زیاتر لە چوار هەزار کەسایەتی دیاری سیاسیی، مامۆستای زانکۆ، پارێزەر و دادوەر، نووسەر و هونەرمەند، سەرۆکی ڕێکخراوەکان و کۆمەڵە ناحکومییەکان، پزیشک و کارمەندانی تەندرووستی، بازرگانان و چالاکوانان لە ٦٢ وڵاتی جیهان لە بەیاننامەیەکدا دژی سزای لەسێدارەدانی ژنێکی زیندانیی سیاسیی بەناوی ئەرخەوان فەلاحی ناڕەزایەتییان دەربڕیووە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، نابێت کەس لەسەر دەربڕینی بۆچوونێکی سیاسیی ڕەخنەگرانە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا بسەپێندرێت، سزای لەسێدارەدان جێگەی قبوڵکردن نییە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر ئەم تاوانە بێدەنگ نەبن و داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی هەموو زیندانیانیی سیاسیی و ئازادکردنیان دەکەین.
ئاماژە بەوەشکراوە، واز لە کوشتنی هاووڵاتییانی بێتاوان بهێنن، سزای لەسێدارەدان کوشتنێکە کە دەوڵەت ڕەوایەتی پێی دەدات، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان کوشتنی بەکۆمەڵ لە دەرەوەی دادگا بەبێ دادگاییکردنی دادپەروەرانە تاوانی سیستماتیکی دژ بە مرۆڤایەتی پێکدەهێنێت، حکومەتی ئێران لە خۆپیشاندەران دەترسێت کە داوای دادپەروەری دەکەن.
باس لەوەشکراوە، داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی ئەندام و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ دەکەین دەستبەجێ هەنگاو بنێن بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی ئەرخەوان فەلاحی و زیندانیانی سیاسی دیکە کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە.
لە بەیاننامەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو، بانگەوازی بۆ هەموو مرۆڤایەتی دەکەین کە بەشێوەیەکی بەرفراوان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دژی تاوانەکانی ڕژێمی ئێراندا دەست بە گردبوونەوە بکەن بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین.
هەروەها بەشێک لە کەسایەتی واژۆکەرانی بەیاننامەکە بریتین لە وڵاتانی، فەرەنسا، ئینگلتەرا، ئەمریکا، بەلجیکا، ئیتاڵیا، کەنەدا، سویسرا، سوید، هۆڵەندا، ئەڵمانیاوە، ئوسترالیا، عێراق، سووریا، نەیجیریا، هیندستان، ئوردن، لوبنان، میسر، کوێت، یەمەن، سعوودیە، تونس، مەغریب، سەنیگال، باشووری ئەفریقا، بەرازیل، ئەرجەنتین، مەکسیک، پیرۆ، ئۆرۆگوای، نیوزلەندا، مۆریس، سەنگافورە، تایلەند وچین.
س.خ
