عەلی زەیدی، سەرۆکی وەزیرانی عێراق سەرلەنوێ پابەندبوونی حکومەتەکەی بە کۆتاییهێنان بە دیاردەی چەکی دەرەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت دووپاتکردەوە و جەختیشی کردەوە، سەرجەم هێزە سیاسییەکان بە تەواوی ڕێککەوتوون لەسەر بەردەوامبوون لەسەر ڕێکخستنى چەک لە دەستی دەوڵەتدا، کارکردن لەسەر میکانیزمەکانی ڕادەستکردنەوەی چەک و کۆتاییهێنانی بەو دیاردەیە بە تەواوەتی بەردەوامە.

شاکر تەمیمی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنى بەدر دەڵێت: کۆنترۆڵی چەک دۆسییەیەکی قورسە و پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی ورد هەیە، هەروەها بە دووری نەزانی کە درێژکردنەوەی مۆڵەتەکە زۆر چاوەڕوانکراو بێت بەهۆی ئاڵۆزییەکانی دۆسییەکەوە و نەگەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی سەبارەت بە میکانیزمەکانی جێبەجێکردن.

تەمیمی بەدیهێنانی پێشکەوتن لە دۆسییەی چەکدا دەبەستێتەوە بە دەنگدان لەسەر یاسای حەشدی شەعبی، چونکە ڕادەستکردنی چەک پێش پەسەندکردنی یاساکە ڕوونادات، ئەوەش وادەکات یەکلاکردنەوەی دۆسییەکە پێش کۆتایی ئەیلوول گرێدراوی ڕێککەوتنە سیاسییەکان بێت.

زەیدی پێشتر ئاشکرای کردبوو، کە دیالۆگی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەو گرووپانەی ڕادەستکردنی چەک ڕەتدەکەنەوە و ناڕاستەوخۆ لەگەڵ لایەنەکانی تر ئەنجام دراوە، زۆربەی لایەنە پەیوەندیدارەکان قەناعەتیان بە ڕادەستکردنی چەک هێناوە، ناکۆکییە تەنها لەسەر میکانیزمی جێبەجێکردن چڕبووەتەوە.

هەروەها ڕێڕەوی پڕۆسەکەی لە سێ هەنگاودا دیاریکرد، لە ڕاگەیاندنی کۆتاییهێنانی چالاکی سەربازیی گرووپەکەوە دەستپێدەکات، پاشان ڕادەستکردنی چەکەکانیان بە حکومەت، تا دەگاتە هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندییان و توانای جوڵەی ئەندامەکانیان بە شێوەیەکی سەربەخۆ.

حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەت ڕوونی کردەوە،٣٠ـى ئەیلوول بریتییە لە وادەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، نەک بە پێویستی وادەی کۆتایی بێت بۆ کۆنترۆڵی چەکی گرووپەکان، لەگەڵ بەردەوامی نیگەرانی و ناکۆکییەکان سەبارەت بە میکانیزمەکانی جێبەجێکردن، دیالۆگەکان پێشکەوتنیان بەدەستهێناوە.

لیژنەیەکی سیاسی کە لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە پێکهێنراوە و پێکهاتووە لە هادی عامری سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر، و محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکی هاوپەیمانی بونیادنان و گەشەپێدان، نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، ئەم لیژنەیە ئەرکی لێکتێگەیشتن لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان لەسەر میکانیزمی دەستبەرداربوون لە چەک و دەستەبەرکردنە داواکراوەکانی لەئەستۆدایە.

ئەم جووڵانە هاوكاتە لەگەڵ گەیشتنی ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە دەستپێکردنی هەنگاوی کردەیی لەلایەن هەندێک لە گرووپەکانەوە بۆ ڕادەستکردنی ئەو چەکانەی لە بەردەستیاندا بوون، لە بەرامبەردا هەندێک گرووپی تر بەردەوامن لە دەستگرتن بە چەکەکانیانەوە و دەستبەرداربوونی دەبەستنەوە بە کۆمەڵێک مەرجەوە، کە دیارترینیان تەواوبوونی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و تورکیا و یەکلاکردنەوەی دۆسییە یاسایی و ئەمنییەکانی پەیوەست بە ئەندامەکانیانە.

دوێنێ عەلی فالح زەیدی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە، حکومەت بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی یاسای حەشدی شەعبی بۆ پەسەندکردنی، عێراق ئەمڕۆ شایەتی قۆناغی ئاوەدانکردنەوەیە لە دوای بەجێگەیاندنی پێداویستییەکانی پڕۆسەی بەرگریکردن لە سەروەرییەکەی.

هـ.ئ