لە میانەی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی "دیالۆگی هەشتەمی بەغداد"دا، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، تیشکی خستە سەر دۆخی ئێستای وڵات و هەنگاوەکانی حکومەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان .

سەرۆکوەزیران سەرەڕای داننان بەوەی وڵات بە قۆناغێکی سەختدا تێپەڕ دەبێت، ڕایگەیاند، حکومەت چەندین پلانی زانستی و نەخشەڕێگەی بۆ چالاککردنەوەی دەروازە سنوورییەکان و چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکان ئامادە کردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد،  پڕۆژە بودجەی داهاتوو بە زوویی ڕەوانە دەکرێت و دەبێتە نەخشەڕێگەیەک بۆ داهاتووی ئابووریی وڵات، بە جۆرێک گرنگییەکی تایبەت بە کەرتی کارەبا (بەرهەمهێنان، گواستنەوە و دابەشکردن) و بەکارهێنانی وزەی خۆر دەدات.

سەبارەت بە ئەنجامدانی چاکسازی لە بەکاربردنی سووتەمەنیی ناوخۆدا بە مۆدێلێکی نوێی ئابووری، زەیدی دووپاتیکردەوە، عیراق  توانیوویەتی بڕی ١٧.٨ تریلیۆن دینار وفرەی دارایی لە ماوەی ساڵێکدا دابین بکات.

سەرۆک وەزیران وتیشی:  سەرەڕای ئاستەنگە گەورەکانی وەکو داخستنی گەرووی هورمز و قەیرانە جیهانی و ناوچەییەکان، حکومەت توانیویەتی ڕێوشوێنی پێویست بگرێتە بەر بۆ پاراستنی سەقامگیریی ئابووری، مووچەی فەرمانبەران دابین بکات و ڕێگەی جێگرەوە بۆ هەناردەکردنی نەوت بدۆزێتەوە.

سەبارەت بەرێکخستنەوەی چەکی دەستی گرووپەکان، ناوبراو ڕایگەیاند؛  کۆدەنگییەکی تەواو لەنێوان سەرجەم هێزە سیاسییەکاندا هەیە بۆ خستنەژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەتەوە بۆ چەک و کاریش بۆ داڕشتنی میکانیزمی گونجاو دەکرێت بۆ کۆتاییهێنان بەو دۆخە.

هاوکات عەلی زەیدی دووپاتیشیکردەوە،  هیچ نییەتێک یان ئەگەری پێکدادانی سەربازی بوونی نییە و حکومەت جەخت لەوە دەکاتەوە کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادات هیچ لایەنێک ئارامی و سەقامگیریی وڵات تێکبدات.

ئــ.ع