ئەمرۆ، لیوا ئوسامە جەمیل فەتلاوی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، سەبارەت بە لێسەندنەوەی مافی نیشتەجێبوون لە کەسانی بیانی لە عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، مەفرەزەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەردەوامن لە جێبەجێکردنی هەڵمەتی پشکنینی بەرفراوان، لە مانگی کانوونی دووەمی ڕابردووەوە هەتا مانگی ئابی ئەمساڵ، ١٦ هەزار و ١٨٢ کەس لە خاکی عێراق دوورخراونەتەوە.
وتیشی: هەر لەو ماوەیەدا هەڵمەتە ئەمنییەکان بوونەتە هۆی دەستگیرکردنی ١٢ هەزار و ٥٠٢ سەرپێچیکار، هەوڵەکان بۆ ڕێکخستنی بازاڕی کار و سەپاندنی سەروەریی یاسا بەردەوامن.
هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران وتیشی: داوا لە خاوەنکار و هاوردەکارانی کرێکارانی بیانی دەکەم، پەیوەست بن بە یاسای نیشتەجێبوون و ڕێکارە یاساییەکان و وادە دیاریکراوەکان ڕەچاو بکەن، بۆ ئەوەی لە لێپرسینەوەی یاسایی بەدوور بن.
س. ع
