ناوەندی هەواڵەکان

لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا کە ئاژانسی فەرمیی ئیرنا بڵاوی کردەوە، ئەبو فەزڵ شکارچی، وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران، ڕایگەیاند، ئەمریکییەکان هەرگیز ناتوانن دەست لە بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز وەربدەن، ئەگەر دەستێوەردان بکەن، ڕووبەڕووی لێدان و زەبرێکی توندمان دەبنەوە.

ناوبراو هێمای بۆ ئەوەش کرد، کە هیچ کەشتییەک ناتوانێت لەو ناوچەیەدا ئارام بێت ئەگەر بەو ڕێڕەوەدا تێپەڕ نەبێت کە تاران دیارییکردووە.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، شکارچی ڕەتیکردەوە، کە وڵاتەکەی دەستدرێژیی کردبێتە سەر سەروەریی وڵاتانی دراوسێ و جەختیکردەوە، کە وەڵامەکانی تاران تەنیا بەرژەوەندی و ناوەندەکانی ئەمریکای لە ناوچەکەدا کردووەتە ئامانج.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران باسی لە پەرەسەندنی توانا سەربازییەکانی وڵاتەکەی کرد و ڕایگەیاند، هێزەکانیان لە هەموو کاتێک بەهێزترن و تاران ئەمجارە وەڵامێکی سەرسوڕهێنەری  بۆ دوژمن دەبێت و بە بەکارهێنانی تەکنیکە سەربازییە نوێیەکان، وەڵامی هەر دەستدرێژییەکی نوێی دوژمنان دەدەنەوە.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە، کە بە هەمان شێوە ئەمریکاش هەڕەشە لە ئێران دەکات، هەردوولاش لە ڕێگەی نێوەندگیرانەوە لە دانووستاندان و تا ئێستا ناکۆکییەکان لەسەر ڕێککەوتنی گشتیی بەردەوامە.

ئـ.ع