لەم چوارچێوەیەشدا داوا دەکرێت تا عێراق گەرەنتی ئاسایشی پێکهاتەی ئێزدی نەکات، بێچەککردن قبوڵ ناکەن و گونجاوترین چارەسەریش ئەوەیە کە ئەو هێزانە بە شێوەیەکی دیموکراتیک لە سیستەمدا ئینتگراسیۆن بکرێن و دان بە خۆپاراستنیاندا بنرێت.
لە سەرانسەری عێراقدا پرسی ڕێکخستنەوەی چەک لەلایەن دەوڵەت بووەتە یەکێک لە ڕۆژەڤە سەرەکییەکانی لایەنە سیاسی و سەربازییەکان، بەڵام ئەم بڕیارە بۆ پێکهاتە، کۆمەڵگا، ئایین و بیروباوەڕە قەدیمەکان، لە نێویاندا کۆمەڵگەی ئێزدی نیگەرانی قووڵی ئەمنی لەگەڵ خۆیدا هێناوە.
سەبارەت بەو بابەتەش ڕیهام حەسەن وتەبێژی کۆردیناسیۆنی تاژێ ڕایگەیاند، لە جینۆسادی ساڵی ٢٠١٤دا هێرشێک کرایە سەر کۆمەڵگای ئێزدیمان بەبێ جیاوازی لە تەمەن و ڕەگەزدا، پێش هێرشکردنە سەر هێزە سەربازییەکان پێکهاتە و ژنان و منداڵان کرانە ئامانج، لەو کاتەدا بە چاوی خۆمان بینیمان کە هێزە ئەمنییەکان دەستبەرداری خەڵکی ناوچەکە بوون و کشانەوە، چونکە ئەوکاتە بڕیار و ئیرادەمان لە دەستی خۆماندا نەبوون، بە فەرمانێک ئەو هێزانەی چ سەر بە حکومەتی عێراق بوون و چ سەر بە پەدەکە بوون کشانەوە، لەوکاتەشدا دوژمن دەرفەتی بۆ ڕەخسا و ئێمەش بە چاوی خۆمان ئەم واقیعەمان بینی.

وتیشی: لە دوای ئەو هەموو جینۆسایدە پیرۆزترین شت بۆ گەلەکەمان خۆپاراستن بوو، گەل گرنگییەکی زۆر بەمە دەدات، لەو دۆخە سەختەدا ئیمە لە نێوان بوون و لەونابردندا بووین، تا ئەمڕۆش ئەو هێرش و فشارانە لەسەر بوونی ئێمە بەردەوامن بەهۆی ئایین و باوەڕمانەوە، کاتێک هێرشێک ڕوودەدات ڕاستەوخۆ ناسنامە و کۆمەڵگەی ئێزدی دەکەنە ئامانج.
ڕیهام حەسەن باسی لەوەشکرد، وەک دەزانرێت ئێستا هێرشێکی گەورە لەسەر هێزەکانیان وەک ئاسایشی ئێزدخان، یەبەشە و یەژەشە هەیە، کاتێک باس لە دۆسیەی شنگال دەکرێت، ئەم هێزانە بە "هێزی نایاسایی" ناودەبرێن، بەڵام بە بۆچوونی ئەمە گەورەترین شەرعیەت ئەوەیە کە مرۆڤ نوێنەرایەتی گەلەکەی خۆی بکات و بتوانێت بیانپارێزێت.
هەروەها وتەبێژی کۆردیناسیۆنی تاژێ حکومەتی عێراق دەیەوێت دۆسیەی شنگال تاوتوێی بکات و ڕادەستی ئەو هێزانەی بکات کە هۆکاری ئەو جینۆسایدە بوون، ئەو هێزانەی کە دادگایی نەکراون.
وتەبێژی کۆردیناسیۆنی تاژێ ڕاشیگەیاند، داواکارییەکانی پێکهاتەکەیان ساڵانێکە هەمان شتە و تەنها مافە ڕەواکانی خۆیان دەوێت، لەعێراقدا باس لە سیستمی دەستوری و دیموکراتیک دەکرێت، بەڵام لە پراکتیکدا هیچ شتێک نییە، ئەو کەسانەی کە ٧٤ جینۆسایدیان بیینیوە، مافی هاوڵاتیبوونیان نییە وەکو پێکهاتەکانی دیەکی عێراق نابینرێن، وەکو پێکهاتەی ئێزدی ڕێگە نادەین بڕیار لەسەر دۆسیەی شنگال بەو شێوەیە بە ئاسانی بدرێت، داوا لە هەموو ئێزدییەکان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات دەکەین پشتگیری ئەم هەڵمەتە بکەن، ئینتگراسیۆنی دیموکراتیک لەنێوان ئێمە و حکومەتی عێراقدا پێویستە، بەمەرجێک ئیرادە و ناسنامەمان قبوڵ بکرێت.

شیلان موحسین ئەندامی ئاسایشی ژنانی ئێزدخان وتی: بوونی ئاسایشی ژنانی ئێزدخان و یەبەشە و یەژەشە لەناو کۆمەڵگەی ئێزدیدا زۆر گرنگە بۆ ئەوەی ڕێگریکردن لە کۆمەڵکوژییەکی نوێ بکرێت، ئەگەر ئەم هێزە نەبێت، جینۆساید و هێرشی نوێ بۆ سەر کۆمەڵگاکەمان ئەنجام دەدرێت، بۆیە پێویستە خۆمان لە ڕووی پەروەردەوە زیاتر زانا بکەین بۆ ئەوەی بتوانین ڕێگری لەم کۆمەڵکوژیانە بگرین.
هەر سەبارەت بە هەمان بابەت، بەرجاس خەڵەف ئەندامی کۆلەکتفی ڕێکخراوی ئێزدی ڕایگەیاند، هەر ڕۆژە و کەسێک لێدوانێک دەدات و کۆمەڵکوژیەکەمان بە ڕەوا دەزانێت، لەم دۆخەدا پێمان دەڵێن "چەکەکانمان ڕادەست بکەین"، ئەمە زۆر قورسە و بە تەواوی قبوڵ ناکرێت، ئەگەر حکومەت بتوانێت گەرەنتی ئاسایش و سەقامگیری ئەم هەرێمە و ئێزدیەکان بکات، تاکو ڕووداوەکانی ڕابردوو دووبارە نەبنەوە، ئێمەش ڕێز لەم شتە دەگرین بەڵام ئەگەر ئەم گەرەنتییە دابین نەکرێت، دانانی چەک زۆر قورسە بۆ گەلەکەمان و ئێمە هیچ ئاسایشێک لەمەدا نابینین.

وتیشی: داواکاری ئێمە ئەوەیە کە کۆمەڵگای ئێزدی لە چیای شنگال و دەوروبەری بپارێزرێت، کاتێک دۆخەکە باشتر بوو و سەقامگیرییەکی تەواو بەدیهات، ئەوا ئێمەش وەک هەر گەلێکی دیکە دەتوانین بەشداری بڕیارەکانی دەوڵەت بکەین، بەڵام بەبێ ئامادەبوونی هێزەکانمان، کە لە گەنجەکانمان پێکهاتوون، هیچ گەرەنتییەک نییە.
بـ. قـ
