یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە ئێکس، ڕایگەیاند، کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، وڵاتەکەی بەرەو سەرکێشییەکی مەترسیدار لە سووریا دەبات.

کاتس جەختیکردەوە کە تەلئەڤیڤ بە هیچ شێوازێک ڕێگە بە هیچ قەوارەیەک نادات هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتەکەی بکات.

بەڵام لەلای خۆیەوە، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی ئاکسیۆسی ئەمریکی بوونی سەرباز یان بنکەی سوپای تورکیای لە سووریا ڕەتکردەوە.

شەیبانی ڕایگەیاندووە، سەربازانی تورکیا تەنها لە چوارچێوەی ڕاهێنان و هاوکاریی سەربازیدا سەردانی شوێنەکەیان کردووە؛ بنکەکە تا ڕادەیەکی زۆر خاڵی بووە و تەنها بۆ دووبارە بەکارهێنانی لەلایەن هێزی ئاسمانیی سووریاوە کاری نۆژەنکردنەوەی تێدا دەکرێت.

ئەم لێدوانانەی ئیسرائیل لە کاتێکدایە، ڕۆژی سێشەمەی ڕابردوو، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشێکیان کردە سەر فڕۆکەخانەیەکی سەربازیی ئەبو زوهوور لە سنووری پارێزگای ئیدلبی سووریا، کە بەشێک لە سوپای تورکیای تێدا جێگیرکراوە.

 

ئــ.ع