گەرمترین و گرنگترین بابەتی ڕۆژڤی تورکیا و باکووری کوردستان، "یاسای چوارچێوە"ـیە کە چاوەڕوان دەکرێت لە پەرلەمانەوە ببێتە یاسا، ئەم یاسایە ڕێبەر ئاپۆ بە "یاسای ڕەگ/بنەڕەت" ناوزەندی دەکات، وەک ئەوەشی کە چەمکەکانی "چوارچێوە و بنەڕەت" ڕوونن، ئەم یاسایە تەنها یاسایەکی کاروباری ڕۆژانە نییە، بەڵكو لە هەمان کاتدا خاوەن تایبەتمەندییەکی مێژووییە؛ دیسان لە ڕووی تایبەتمەندییەوە یاسایەکی یەکجار و کۆتایی نییە، بەڵکو یاسایەکی گشتگیرە و دەبێتە بناغە بۆ یاساکانی داهاتووی دیموکراتیکبوون.
ڕێبەر ئاپۆ ئەم یاسایە وەکو یاسایەکی دەستپێک هەڵدەسەنگێنێت کە چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا و بە واتا گشتییەکەشی بناغەی یاساییی بنەڕەتیی پڕۆسەی دیموکراتیزەبوونی تورکیا پێکدەهێنێت و دەبێتە سەرچاوە بۆ هەموو یاساکانی چاکسازیی و دیموکراتیکی دوای خۆی.
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی لە ڕاگەیاندراویدا لەسەر کۆتا دیداریان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ، ئاماژەی بە هەڵسەنگاندنەکەی ڕێبەر ئاپۆ کرد کە دەڵێت "ڕێگەی هەزار کیلومەتری بە هەنگاوێک دەست پێدەکات"؛ ئەمەش بەوەوە بەستراوەتەوە کە ئەم ڕێکخستنە یاساییە کۆتاییەک نییە، بەڵکو وەک هەنگاوی یەکەمی پرۆسەیەکی درێژخایەنی تێکۆشانی دیموکراتیکی دێت، ئەم پرۆسەی تێکۆشانە کە کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەبێتە بەردەنگی سەرەکیی، وردە وردە ئەو یاسایانە بەرەوپێش دەبات کە بۆ دیموکراتیزەکردنی تورکیا پێویستن.
لە بنەڕەتدا ڕێبەر ئاپۆش یاسای چوارچێوە کە بڕیارە دەربچێت، وەک "دەستپێکی پرۆسەیەکی دیموکراتیزەکردن کە بە هێندەی دامەزراندنی کۆمار گرنگە" پێناسەی دەکات و دەڵێت، ئەم یاسایەی بە ئیرادەی سیاسی دەردەچێت و بە ئیرادەی کۆمەڵگەی دیموکراتی گەشەی پێدەدرێت، بە تەواوی دەرگا لە بەردەم کۆماری دیموکراتیک دەخاتە سەرپشت، واتە لە بەردەمماندا تەنیا ڕەشنووسێک نییە کە لە چوارچێوەیەکی یاسایی تەنگدا هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت، بەڵکو "یاسایەکی کلیل"ـە کە ڕێگە لە بەرامبەر پرۆسەیەکی نوێی بونیادنانی دیموکراتیکدا دەکاتەوە.
گواستنەوە لە یاسای نێگەتیڤەوە بۆ یاسای پۆزەتیڤ
ڕێبەر ئاپۆ ئەو یاسایەی کە لە سەرانسەری مێژووی کۆماردا دژ بە کوردان (کە ئەندامی سەرەکی و دامەزرێنەری کۆمارن) پەیڕەو کراوە، لەناو چەمکی "یاسای نێگەتیڤ"ـدا هەڵدەسەنگێنێت؛ هەروەها ئەو یاسایەی کە بڕیارە دەربچێت وەک یاسای گواستنەوە بەرەو "یاسای پۆزەتیڤ" پێناسە دەکات.
بۆ ئەوەی هەم ئاماژەکانی ڕێبەر ئاپۆ بۆ یاسای چوارچێوە و هەم ئەو پێشهاتە ئەگەرییانەی کە ئەم یاسایە دەتوانێت ڕێگەیان بۆ بکاتەوە بە دروستی هەڵبسەنگێنین، پێویستە یاسای نێگەتیڤ و پەیڕەوکردنی "یاسای دوژمنکارانە" کە لە سەردەمی دامەزراندنی کۆماری تورکیاوە تا ئەمڕۆ دژ بە کوردان کراوە، بە کورتیش بێت بەبیری خۆمانی بهێنینەوە.
بەرخۆدانەکان بۆ داننان بە کورد لە یاساکاندا بوون
لە سەردەمی کۆتایی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و دامەزراندنی کۆماری تورکیا بەدواوە، ئەو یاسا تایبەت، بڕیارنامە، پیلانەکانی ڕامکردن (بەناو چاکسازی) و بڕیارە ئیدارییانەی کە سەبارەت بە کورد و وڵاتەکەیان دەرکراون، ئامانجیان سەپاندنی کۆنترۆڵی ئیداری، سەربازی و یاسایی بوو لەسەر کورد.
لە ڕووی ناوەرۆکەوە هەموو ئەم یاسا تایبەتانە دەکرێت لە چوارچێوەی چەمکی "یاسای دوژمن"ـدا وەک یاساکانی قڕکردنی کوردان پێناسە بکرێن، لە بنەڕەتدا ئەو پرۆسەیەی لە بەرخۆدانی شێخ سەعیدەوە دەستی پێکرد تا تێکۆشانی پەکەکە پەرەی سەند، دژ بەم یاسانەی قڕکردن بوون، هەروەها تێکۆشانەکە بۆ ئەوە بوو کە بوونی کورد بکەوێتە ژێر گەرەنتی و مسۆگەریی یاساییەوە، هەموو بەرخۆدانەکانی کوردان لە سەرانسەری مێژووی کۆماردا، لە ناوەرۆکی خۆیاندا بۆ داننان بە کورددا لە یاساکاندا بوون.
