارییەکانی خۆبەڕێوەبەریی کوردانی دەدایەوە و پێشبینی ئەوەی دەکرد کە پارێزگاکان لەسەر بنەمای بەڕێوەبردنی خۆجێیی بەڕێوەببرێن؛ کە ڕێبەر ئاپۆش لە دانوستانەکانی چارەسەریی دیموکراتیکییانەی پرسی کورددا بە بەردەوامی ئاماژە بەم دەستوورە دەکات، دەستووری بنەڕەتیی ١٩٢١ وەک دەستوورێکی نەرم و نا ناوەندگەرا لەناو دەستوورەکانی تورکیادا خاوەن شوێنێکی تایبەتە.
ئەم دەستوورە بنەڕەتییە لە هەلومەرجی جەنگی ڕزگاریی تورکیادا ئامادە کرابوو، واتە دەستووری بنەڕەتیی دامەزرێنەری کۆمار بوو، بەڵام ئێستا بەجۆرێک ڕەفتار دەکرێت کە گوایا ئەم دەستوورە هەر بوونی نەبووە، دوای جەنگی ڕزگاری، دەستووری بنەڕەتیی ساڵی ١٩٢٤ کە تایبەتمەندیی بەپێچەوانەی دەستووری ١٩٢١ـی هەبوو، هاووڵاتیبوونی لەسەر بنەمای "تورکبوون" دامەزراند، هەرخۆی دەستووری بنەڕەتیی ساڵی ١٩٢٤ کە ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان ڕێکدەخات، هەڵگری ناونیشانی "مافە گشتییەکانی تورکەکان"ـە، واتە ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان تەنیا هی تورکەکانن و ئەوانەی تورک نین خاوەنی هیچ مافێک نین.
بەرخۆدانەکانی شێخ سەعید، کۆچگری، ئاگری و دێرسیم کە دوای دامەزراندنی کۆمار سەریانهەڵدا، لە جەوهەریاندا بەرخۆدانی مێژوویی بوون کە دژی ئەم ڕەتکردنەوەیەی هەبوونی کورد بوون، بەڵام دەسەڵاتدارانی کۆمار بە ڕێکاری یاسایی و سەربازیی تایبەت و زۆر قورس وەڵامی ئەم بەرخۆدانانەیان دایەوە و یاساکانی قڕکردنیان زیاتر بەردەوام و بڵاوکردەوە.
یاسای "تەقریری سوکون" و دادگاكانی "ئیستقلال"
دژی ئەو کوردانەی لەژێر ڕێبەرایەتیی شێخ سەعیددا بەرخۆدانیان کرد، لە ٤ـی ئاداری ١٩٢٥ـدا یاسای "تەقریری سوکون (چەسپاندنی بێدەنگی)" دەرچوو و دوو دادگای ئیستقلال (دادگای سەربەخۆیی، کە بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکانی ئەتاتورک و دژی ڕاپەڕینەکانی کوردان دامەزرێندرابوون)، یەکێکیان لە ئەنقەرە و ئەوی دیکەیان لە ئامەد دامەزرێنران، سوپا ڕەوانەی سەر کوردان کرا، بە دەیان هەزار کورد کۆمەڵکووژ کران و ٤٧ کەس کە شێخ سەعیدیشیان تێدا بوو لەسێدارە دران، ڕێبەر ئاپۆش ئەم قۆناغەی وەک دەستپێکی "قڕکردنی کوردان" پێناسە کرد، لە چوارچێوەی ئەم یاسایەدا کە تا ساڵی ١٩٢٩ لە بواری جێەجێکردندا بوو، بە هەزاران کەس دادگایی کران، بە سەدان کەس لەسێدارە دران و بە هەزاران کەسیش دەستگیر کران.
