ئەمڕۆ، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی ئاشکرای کرد، کە عەلی زەیدی، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی فراوانی وەزارەتی نەوتی کردووە و لە ڕاگەیەندراوێکیشدا زانیاری سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە خستەڕوو.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا داڕشتەی پلان و ستراتیژەکانی وەزارەت، لەگەڵ میکانیزمەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ لێکەوتەکانی قەیرانی گەرووی هورمز و پێشنیازەکان، بۆ دەستەبەرکردنی بەردەوامیی هەناردەکردنی نەوتی عێراق و زیادکردنی تواناکانی هەناردەکردن پێداچوونەوەیان بۆ کرا.

وتیشی: لە کۆبوونەوەکەدا تاووتوێی واقیعی کەرتی نەوت و ئاستەکانی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن کرا، بەهۆی ئەو بارودۆخە نائاساییەی ناوچەکە بەخۆیەوەی بینیوە و بووەتە هۆی  دابەزینی بەرچاوی هەناردەکردنی نەوتی عێراق،

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران جەختی لە گرنگیی پەلەکردن لە دۆزینەوەی چارەسەری کرداری کردەوە، لە ڕێگەی نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی بۆڕییەکانی گواستنەوەی نەوت، ئیمزاکردنی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان بۆ بە بازاڕکردن و فروشتی نەوتی عێراق، بڕیاریشیدا کارکردنی کۆمپانیا نەوتییەکان بە شێوەی ٢٤ کاتژمێری بێت، بە شێوەیەک کە بەردەوامیی پرۆسەکانی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن و بەرزکردنەوەی ئاستەکانیان دەستەبەر بکات.

هەروەها لە کۆبوونەوەکە زەیدی رایگەیاندووە، ئەم بارودۆخەی ئێستا بقۆزرێتەوە و قەیرانەکە بکرێتە دەرفەتێک بۆ سەرکەوتن، لە ڕێگەی گەشەپێدانی ژێرخانی نەوتی و فراوانکردنی دەروازەکانی هەناردەکردن، وتووشێتی، پێویستە وەزارەتی نەوت هەنگاوی خێرا بنێت، بۆ چارەسەکردنی دۆخەکە.

هەر لە کۆبوونەوەکە، زەیدی وتوویەتی: چارەسەر و ئەنجامم دەوێت و بیانوو قبوڵ ناکەم، دەمەوێت هەفتەی داهاتوو ئەنجامەکان ببینم، ئەمڕۆ هەر بەرمیلێک نەوت کە نەفرۆشرێت، بە مانای دواکەوتنی مووچە یان خزمەتگوزارییە گشتیەکان دێت، یان زیان بە خەزێنەی دەوڵەت دێت.

س. ع