یاسای دووژمن کە لە سەرانسەری مێژووی کۆماردا پەیڕەو کراوە
گونتهەر جاکۆبس، یاساناسی سزادانی ئەڵمانی، بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٨٥ـدا چەمکی "یاسای سزادانی دوژمن"ـی بەکارهێنا، تێزی بنەڕەتیی جاکۆبس ئەوەیە: دەوڵەت ناتوانێت لەبەرامبەر هاوڵاتییانی خۆی و لەبەرامبەر دوژمنانیدا هەمان یاسا جێبەجێ بکات!
لەم تیۆرییەدا "دوژمن"، لە چوارچێوەی یاسای پۆزەتیڤدا نییە، بەڵكو دوژمن، لە پرەنسیپ و بە شێوەیەکی چالاکانە دژی سیستەمی یاسایە، بەپێی ئەم پێناسەیە، بەرپرسیارێتییەکانی دەوڵەت لە بەرامبەر هاوڵاتییانیدا لەناو دەچن؛ دەوڵەت ئیتر هاوڵاتییانی خۆی وەک نەیار و دوژمن دەبینێت و شەڕیان لە دژ بەرپادەکات، کوردانیش لە دامەزراندنی کۆمارەوە تا ئێستا لە پێناسەی "هاوڵاتی" دەرهێنراون و وەک "دوژمن" بینراون، بەم هۆیەوە، مێژووی ١٠٠ ساڵەی کۆماری تورکیا لە چوارچێوەی یاسای دوژمندا بە بەردەوامی یاسای دژ بە کوردان بەرهەم هێناوە.
لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا تا سەرەتای سەدەی ١٩ـیەمدا، میرنشینە کوردییەکانی کوردستان خاوەنی پێگەیەکی تایبەت (سەنجاقی ئەکراد) بوون، ئەو سیاستە ناوەندییگەرایانەی بە مەحموودی دووەم دەستیان پێکرد، ئەم پێگەیەیان هەڵوەشاندەوە و بڕیارە ئیدارییە تایبەتەکان کەوتنە گەڕ.
یاسای عوسمانی، لەو سەردەمەی بەهێز بوو میرنشینە کوردییەکانی لەناو سیستەمەکەدا دەگونجاند و ئۆتۆنۆمی (دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری) پێدەدان (یاسای پۆزەتیڤ)؛ بەڵام لە سەردەمی نوێبوونەوە و لاوازبوونیدا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم پێکهاتانە، سیاستەکانی ناوەندییگەرایی، هەڵوەشاندنەوەی میرنشینەکان و کۆچپێکردنی زۆرەملێیان (یاسای نێگەتیڤ) خستە ناو پەیڕەو و یاساکانییەوە، ئەگەر بە کورتی ئەو یاسایانەی دژ بە هەبوونی کورد کە لە سەردەمی کۆتایی عوسمانییەوە تا مێژووی کۆمار درێژ دەبنەوە بەبیر خۆمانیان بهێنینەوە:
- دوای شکستی ڕاپەڕینەکانی بەدرخان بەگ و نوروڵا بەگ لە ساڵی ١٨٤٧ـدا، بە مەبەستی بەهێزکردنی ئیدارەی ناوەندی، "ناوچەی کوردستان" کە ئامەد، وان، موش، جۆلەمێرگ، جزیرەی بۆتان و مێردینی لەخۆدەگرت دامەزرا، ئەم ناوە بە پەیڕەوی ناوچەکان (ئەیالەتەکان) لە ساڵی ١٨٦٧ هەڵوەشێنرایەوە و ناوچەکە کرایە چەند پارێزگایەک.
- بە پەیڕەوی پارێزگاکانی ساڵی ١٨٦٤ و ١٨٦٧، بە وەرگرتنی نموونەی مۆدێلی ئیداریی فەرەنسی، لە سیستەمی ناوچە (ئەیالەت)ـەوە گوازرایەوە بۆ سیستەمی شار و پارێزگا، بەم پەیڕەوانە پێکهاتە ئیدارییە ئۆتۆنۆمەکان و ئەنجوومەنی عەشیرەتەکانی ناوچەکە بە تەواوی هەڵوەشێنرانەوە و پارێزگاری ناوەندی دامەزرێنران.
- لە چوارچێوەی بڕیارە ئیدارییەکانی حکومەتی ئیتحاد و تەرەقیدا، لە ساڵی ١٩١٣ـدا بڕیارەکانی "تەشکیلاتی مەخسووسە" و سیاسەتی نیشتەجێکردن دەرکران، ئەمەش بە مەبەستی تێکدانی پێکهاتەی نشینگەی کوردستان و دابینکردنی ئاسایشی ستراتیژی، ڕێنمایی و بڕیاری نهێنی لەبارەی نیشتەجێکردنی عەشیرەتە کوردییەکان لە ڕۆژئاوای تورکیا جێبەجێ کران.
لە بەشی دووەمی دۆسییەکەماندا، سەرنج دەخەینە سەر پرۆسەی دامەزراندنی کۆماری تورکیا و ئەو سیستەمە یاساییە ١٠٠ ساڵەییەی کە کوردانی وەک "دوژمن" بینیوە و یاسای دوژمنی بەسەردا سەپاندوون.
ب. جـ