یاساکانی نیشتەجێکردنی زۆرەملێی ساڵانی ١٩٣٢ و ١٩٣٤
لە ساڵی ١٩٣٢ـەوە، لە ڕێگەی یاساکانی نیشتەجێکردنی زۆرەملێوە، پیلانگەلی جدی بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستان بەڕێوەبران، لە سەرەتادا لە ساڵی ١٩٣٢ـدا، ڕاستەوخۆ دوای ڕاپەڕینی ئاگری، هەندێک ناوچەی کوردستان بە تەواوی چۆڵ کران و هاتوچۆی خەڵک قەدەغە کرا، بە یاسای نیشتەجێکردنی ژمارە ٢٥١٠ـی ساڵی ١٩٣٤ـیش، بەپێی تایبەتمەندییەکانی دانیشتووان، تورکیا دابەش کرا بۆ سێ ناوچەی سەرەکی، ئامانجی ئەم یاسایە ئەوە بوو کۆمەڵگەیەک کە بە زمانێک جگە لە تورکی قسە دەکە، واتە کوردا، بەرەو ڕۆژئاوای تورکیا پەرتەوازە بکرێن و بتوێنرێنەوە.
یاسای تونجەلی و کۆمەڵکووژیی دێرسیم
کۆمەڵکووژیی دێرسیم کە یەکێکە لە خوێناویترین قڕکردنەکانی مێژووی کوردستان، کە بەهەمان شێوە لەسەر بنەمای یاسایەکی تایبەت ئەنجام درا، کە "یاسای تونجەلی" بوو کە لە ساڵی ١٩٣٥ـدا دەرکرابوو، لە ساڵانی ١٩٣٧–١٩٣٨ـدا بە بڕیاری ئهنجوومهنی وهزیران لە دێرسیم ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەنجام درا، لە ئەنجامدا لە دێرسیم بە دەیان هەزار کەس کۆمەڵکووژ کران و بە دەیان هەزار کەسیش بەرەو شارە جیاوازەکان دەربەدەر کران، حەوت کەس وەک "پێشەنگەکانی ڕاپەڕین" کە سەید ڕەزا و کوڕەکەشی تێدابوو دادگایی کران و بڕیاری لەسێدارەدان بۆ هەموویان دەرچوو.
یاساکانی دەربەدەرکردن و تواندنەوە
لە ساڵی ١٩٤٠ـدا، لە ڕێگەی جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی "تەخسیساتی مەستورە (موازەی نهێنی) و یاسای نازناو"ـەوە، فەرمانەکانی گۆڕینی ناوی شوێن، گوند، شارۆچکە و چیایەکانی کوردستان بە ناوی تورکی زیادیان کرد، لە ساڵی ١٩٦٠ـدا (یاسای ٥٥ ئاغا) ٥٥ سەرۆک عەشیرەت و خاوەن زەویی کورد کە لە ناوچەکەدا کاریگەرییان هەبوو، بەرەو ڕۆژئاوای تورکیا دەربەدەر کران و دەست بەسەر ماڵ و موڵکیاندا گیرا، لە ساڵی ١٩٦١ـیشدا، بە مەبەستی فێربوونی تورکی و تواندنەوەی منداڵانی کورد، خوێندنگا ناوخۆییەکانی ناوچەکە لە شارەکانی کوردستان بە خێرایی کرانەوە.
کودەتای سەربازیی ١٢ـی ئەیلوول و دەستووری ١٩٨٢
لە ١٢ـی ئەیلوولی ١٩٨٠ـدا لە سەرجەم باکووری کوردستاندا باری نائاسایی سەربازیی ڕاگەیاندرا؛ لە زیندانەکان، خوێندنگاکان و شەقامەکاندا زمانی کوردی بە تەواوی قەدەغە کرا، دەستووری بنەڕەتیی ساڵی ١٩٨٢ بۆ تەواوکردنی پرۆسەی تواندنەوە بەسەر کورداندا ئامادە کرابوو، لە ماددەی ٥٤ـی دەستووردا بەم شێوەیە هاتبوو: "هەر کەسێک هاووڵاتیی دەوڵەتی تورک بێت، ئەوە تورکە." لە ١٩ـی تشرینی دووەمی ١٩٨٣ـدا، بەپێی "یاسای تایبەت بە بڵاوکراوەکان بە زمانێک جگە لە تورکی"، قسەکردن بە کوردی، گۆرانی وتن و وەشانگەریی بە تەواوی قەدەغە کرا.
