سەرەڕای پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، هەروەها بڕیاری حکومەتی عێراق بۆ چوونە دەرەوەی هێز و سوپا سەربازیی و چەکدارە بیانییەکان لەناو خاکی عێراق، بەڵام دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ناوچەکانی بادینان بەردەوامن لە داگیرکاری و تاڵانکاری، لەو چوارچێوەیەشدا بەشێک لە هاووڵاتییانی ئەو گوندانە بۆ ڕۆژ نیوز دووان، بەڵام بەهۆی ترسیان لە هێزە ئەمنییەکانی سنوورەکە ئامادە نەبوون ناو و وێنەیان بڵاو بکرێتەوە، چونکە پێشتر هەڕەشەیان لێکراوە.
تایبەت بەو داگیرکارییانە یەکێک لە گوندنشینانی گوندە خاپوورکراوەکانی سنووری ئامێدیی بە ناوی ( س. نهێلی) بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند کە ئێمە خاکمان لێ داگیر کراوە، ماڵەکانمان بە بۆردوومانی فڕۆکە و تۆپەکانی تورکیا وێران کراون، ئەوەی ناوی گەڕانەوەیان لێ ناوە، تەنها گاڵتەجاڕییە، بە مەرجی سەربازیی توند ڕێگامان پێ دەدەن بۆ چەند کاتژمێرێک بچینە سەر باخەکانمان، ئایا ئەوە ئازادییە؟ ئێمە لە خاکی باوباپیرانماندا بووینەتە میوان لەژێر چاودێرییەکی چڕدا.
دەشڵێت: کاتێک دەچینەوە گوندەکەمان، ئاسەواری تاڵانکردنی کەلوپەلەکان و بۆردوومانی ماڵەکانمان دەبینین، ئەمە نیشانەی ئاشتی نییە، ئەمە تێکدانی ژیانە، کاتێک دەبینین سەربازانی تورک لەناو ماڵەکانماندا چای دەخۆن و کەلوپەلەکانمان تاڵان دەکەن، چۆن هەست بە ئارامی بکەین؟ ئەوان نەک هەر خاکیان داگیر کردووە، بەڵکو هەوڵی شکاندنی شکۆ و کەرامەتی ئێمەش دەدەن، ئێمە لە ماڵی خۆماندا بووینەتە نامۆ، چونکە هێزێک هاتووە نەک هەر خاکەکەمان، بەڵکو یادگارییەکانیشمان دەسڕێتەوە.
دانیشتوانی ئەو گوندانەی کە لە لایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە داگیرکراون ڕەخنە لە دەسەڵاتدارانی هەرێم و حکومەتی خۆجێیی ئەو سنوورە دەگرن، (ش. ب) چالاکوانێکی مەدەنیه لە سنووری بادینان بە ڕۆژ نیوزی ڕاگەیاند: ئەوەی لە بادینان ڕوودەدات، تەنها داگیرکاری تورکیا نییە، بەڵکو بێباکی و شەریکایەتیی دەسەڵاتی هەرێمە، بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرکردایەتییەکەی، ئەوان لەبەر بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی خۆیان، بێدەنگن لە ئاست سڕینەوەی ناسنامەی کورد لە بادینان.
ئاماژەی بەوەشدا، لە کاتێکدا گوندەکانمان دەسووتێنرێن و خاکەکەمان داگیر کراوە، بەرپرسانی پەدەکە سەرقاڵی گرێبەستن لەگەڵ داگیرکەر، ئەم بێدەنگییە مانای ڕەزامەندییە لەسەر لەناوبردنی ژیان لەم ناوچەیە، ئەوان نەک هەر هێزی پێشمەرگە بۆ پاراستنی گوندەکان نانێرن، بەڵکو بە بێدەنگیی خۆیان ڕێگەیان بۆ درووستکردنی دەیان بنکەی سەربازیی تورکیا خۆش کردووە، مێژوو ئەم بێدەنگییە بە خیانەت تۆمار دەکات.
ئەو چالاکوانە وتیشی: پارتی و سەرکردایەتییەکەی بەو بێدەنگییەیان، نەک هەر تەنها ڕێگەیان بۆ داگیرکاری خۆش کردووە، بەڵکو بوونەتە پاسەوانی ئەو تاوانانەی کە ڕۆژانە دژ بە خەڵکی بادینان ئەنجام دەدرێن، ئەوان دەبێت وەڵامدەری مێژوو بن، چونکە ئەرکی سەرەکییان پاراستنی خاک و خەڵکی کوردستان بوو، نەک ڕادەستکردنی بە داگیرکەر.
