ئەمڕۆ حەوت زانکۆی ئێران دژی دەرکردن و جێبەجێیکردنی سزای لە سێدارەدان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەلایەن ڕژێمەوە ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، سزای لەسێدارەدان ئیدارەی دادپەروەری نییە، ئەوە کوشتنی بە ئەنقەستی مرۆڤێکە کە حکومەت بە پشتبەستن بە یاسا ڕەوایەتی پێی دەدات، بۆیە دژایەتیکردنی لەسێدارەدان تەنها دژایەتیکردنی سزایەک نییە، لەکاتێکدا ئەم لەسێدارەدانە تۆڵەی دڕندەیی ڕژێمە لە کۆمەڵگەی گەلانی ئێران، هەموو لەسێدارەدانێکی سیاسی تۆڵەسەندنەوەی مێژووی شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکان و دژە دەسەڵاتخوازییەکانە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم لەسێدارەدانانەی ئەمڕۆ بەڕێوەدەچێت درێژەپێدەری سەرکوتکارییەکانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەیی گەلانی ئێرانە، کە هیچ پچڕانێک لە نێوان سەرکوتی شەقام و زیندان و دارستانەکاندا نییە، ئەمانە پەیوەندی جیاوازن لە زنجیرەیەکدا کە ئامانجی شکاندنی کۆمەڵگایەکە کە ئازادی و دادپەروەری و کەرامەتی مرۆڤی دەوێت .
باس لەوەشکراوە، حکومەتێک کە توانای نوێنەرایەتیکردنی کۆمەڵگەی نەبێت، بۆ ئەوەی بتوانێت بژی پەنا بۆ "سیاسەتی مەرگ" دەبات، لە سێدارەدان لە ئێراندا بەشێکە لە میکانیزمێکی هەمیشەیی حوکمڕانی بۆ تیرۆرکردنی ملیۆنان کەس، بەڵام ئەم سیاسەتەی مەرگ نەیتوانیووە دەنگی کۆمەڵگە بێدەنگ بکات و ئەمڕۆش دەنگی بەرزی ئەم بەرەنگارییە زیاتر لە جاران دەبیسترێت.
جەختیان لەوە کردووەتەوە، حکومەت دەزانێت دژایەتیکردنی لەسێدارەدان هێرشێکە بۆ سەر بناغەکانی دەسەڵاتەکەی، بە تەواوی لە میدیا پڕوپاگەندەییەکانی خۆیەوە هەوڵدەدات نەیارانی بە "لایەنگری تاوانباران"، "هاوبەشی تیرۆریستان"، یان "دژە ئاسایش" ناوزەد بکات و هەر پشتیوانییەک بە هەڕەشەی دادوەری و ئەمنی سەرکوت بکات .
حەوت زانکۆکەی ئێران لە ڕاگەیاندراوەکەدا دووپاتی دەکەنەوە، بەرگری لە مافی ژیان بە دانەبڕاو لە خەبات بۆ ئازادی و یەکسانی و دیموکراسی دەزانن، داوا لە هەموو خوێندکاران و ئەکادیمی و سەندیکا و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و مامۆستایان و کرێکاران و خانەنشینان و نووسەران و هونەرمەندان و هەموو ئەوانەی باوەڕیان بە ئازادی و شکۆی مرۆڤ هەیە لە بەرامبەر ئەم سیاسەتەی مەرگدا بێدەنگ نەبن، هەر حوکمێکی لەسێدارەدان کە بێ وەڵام بمێنێتەوە، ڕێگا بۆ لەسێدارەدانی دیکە خۆش دەکات و هەر دەنگێک کە لە دژی بەرز دەکرێتەوە هەنگاوێکە بەرەو شکاندنی لۆژیکی مردن و بەرگریکردن لە ژیان .
هەروەها ئەم ڕاگەیاندراوە لەلایەن خوێندکارانی حەوت زانکۆی ئێران واژۆ کراوە بریتین لر، زانکۆی زەهرا، زانکۆی بەهەشتی، زانکۆی تاران، زانکۆی خاجە ناسر،زانکۆی شیراز، زانکۆی ئەڵلامە تەباتبایی، زانکۆی زانست و تەکنەلۆجیا.
س.خ