هەر جۆرە چالاکییەکی کوردان وەک "تیرۆر" پێناسە کرا
باری نائاسایی سەربازیی کە دوای کودەتای ١٩٨٠ بۆ تەواوی تورکیا پەیڕەو دەکرا، لە ساڵی ١٩٨٧ـدا بە جۆرێک گۆڕدرا کە تەنیا بۆ کوردان جێبەجێ بکرێت، لەسەر زیادبوونی کاریگەری و چالاکییەکانی پەکەکە لە کوردستان، پارێزگاریی ناوچەی باری نائاسایی بە ناوەندێتیی ئامەد دامەزرێنرا، "یاسای تێکۆشان دژی تیرۆر" کە لە ساڵی ١٩٩١ـدا دەرچوو، بەرچاوترین شێوازی یاسای سزادانی دوژمنکارانە بوو کە بەسەر کورداندا سەپێنرا، هەر جۆرە چالاکییەکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریی کوردان لە چوارچێوەی ئەم یاسایەدا وەک "چالاکیی تیرۆریستی" پێناسە کرا.
ئامانج گەڕاندنەوەی کوردانە بۆ ناو یاسا
بە کورتی؛ مێژووی کۆماری تورکیا مێژوویەکە کە تێیدا کورد لە دەرەوەی یاسا هێڵدراوەتەوە و بەم شێوەیە وەک دوژمنی دەوڵەت و کۆمار بینراوە، ئێستا ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ و تەڤگەری ئازادی دەیانەوێت بیکەن، ڕاستکردنەوەی ئەم مێژووەیە و هەوڵدانە بۆ گەڕاندنەوەی کورد بۆ ناو یاسا، ڕێبەر ئاپۆ دەیەوێت گەلی کورد کە لە سەراسەری مێژووی ١٠٠ ساڵەی کۆماردا وەک "دژەیاسا"، "دوژمن" و "تیرۆریست" ناوزەد کراوە، بگۆڕێت بۆ بابەتی یاسایی، ڕێبەر ئاپۆ دەیەوێت لە دەستووری بنەڕەتیدا جێگەیەک بۆ کوردان بکاتەوە، لەبەر ئەمەش "یاسای چوارچێوە" کە ئێستا لە ڕۆژەڤدایە، وەک یەکەم یاسای بەشداربوونی کوردان لە یاسادا هەڵدەسەنگێنێت.
ڕێبەر ئاپۆ دەیەوێت یاسای دوژمنکارانەی ١٠٠ ساڵە بگۆڕێت
بێگومان تەنیا بە یاسایەک ئەستەمە کە تەواوی مێژووی کۆمار و یاسای قڕکردن کە بەسەر کورددا سەپێنراوە لە یەک کاتدا تێپەڕێنرێت، لەبەر ئەمەش ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت: "بەو یاسایە هەموو شتێک چارەسەر ناکرێت، بەڵام ڕێگەی هەزار کیلومەتریش بە هەنگاوێک دەست پێ دەکات" و یاساکە بە "یاسای بنەڕەت" پێناسە دەکات، دیسانەوە سەرنجمان ڕادەکێشێتە سەر یاساکانی دیموکراتیزەبوون کە دەبێت لە بەردەوامیی ئەم یاسایەدا دەربکرێن.
لە هەمووی گرنگتر، جەخت لەوە دەکاتەوە کە یاسا بە تەنیا بەس نابێت، گرنگترین توخم ئەوەیە کە ئەم هەنگاوە لەلایەن کۆمەڵگەوە بە دروستی لێی تێبگەن، واتە لە بەرفراوانکردن و پێشخستنی ئەم یاسایەدا کۆمەڵگەی دیموکراتیک بە بەرپڕسیار دەزانێت، ڕێبەر ئاپۆ بێگومان زۆر باش دەزانێت کە "یاسای چوارچێوە"ـی لە ڕووی ناوەرۆکەوە کەم و لاوازە و ناتوانێت پرسی کورد بە یەکجار چارەسەر بکات، بەڵام وەک هەنگاوی یەکەم واتایەکی مێژوویی پێ دەبەخشێت بۆ ئەوەی سیستەمی یاسایییەک کە ١٠٠ ساڵە کورد وەک دوژمن دەبینێت، دەستکاری بکرێت و بگۆڕدرێت.
کۆتایی
ب. جـ