لە کۆتایشدا ئەو چالاکوانە وتی: ئەو وێرانکارییەی لە بناری گارە و ناوچەکانی دیکە دەبینرێت، دەیسەلمێنێت کە تورکیا نایەوێت کێشەکە بە ڕێگەی سیاسی چارەسەر بکات. بەردەوامی پێدان بە سوتاندنی ڕەز و باخەکان، تاڵانکردن و بڕینەوەی دارە تەمەن ١٠٠ ساڵەکان و گواستنەوەیان بۆ تورکیا، بەشێکە لەو پلانە فراوانەی کە مەبەست لێی بێزارکردنی خەڵکە تا بڕیاری کۆچی هەتاهەتایی بدەن.
وتیشی: دارستانەکان بە تانک و بلدۆزەر تێکدەدرێن و کانییەکان بەهۆی تەقینەوەکانەوە وشک دەبن، بێدەنگیی ناوەندە سیاسییەکان لە هەولێر، ئەو متمانەیەی بە تورکیا بەخشیوە کە داگیرکارییەکەی بەردەوام بکات، گوندنشینانی بادینان لەنێوان مەرگی ژینگە و لەدەستدانی خاک و بێباکی دەسەڵاتدا، بوونەتە قوربانیی یارییەکی گەورەتر کە تێیدا ئاشتی تەنها درووشمێکە بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی، لە کاتێکدا داگیرکارییەکە بست بە بستی خاکی بادینانی گرتووەتەوە و ڕۆژ بە ڕۆژیش فراوانتر دەبێت.
نەخشەی وێرانکاری و دابەشبوونی جوگرافی
بەپێی بەدواداچوونی مەیدانی و بە سود وەرگرتن لە داتا و زانیارییەکانی گوندنشینانی ئەو سنوورە بە ڕۆژ نیوزیان داوە، ئاماری وێرانکاری و چۆڵبوونی گوندەکانی سنووری پارێزگای دهۆک دەخاتە ڕوو، کە بەپێی شارۆچکە و شارەدێکان بەم شێوەیە دابەش دەبێت.
شارۆچکەی ئامێدی
لە کۆی ٣١٠ گوند لە سنووری شارۆچکەی ئامێدی، زیاتر لە ٢٤٠ گوند لە شارەدێکانی دێرەلۆک، شێلادزێ، کانی ماسی و بامەڕنێ چۆڵ کراون و دانیشتووانەکەیان ناچار بوون بەرەو سەنتەری شارۆچکەکان کۆچ بکەن و ماڵ و حاڵیانیان بەجێ بهێڵن.
ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ
لە شارەدێکانی باتیفا، بێگۆڤا و دەرکارێ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ٩٠ گوند بەهۆی داگیرکارییەوە لە ئاوەدانی و ژیان کەوتوون و بوونەتە ناوچەی قەدەغەکراو.
شارۆچکەی ئاکرێ
لە دەشتی نەهلە و شارەدێی دینارتەی سەر بە شارۆچکەی ئاکرێ، نزیکەی ٦٠ گوند بەهۆی بۆردوومان و داگیرکارییەکانی تورکیاوە دانیشتوانەکانی ناچار بە جێهێشتن کراون و سەرجەمییان لەژێر داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیادان
شارۆچکەی شێخان
لە سنووری شارەدێی ئەتروش لە شارۆچکەی شێخان زیاتر لە ١٠ گوند کراون بە ناوچەی قەدەغە کراو و لە دانیشتوانە ڕەسەنەکەی داماڵراون، ڕێگە نادرێت بە هیچ جۆرێک گوند نشینان بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.
ئەم ژمارانە تەنها ئامارێکی ئاسایی نین، بەڵکو ئاماری داگیرکارییەکی سیستماتیک و ترسناکن لەناو قوڵایی خاکی باشووری کوردستان، هاوکات سڕینەوەی ژیان و ئاوەدانی و ناسنامەی کوردبوونی سەدان گوندە، کە ڕۆژانێک کۆڵەکەی ئابووری و خۆراک و بەرهەمی شار و قەڵغانی پاراستنی کوێستان و چیا و ناوجە سنوورییەکانی باشووری کوردستان بوون.
ئەمەش لە کاتێکدایە لەگەڵ "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ـی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، گەریلاکانی ئازادی بڕیاری ئاگربەستیاندا و دوواتر لە کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکەدا بڕیاری کۆتایهاتنی تێکۆشانی چەکداریی درا و کار و خەبات و چالاکییەکانیان لەژێر ناوی پەکەکەدا ڕاگرت، بەڵام وەک دەبینرێت دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێشتا وەک قۆناغی پێش ئاشتی و سەردەمی شەڕ مامەلە دەکات و درێژە بە سیاسەتی داگیرکاریی دەدات.
ئ.پ
